سەرەکی » راپۆرت » کریستین لاگارد

پڕۆفایل

کریستین لاگارد

ئامادەکردنی: ئاڤان جەلال

رۆڵی ژنان لە بوارە جیاوازەکاندا ئێستا لە سەرانسەری جیهاندا، رۆڵێکی کارا و کاریگەرە، بە جۆرێک زۆرێک لە پۆستە سیاسیی و سیادی و گرنگەکانی وڵاتان لەلایەن ژنانەوە بەڕێوە دەبرێن، هەر ئەمەشە وایکردووە ساڵانە لیستێکی دروودرێژی ژنانمان بەرچاو بکەوێت کە بە بەهێزترین ژنانی ساڵ هەژمار دەکرێن لە بواری جیاواز جیاوازدا.

کریستین لاگارد یەکێکە لەو ژنانەی کە ئێستا یەکێک لە گرنگترین پۆستە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوە دەبات، ساڵی 2011 لاگارد، لەلایەن بڵاوکراوەی فوربس وەک یەکێک لە بەهێزترین ژنانی جیهان ناوی هاتووە و لە پلەی نۆیەمدایە.

کەواتە با سەرێک لە ژیان و بەسەرهاتی کۆمەڵایەتی و سیاسی کریستین لاگارد بدەین.

ئەو لەگەڵ دەستبەکاربوونی لە پۆستەکەیدا، رووبەڕووی لێکەوتەکانی قەیرانی دارایی جیهان بووەوە، وەک قەیرانی قەرزی ناوچەی یۆرۆ و ناکۆکی بازرگانی نێودەوڵەتی. لاگارد دوای وەرگرتنی ئەو پۆستە رایگەیاند دەبێت سەرمایەدارەکان بۆ کەمبوونەوەی نابەرامبەری باجی زیاتر بدەن.

کریستین لاگارد، لە ساڵی 1956 لە فەرەنسا لە دایک و باوکێکی خوێندەوار لە دایک دەبێت، ئەو سەرەتا ئارەزووی مەلەوانی هەبوو، بەڵام دواجار سەری کێشا بۆ بواری سیاسەت و تا گەیشتن بە یەکێک لە بەرزترین پۆستە باڵاکان.

لاگارد لە ساڵی 2007 لە لایەن نیکۆلا سارکۆزی سەرۆکی فەرەنسا، وەک وەزیری دارایی دیاری دەکرێت، پێشوتریش وەک وەزیری کشتوکاڵ و ماسیگری هەڵبژێردرا بوو. لاگارد یەکەمین وەزیری ئابوورییە لە وڵاتانی جی 8. هاوکات یەکەمین ژنە کە پۆستی سەرۆکی سندووقی نێودەوڵەتی دراوی لە ساڵی 2011 لە دوای دەستلەکارکێشانەوەی دومینیک ستوس لە تەمەنی 55 ساڵیدا وەرگرتووە، سارکۆزی هەڵبژاردنی لاگاردی بۆ ئەو پۆستە گرنگە بە سەرکەوتن بۆ فەرەنسا زانیووە، لاگارد یەکێکە لە ئەندامانی حزبی بەیەکەوەبوونی بزووتنەوەی هاووڵاتی لە فەرەنسا.

لاگارد یەکێکە لە پەیڕەوکارانی مەزهەبی کاتۆلیک و دوو جار ژیانی هاوسەری پێکهێناوە، بەڵام لە هەردووکیان جیابۆتەوە، ئێستا ئەو خاوەنی دوو کوڕە بە ناوی پیر هانری لاگارد و تۆماس لاگارد. ئەو ئارەزووییەکی زۆری بۆ مەلەوانی، باخەوانی و تێنس هەیە.

یەکێک لەو مشتومڕانەی لە ماوەی سەرۆکایەتی سندووقی نێودەوڵەتی لاگارد هاتە پێشەوە، بانگهێشتی ئەو بوو بۆ دادگا لە ساڵی 2013دا بە مەبەستی روونکردنەوە لەسەر پێدانی بڕە پارەیەکی زۆر بە یەکێک لە سەرمایەدارەکانی فەرەنسا.

لاگارد لە ساڵی 2019، وازی لە سەرۆکی سندووقی نێودەوڵەتی هێنا و ئێستا سەرپەرشتی بانکی ناوەندی ئەوروپایە.

 599 جار بینراوە