سەرەکی » راپۆرت » 19 ملیۆن دۆلار لە نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێردا خەرجكراوە

19 ملیۆن دۆلار لە نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێردا خەرجكراوە

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد

دوای ئەوەی لە ساڵی 2007 پارێزگاری هەولێر گرێبەستێكی لەگەڵ رێكخراوی یونسكۆی سەر بە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر ئیمزاكرد، تائێستا كاری نۆژەنكردنەوەكە بەردەوامە بەوتەی سەرۆكی كۆمسیۆنی نۆژەنكردنەوەی قەڵاكە تا ئێستا ٪15 كارەكانی نۆژەنكردنەوەی قەڵاو خانووەكانی تەواو بووە.

نیهاد لەتیف قۆجە سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند، لە سەرەتای دروستبوونی قەیرانی دارایی و دوای دروستبوونی جەنگی دژی داعش پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر وەكو هەموو پڕۆژەكانی تر بەهۆی نەبوونی پارە زۆربەی كارەكانی وەستێنرا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی ئەو بڕە پارە كەمەی پارێزگای هەولێر بۆ قەڵا تەرخانی كردبوو كاری بچوك بچوك بۆ نۆژەنكردنەوەی ئەنجام دەدرا بۆ پاراستنی ئەو شوێنانەی لە قەڵاكە دا مابوون، چونكە رێكخراوی یونسكۆ مەرجێكی داناوە كە ساڵانە دەبێت نزیكەی 550 تا 600 هەزار دۆلار بۆ پاراستنی ئەو شتانە خەرج بكرێت لە قەڵاكە دا هەن کە حكومەتی هەرێم دابینی دەكات، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی ئەو بڕە پارەیەش بەبڕێكی كەمتر بۆمان خەرجكراوە.

بەشێک لە کارەکانی ژێرخانی قەڵا تەواو بووە
لە ماوەی رابردوو دا یونسكۆ هەندێك پارەی بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵا خەرجکردووە هەروەها سەرمایەدارێکی شارەکەش بڕی دوو ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکردووە كە ماوەی ساڵێكە كاری پێدەكرێت و توانراوە ژێرخانی قەڵا كە بریتیە لە دانانی هێڵی كارەبا، ئینتەرنێت، بۆری ئاو، كێبڵ و كارەبا بەشێوەی دفن دابنێن، هەروەها تانكی ئاوی قەڵای پێ گۆڕدراوە کە تەمەنی نزیكەی 60 تا 70 ساڵ دەبێت و ئاوی بازاڕی قەیسەری دابین دەكات هەروەها خانوویەکی ناو قەڵای پێ نۆژەنکراوەتەوە، كونسوڵخانەی ئەمریكاش لە بەغدا بڕی 860 هەزار دۆلاری بۆ قەڵا تەرخانكردووە كە بینای سەنتەرێكی زانیاری وەكو مۆزەخانەیەكی بچووك بۆ منداڵان لەسەر قەڵا پێ تەواوکراوە.

ئێستا خەریكی بەرد رێژکردنی زەوی قەڵان و سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر وتی، ئەگەر گرفت نەیەتە پێشیان ئەمساڵ تەواوی دەكەن هەروەها كاری روناكی و گڵۆپیش تەواو دەكەن.

بەهۆی ئەوەی قەڵا كۆڵانەكانی زۆر تەسكەو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر ناتوانێت بچێتە ناو هەموو كۆڵانەكان، بۆیە دەبێت بە عەرەبانەی دەستی شتەكانی بۆ بگوازرێتەوە هەر لەبەر ئەوەش كاری نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر ناكرێت بەخێرایی تەواو بكرێت.

ئێستا دەستکراوە بە بەنۆژەنكردنەوەی گەرماوی قەڵا و لەپلاندایە دوای تەواو بوونی نۆژەنكردنەوەی قەڵا بە تەکنیکێکی تازە دووبارە بەكار بخرێتەوە.

بەر لەدوو ساڵ بڕی پێنج ملیۆن و 500 هەزار دۆلار لەلایەن یەكێتی ئەوروپا لە رێگای رێكخراوی یونسكۆ بۆ قەڵای هەولێر تەرخانكرا كە بەهۆیەوە چەند خانوویەكیان نۆژەنكردنەوە كە كێشەی ئەو بڕە پارەیە ئەوەیە دەبێت بڕێكی زۆر لە بەكاربردنی كرێكار خەرج بكرێت كە ٪20 كرێكاری پەنابەر بێت، تائێستاش نزیكەی ٪20 ی خانووەكانی قەڵا نۆژەنكراوەتەوە کە نزیکەی 50 خانوو دەکات ئەو خانوانەشی بۆ نۆژەنكردنەوە دیاریكراوە نزیكەی 250 تا 300 خانوون ك لە كۆندا قەڵا نزیكەی 630 تا 640 خانوو بووە، بەڵام لە ساڵانی هەشتاكاندا ئەو ژمارەیە كەمبۆتەوە بەهۆی پشتگوێخستنیان لە نۆژەنكردنەوەیان لە لایەكی تر بەهۆی شاڵاوی حكومەتی بەعس بۆ سەر گوندەكان و هاتنی دانیشتوانی گوندەكان بۆ ناو قەڵا كە خانوویەكی زیاتر لەناوچوون.

نۆژەنکردنەوەکە 20 ساڵی پێویستە
لە كاتی گرێبەستی نۆژەنكردنەوەی قەڵا و ماستەرپلانەكەیدا ماوەی 10 ساڵیان بۆ دانا و نیهاد لەتیف دەڵێت، نۆژەنکردنەوەکە 20 ساڵی پێویستە، چونكە شوێنی شوێنەواری كۆن بەردەوام پێویستی بەچاككردنەوەیە.

وتیشی، لەسەر قەڵاكە بینای خوێندنگا دروست ناكرێت، بەڵام پڕۆژەیەكیان هەیە وەكو پێكەوە ژیانی ئاینی بۆ ئەوەی ئەو ئاینانەی كە لە هەولێر و قەڵاكەیدا هەبوون هەر یەكەو لەسەر شێوازو كەلتوری خۆی دروستی بكەن و بە خەڵكی نیشان بدەن، بەڵام هەر بیناو خانوویەك لە قەڵا لەناو چووبێت بەهۆی نەبوونی نەخشەی كۆن دروستی ناكەینەوە ئێستاش كاری لەپێشینەمان ئەوەیە ئەو خانووانەی لەسەر لێواری قەڵاكە روخاوە بیپارێزین.

سەبارەت بە نەڕوخاندنی پارچەیەك لە دیوارەكەی دەرگای نزیك بازاڕی قەیسەری قەڵاكە كە بەشێوەی شارستانیەتی بابلی دروستكرابوو، نیهاد لەتیف وتی، یەك لەو شتانەی كە لە بڕگەكانی پاراستنی قەڵای هەولێر لەلایەن یونسكۆوە مەرجدار كراوە ئەوەیە دەبێت بە درێژایی مێژوو ئەو گۆڕانكاریانەی بەسەر قەڵاكەدا هاتووە نابێت ون بكرێت بۆیە كە دەرگا كۆنەكەمان دروستكرد وتیان با ئەو بەشەی دیواری بابلیەكە بمێنێتەوە بۆ ئەوەی خەڵكی بزانن گۆڕانكاریەكان چیبوون.

وتیشی، لەناو قەڵای هەولێر تائێستا پارچە شوێنەوارێكی وا نەدۆزراوەتەوە، چونكە خۆی وەك گردێكی شوێنەواریە، بەڵام قەڵا سێ چوار گۆڕستانی بچووكی تێدایە بۆ نموونە بنەماڵەی ئەسعەدیەكان گۆڕستانێكی بچووكیان هەیە هەروەها چەند گۆڕێكی پیاوچاكەكانی زەمانی كۆنی وەك (حەبیبی نەجار) تێدایە.

روونیشیكردەوە، بەرنامەیەك دانراوە لە ئایندە دا 40 تا 50 خێزان لە قەڵای هەولێر نیشتەجێ دەكرێن كە بەنیازیشن دوای تەواوبوونی نۆژەنكردنەوەی شەقامە سەرەكیەكە، چەند كافتریاو ریستۆرانێك بكەنەوە بۆ ئەوەی خەڵكی گەشتیار بێنە ئێرە لە قەڵا بحەسێنەوە لەداهاتووشدا تانكیە گەورەكەی قەڵا هەڵدەگیرێت.

تائێستا شوێنەواری پەرستگای عەشتار نەدۆزراوەتەوە
سەبارەت بەشوێنی پەرستگای عەشتار كە دەوترێت لەژێر زەوی قەڵاكەیە نیهاد قۆجە وتی، تائێستا شوێنەواری ئەو پەرستگایە نەدۆزراوەتەوە كە بەگوێرەی كتێبەكانی مێژوو ئەو پەرستگایە لە ناوەڕاستی قەڵاكەیە پێشتر بەر لە هەڵگیرساندنی جەنگ و دوای جەنگیش لەوێ مەراسیمی نوێژو خێركردنی تێداكراوە، بەڵام تائێستا پشكنینی بۆ نەكراوە، چونكە بەهۆی جەنگی داعش پسپۆڕە بیانیەكان بۆ وڵاتەكانی خۆیان گەڕانەوە، بەڵام لەسەر قەڵا چەند شوێنێك دیاریكراوە كە لە داهاتوودا پشكنینی شوێنەواری بۆ بكرێت.

باسی لەوەشكرد، چەند دوكانێكیان لەناو قەڵا دروستكردووە بۆ نمایشكردن و فرۆشتنی كاری دەستی و شتە كەلەپوریەكانی كوردستان كە باس لە پێكەوەژیان دەكات، سەبارەت بەقەدی قەڵاكەش ئێستا بەخۆل داپۆشراوە وتی، ئەویش بەپێی ئەو ماستەر پلانەی كە دانراوە پرۆژەیەكی گەورەی هەیە كە سەوزكردنیەتی لەوانەیە تێچووەكەی تا شەش ملیۆن دۆلار بڕوات چینێكی كەمی خۆڵەكەی خۆی هەڵدەگیرێت و بەڕێگای ئاوی دڵۆپە ئاودێر بكرێت لەوانەیە بە روەكێك دابپۆشرێت كە لە 10 سانتیمەتر زیاتر بەرز نەبێت، بەڵام دیواری خوارەوەی قەڵاكە وەكو خۆی دەمێنێتەوە.

سەرۆكی كۆمسیۆنەكە ئەوەشی نەشاردەوە، تائێستا نزیكەی ٪30 خاوەنە دێرینەكانی خانووەكانی قەڵای هەولێر قەرەبووی خانووەكانیان لە حكومەت وەرنەگرتووە ئەویش بەهۆی ئەوەی نەوەی خاوەن خانووەكان ژمارەیان زۆر بووەو بڕی ئەو پارەیەی کە دەریاندەکەوێت زۆر كەمە، بۆیە زۆربەیان داوای ناكەن تائێستاش بڕی نزیكەی 19 ملیۆن دۆلار لەنۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر دا خەرجكراوە.

 354 جار بینراوە