سەرەکی » ئاراستە » سه‌ركرده‌یه‌ك له‌ باڵه‌كایه‌تییه‌وه‌

سه‌ركرده‌یه‌ك له‌ باڵه‌كایه‌تییه‌وه‌

كورته‌ی ژیاننامه‌كه‌ی

شه‌هیدی سه‌ركرده‌ حه‌سه‌ن كوێستانی، ساڵی 1950 له‌دایكبووه‌، ساڵی 1972 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه‌.
له‌دوای نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلول له‌ساڵی 1975دا، لێپرسراوێتی كۆمیته‌ی راپه‌ڕینی كۆمه‌ڵه‌ی پێده‌سپێردرێت، ساڵی 1979 ده‌بێت به‌ پێشمه‌رگه‌.
له‌ ئه‌یلولی هه‌مان ساڵ ده‌بێت به‌لێپرسراوی كۆمیته‌ی ئازادی، له‌ 1980 بۆته‌ رێبه‌ری سیاسیی هه‌رێمی حه‌وت، پاشان بۆته‌ فه‌رمانده‌ی هه‌رێمی 12 و دواتریش كه‌ هه‌رێمه‌كه‌ بوو به‌تیپی 12ی سۆران، هه‌ر كوێستانی فه‌رمانده‌ی بوو، له‌ 2/8/1983 كرا به‌لێپرسراوی سه‌ربازی مه‌ڵبه‌ندی 3ی هه‌ولێر.
ساڵی 1984 بوو به‌ئه‌ندامی جێگری ئیحتیات له‌كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵه‌و پاشان ئه‌ندامی ده‌زگای رێكخستنی كۆڕه‌ك، له‌ 18/8/1985یش بوو به‌ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان و مانگێك دوای ئه‌وه‌ش ئه‌ركی لێپرسراوێتی مه‌ڵبه‌ندی سێی پێسپێردرا.
ساڵی 1990 بوو به‌ئه‌ندامی كۆمیته‌ی كارگێڕی (ی.ن.ك)و به‌شداری داڕشتنی نه‌خشه‌و به‌رنامه‌ی راپه‌ڕینی ئاداری 1991ی كردووه‌.
كه‌ راپه‌ڕینیش شكستی هێنا، لێپرسراوو سه‌ركرده‌ی راسته‌وخۆی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هێزی دوژمن بووه‌، به‌تایبه‌ت له‌هه‌ردوو شه‌ڕه‌ گه‌وره‌كه‌ی كۆڕێ له‌ 7/4/ و 11/4/1991.
له‌یه‌كه‌م كۆنگره‌ی گشتیی ی.ن.ك ساڵی 1992 به‌ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌و پاشان بوو به‌ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان و هه‌ر له‌ساڵی 1992دا بووه‌ به‌لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی چواری بادینان.
له‌مانگی 11ی1993 چووه‌ بۆ ئه‌ڵمانیاو وه‌ك نوێنه‌ری (ی.ن.ك) به‌شداری كۆنفرانسی پارتی سه‌وزی ئه‌ڵمانی كردووه‌.
له‌كاتێكدا شه‌ڕی ناوخۆ هه‌ڵگیرسا زۆر هه‌وڵیدا ئه‌و ئاگره‌ی ناوماڵی كوردی بكوژێنێته‌وه‌، به‌ڵام دواجار بووه‌ قوربانی گه‌یاندنی په‌یامی ئاشتی و له‌ 17/5/1994 له‌گه‌ڵ یوسف ئیبراهیم گه‌ڵاڵه‌یی ئامۆزای و خوله‌ی برای و هه‌ریه‌ك له‌هاوسه‌نگه‌ره‌كانی (سه‌ید خدر و محه‌مه‌د و خدر حه‌مه‌د و مینه‌ ئه‌حمه‌د) شه‌هید كران.

سه‌ركرده‌یه‌ك چه‌ند به‌ زه‌حمه‌ت درووست ده‌بێ، چه‌ند به‌ دژواری له‌ كۆڕی خه‌باتا پێده‌گا ‌و ده‌بێته‌ سه‌رمایه‌ بۆ حزبه‌كه‌ی ‌و بزوتنه‌وه‌كه‌ی ‌و سه‌ره‌نجام بۆ گه‌له‌كه‌ی، ده‌فته‌ری تێكۆشانی حه‌سه‌ن كوێستانی وایه‌، وه‌ك ئه‌و وه‌سفه‌ وایه‌ یان ئه‌و وه‌سفه‌ بۆ ئه‌و وایه‌.

به‌رده‌وام له‌ داستانی ململانێی كوردایه‌تیدا، له‌ هه‌مبه‌ر هێزی شۆڕش ‌و بزوتنه‌وه‌كه‌یا بۆ به‌ره‌نگاری و تێكشكاندن هێزی دژه‌ شۆڕش و به‌ربه‌ستی نه‌هارێتی هه‌بووه‌، بكوژ ‌و شه‌لاتی، جاش ‌و موسته‌شار ‌و خۆفرۆش، به‌م دواییه‌ش له‌وه‌ته‌ی تیرۆر په‌ره‌ی سه‌ندووه‌ ده‌یان فه‌رخه‌ بكوژ ‌و تیرۆریستی قاعیده‌ ‌و داعش دێن ‌و ده‌ڕۆن كه‌ ناوی قه‌به‌ی ئه‌میر ‌و خه‌لیفه‌ ‌و والیان له‌ خۆیان ناوه‌، چونكه‌ هیچ هیلاكی پێكه‌وه‌ گرێنه‌دراوه‌ زوو هه‌ڵده‌تۆقنه‌وه‌ و چه‌ندایه‌تییه‌كی قه‌ره‌باڵغن، به‌ڵام له‌به‌ره‌ی شۆڕش و كوردایه‌تی و یه‌كێتیایه‌تیدا هه‌ر به‌ژانی ئه‌زموون و نه‌به‌ردییه‌وه‌ حه‌سه‌ن كوێستانییه‌كان له‌ دایك ده‌بن و ده‌بنه‌ سه‌رمایه‌ی مه‌عنه‌وی و ره‌مزی هه‌تاهه‌تایی و دوور مه‌ودا.

سه‌ركرده‌كان، فه‌رمانده‌كانی خه‌باتی پارتیزانی ‌و شۆڕشی ره‌وا به‌ برژانگی چاو ‌و ئاره‌ق ‌و تینی میلله‌تێك گه‌وره‌ ده‌بن ‌و له‌ تواناكانی خۆیاندا به‌رجه‌سته‌ی گه‌شه‌ ‌و پێگه‌یینی توانای شۆڕشگێڕی ‌و باسكی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ و نیشتان ده‌كه‌ن.

حه‌سه‌ن كوێستانی له‌ قۆڵی باڵه‌كایه‌تییه‌وه‌ چوارچێوه‌ی دیمه‌نی شۆڕشی نوێ، شۆڕشی سه‌رۆك مام جه‌لالی كامڵ كرد، له‌ تێكۆشانی نیشتمانی قوربانیدانی باڵه‌كایه‌تیدا كه‌ تۆمارێكی كراوه‌ی بێ كۆتاییه‌ و ساڵانه‌ و جه‌ژناو جه‌ژن ناوی نوێی ده‌چێته‌سه‌ر، له‌م قۆڵه‌وه‌ هیلالی شۆڕشی نوێ له‌گه‌ڵ قۆڵه‌كانی تر یه‌كده‌گرێته‌وه‌ ‌و ره‌وتێكی به‌رێككه‌وتووی كاروانی 1975-1976 هی یه‌كێتی و هی شۆڕشی نوێ درێژه‌ پێده‌دا ‌و ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كات.

له‌ نموونه‌ی قوربانیدانی كوێستانی و هاوڕێ شه‌هیده‌كانیدا دوانه‌ی قه‌ده‌ری باڵه‌كایه‌تی ده‌بینینه‌وه‌: هه‌م شه‌هاده‌ت و خوێنبه‌خشین، هه‌م نیه‌تی ئاشتیخوازی و سه‌بری شۆڕشگێڕی.

بۆیه‌ كوێستانی ‌و هاوڕێكانی له‌ نه‌به‌ردی جێگیركردنی ئاشتی ‌و رێگرتن له‌ قوڵپدانی زیاتری نه‌زیفی ناوخۆ شه‌هید ده‌بن، ئاوا زیاتر له‌ وانه‌یه‌ك له‌ دوای خۆیان، له‌ دوای خوێنی گه‌شی ئاشتیخوازی به‌ جێده‌هێڵن.

حه‌سه‌ن كوێستانی له‌ نماكردن ‌و باڵاكردنی توانای سیاسی ‌و شۆڕشگێڕیدا وا قاڵبوو، وا خارا ده‌بێت، له‌ هه‌ر كوێ یه‌كێتی به‌ دوای دینگه‌ی پته‌وكردندا بگه‌ڕێت كوێستانی له‌وێ ده‌بێت. له‌سه‌ر ئه‌مه‌یه‌ كوێستانی كوڕی باڵه‌كایه‌تی ‌و كوڕی هه‌ولێر ‌و كوڕی بادینانیشه‌ یانی كوڕی ته‌واوی كوردستان بووه‌ له‌ پێشمه‌رگایه‌تی، له‌ رێكخستن له‌ كۆڕ ‌و كۆبوونه‌وه‌ی جۆشدانی جه‌ماوه‌ر. به‌ كرده‌وه‌ش بنه‌ماڵه‌كه‌ی كوانی شۆڕش ‌و شه‌هید به‌خشێن بووه‌.

نموونه‌ی وه‌ك كوێستانی ، وه‌كو زه‌حمه‌ت دروست ده‌بێ ، زه‌حمه‌ت جێگای پڕ ده‌بێته‌وه‌. ئه‌مما رێی خه‌باته‌كه‌ی قه‌ت كوێر نابێته‌وه‌، به‌ شێوه‌ ‌و ستایلی جیاواز به‌رده‌وام ده‌بێت. چونكه‌ ئه‌وی شه‌هید كوێستانی ‌و سه‌دان شه‌هیدی تر له‌ پێناوه‌یا شه‌هید بوون، ئامانجێكه‌ هێشتا ماویه‌تی. رێگاكه‌ی ‌و مه‌نزڵگاكه‌ی ماویه‌تی، تا ئه‌وه‌ی مێژوو قسه‌ی كۆتایی خۆی ده‌ڵێت كه‌ هاتنه‌ دی دوا دێری ئامانجی (ئاشتی، دیموكراسی، مافی مرۆڤ ‌و مافی چاره‌نووس).

*به‌شی سه‌روه‌ری و شانازی- مه‌كته‌بی راگه‌یاندن

 683 جار بینراوە