سەرەکی » زانست » بازاڕی سەعاتی دەستیی بەرەو كزی دەچێت

با لەبری سەعات رێز لە كات بگرین

بازاڕی سەعاتی دەستیی بەرەو كزی دەچێت

نووسینگەی كەركوك، هێمن ئەحمەد

تەكنۆلۆژیای سەردەم رۆژبەرۆژ شتی تازە و مۆدێرن بەرهەم دەهێنێت، ئەو تەكنۆلۆژیایە بەچەندین شێوە پێداویستیەكانت بەرجەستە دەكات و ئاسانكاریت بۆ دەكات، هەر بۆیە لە ئامێری مۆبایل دا چەندین شتی تێدا دانراوە وەكو سەعات و رۆژژمێرو حاسیبە و…هتد. كەرۆژانە بەكاری دەهێنین لە رێگەی مۆبایلەكەی دەستمانەوە كەچی دی پێویست ناكات لە جیاتی چەندەها ئامێر مرۆڤ تەنها مۆبایلەكەی بەكار دەهێنێت هەڵگرتن‌و بەكارهێنانی ئاسان‌و سووكە، تەنانەت وای لە فەرمانبەرانی دام ‌و دەزگاكان كردووە بۆ بەكار هێنانی رۆژژمێرو حاسبیە پشت بە مۆبایلەكانیان ببەستن.

مۆبایل شوێنی هەمووی گرتۆتەوە
هاووڵاتی هیوا ئەحمەد، دانیشتووی شاری كەركوكە، بۆ كەشتی نوح دەڵێت: پێشتر بەبێ‌ سەعات نەمدەتوانی لە ماڵەوە بچمە دەرەوە، بەڵام ئێستا مۆبایلەكەم سەعات و رۆژژمێرو ئەو شتانەی تێدایە، بۆیە زۆر ئاساییە كە سەعات لە دەست نەكەم.

ئەو هاووڵاتی یە پێی وایە مۆبایل شوێنی زۆر شتی بۆ گرتووەتەوە و ئەركەكانی سووك تر كردووە، ئەو وتی: من لە رێی مۆبایلەكەمەوە كاتەكان دەزانم، ئاگاداری هەواڵی دونیام، هەروەها ئیمەیڵەكانیشم هەر لە مۆبایلەكەمدا دەكەمەوە، واتە مۆبایلەكەم هەم سەعات و هەم كۆمپیوتەر و هەم حاسیبە و هەم ساڵنامەشە.

ئەو هاووڵاتیە بەردەوام بوو لە قسەكانی و ئەوەی روونكردەوە كە مرۆڤ لەم سەردەمەدا ژیانێكی بەپەلەی هەیە و كەرەستەیەكی كەم بەكار دەبات.

پرسیار لە خەڵك دەكەن
هونەر محەمەد، گەنجێكی دیكەیە و بەبێ‌ لە دەست كردنی سەعات ناتوانێت بۆ هیچ شوێنێك بڕوات، وتی: دووسەد مۆبایلیش هەبێت من هەر سەعاتی خۆم لە دەست دەكەم، چونكە بەبێ‌ سەعات ئیدارە ناكەم، كەسی وادەناسم پێش ئەوەی مۆبایل هەبێت بەردەوام بەدوای سەعاتی جوان و بەنرخدا دەگەڕا، بەڵام ئێستا ئەو خووەی بە مۆبایلی جوان و مواسەفات داوە و وازی لە سەعات لە دەستكردن هێناوە.

باسی لەوەشكرد كەپێی عەیبە پرسیاری سەعات لە كەس بكات و بەردەوام مۆبایلەكەی لە گیرفانی دەربهێنێت و سەیری سەعاتەكەی بكات، ئەو وتی: سەعاتەكە لە دەست دەكەم زووتریش دەزانم سەعات چەندە، هەندێك كەس مۆبایلیشیان پێیە و پرسیاری سەعات لە خەڵك دەكەن، چونكە تاقەتیان نییە مۆبایلەكانیان لە گیرفانیان دەربهێنن.

رێز لە كات بگرین
خاتوو شاناز ئەحمەد، كچێكی شارەكەیە و پێی وایە سەعات لە ناو مۆبایل و لە دەستیشدا بێت وەكو یەك وایە، ئەو وتی: گرنگ نییە سەعات لە دەست بكەم یان لە مۆبایلەكەمدا بێت، گرنگ ئەوەیە رێزی كات بگرین و بەفیڕۆی نەدەین، من بۆ خۆم سەعات لەدەست ناكەم تاكو مۆبایلم پێ‌ بێت، لەبەر ئەوەی بە زیادە مەسرەفی دەزانم.

ئەو كچە لە قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا كە هاوڕیكانیشی سەعات لە دەست ناكەن، بەڵام لەبری ئەو سەعاتە، زنجیرێك یاخود شتێكی دەستكرد لە دەست دەكەن.

زیادە مەسروف ناكەن
تاریق جەمال، دوكاندارە سەبارەت بەسەعاتی دەستی پیاوان و ئافرەتان بە كەشتی نوحی راگەیاند: سەعاتی دەستی بازاڕی كەمترە لە چاو سەعاتی دیوار، پێشتر سەعاتی دەستی بەردەوام بازاڕی پڕ فرۆشتر بوو وەك لە سەعاتی قەد دیوار، بەڵام ئێستا بە هۆی ئەو ئامێرە تازانەی كە خراونەتە بازاڕەوە هاووڵاتیان كەمتر سەعاتی دەستی بەكار دەهێنن و دەیكڕن، چونكە مۆبایل و كۆمپیوتەر و تەنانەت ناو ئۆتۆمبێلەكانیش سەعاتیان تێدایە، بۆیە خەڵك كەمتر تاقەتی لە دەست كردنی سەعاتی دەبێت.

وتیشی؛ ئەوان سەعاتی ماركەیان هەیە نرخەكەی لە 50 دۆلارەوە بەرەوسەرووترە، كە ئەمەش وا لە خەڵک دەكات بەزیادە مەسرەفی بزانێت.

ئەو دوكاندارە بەردەوام بوو لە قسەكانی و ئاماژەی بۆ كزی بازاڕ كرد و وتی: ئێمە بازاڕی فرۆشتنمان كزبووە، ئیشەكەشمان وەكو جاران نەماوە، بۆیە زۆر نیگەرانین لەوەی كە خەڵك ئێستا بەدوای شتی هەرزان ‌و خراپدا دەگەڕێت، شتی ئێستا هەمووی چینییە و بۆ ماوەیەكی كەم دروست كراوە، بەڵام شتی باش ‌و ماركە بۆ ماوەیەكی زۆر دەمێنێتەوە.

 247 جار بینراوە