سەرەکی » راپۆرت » حکومەت پارە بۆ ئاودانی باخچە و بلوارەکانی سلێمانی خەرج ناکات

حکومەت پارە بۆ ئاودانی باخچە و بلوارەکانی سلێمانی خەرج ناکات

ئەسرین محەمەد

مام عەلی چەندین ساڵە باخەوانی یەكێک لە باخچەکانی شاری سلێمانییە، خەریکی رێکخستنی نەمام و گوڵەکانی باخچەکە بوو باسی لەوەکرد کە گوڵ و نەمام و دارەکانی باخچەکەی وەک منداڵەکانی خۆی خۆشدەوێت و بە زەردبوون وشکبوونیان خەمبار دەبێت مام عەلی وتی،» ئەو گوڵانەی دەزانێت بەرگەی تینوێتی ناگرن خۆی بە دەبە ئاویان بۆ دەهێنێت تا وشک نەبن، بەڵام ئەو بە تەمەنە و ناتوانێت بەو شێوەیە هەموو باخچەکە ئاو بدات بۆیە خەفەت لە زەردبوونیان دەخوات».

تەنها ئەو باخچەیە نییە، بەڵکو بەشێکی زۆر لە باخچە و بلوارەکانی شاری سلێمانی بەهۆی ئاو نەدانیانەوە زەردبوون و بەشێکیشیان وشک بوون و دیمەنێکی ناشیرینی بەخشیوە بە شارەکە.

حەوت مانگە باخچەکان نووسراوی کردووە و وەڵام نەردراونەتەوە
لە پایزی ساڵی رابردووە وە بەڕێوەبەرایەتی باخچەکان و شارەوانی سلێمانی نوسراوی فەرمیان بۆ وەزارەتی شارەوانی و حکومەتی هەرێم ناردووە کە پارە بۆ بەکرێگرتنی تەنکەری ئاو بۆ ئاودانی باخچەو بلوارەکانی سلێمانی خەرج بکات کە بڕی پارەکە یەک ملیار و 100 ملیۆن دینارە، بەڵام تائێستا وەڵام نەدراونەتەوە و رەزامەندی لە خەرجکردنی پارەکە نەدراوە.

کامەران ساڵح بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی بە کوردستانی نوێی راگەیاند،» لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا دوو نووسراوی فەرمیان کردووە بۆ خەرجکردنی پارە بۆ بەکرێ گرتنی 50 تەنکەری ئاو بۆ دابینکردنی ئاوی ئاودان بۆ باخچەو بلوارەکانی سلێمانی، بەڵام حکومەت وەڵامیان ناداتەوە و پارەکەی بۆ خەرج نەکردوون.

بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی وتیشی،» لەبەرئەوەی رێژەی سەوزایی لە شاری سلێمانی زیاترە لە هەموو پارێزگاکانی تر بۆیە حکومەت دژایەتی دەکات و پارە بۆ ئاودانی باخچەو بلوارەکانی خەرج ناکات و بە مەبەست دەیەوێت وشک ببن».

پارەکە بۆ ئاودانی بلواری شەقامی مەلیک مەحمود هەردوو بلواری شەقامی سەرەکی سلێمانی – تاسڵوجە، باخچەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی راپەڕین، بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی بەکرەجۆ و بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی تاسڵوجە هەروەها هەواری شار و باخچەو پارکەکانی سلێمانییە، کە ژمارەیان 650 باخچە و پارکن و رووبەرەکەی 15 ملیۆن مەتر چوارگۆشەیە.

ئاودانی باخچەو بلوارەکانی سلێمانی رۆژانە پێویستی بە دابینکردنی چوار ملیۆن لیتر ئاوە و ساڵانە دەبێت لە کۆتایی مانگی نیسان دەست بکرێت بە ئاودانی باخچەو بلوارەکان، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی خەرجنەکردنی پارەوە باخچەو بلوارەکان ئاونەدراون و بەشێکی زۆریان زەرد بوون و وشک بوون.

پێشتر پارە بۆ هەولێر و دهۆک خەرجکراوە
هەڵکەوتەی جیۆلۆجی پارێزگای سلێمانی و دووری باخچەکان لە یەکەوە وادەکات نەتوانرێت بۆ هەر باخ و باخچەیەک بیری بۆ هەڵبکەندرێت و هەر بیرێکیش بە 150 مەتر ئاوی تێ نایەت و ئێستا 14 بیری بلوارەکانیش وشک بوون و ئاویان تێدا نییە، جگە لەوەی هەندێک باخ هەیە سەرچاوەی ئاوی تێدا نییە.

بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی لەماوەی 16 ساڵی رابردوو دا بۆ ئاودانی باخچەو بلوارەکان پشتیان بە تەنکەر بەستووە و ئەگەر بۆ هەر باخچەو بلوارێک بیر لێ بدەن کارەکە بەبڕی 100 ملیار دۆلاریش چارەسەر نابێت.

بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی باسی لەوەکرد، خۆیان خاوەنی 17 تەنکەرن کە مۆدێلەکانیان زۆر کۆنە و بەباشی کارناکەن و ناتوانرێت بۆ ئاودانی باخچەو بلوارەکان سوودێکی ئەوتۆیان لێ ببینرێت.

پارەی ئاودانی باخچەو بلوارەکان تەنها بۆ شاری سلێمانی خەرج نەکراوە، پێشتر بڕە پارەی پێویست بۆ هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک خەرجکراوە و لە 15 مانگی نیسانەوە لەو دوو پارێزگایە دەستکراوە بە ئاودانی باخچەو بلوارەکان.

کێشەکە هەموو ساڵێک دووبارە دەبێتەوە
خەرجنەکردنی پارە بۆ ئاودانی باخچەو بلوارەکانی پارێزگای سلێمانی لەکاتی پێویستدا کێشەیەکە هەموو ساڵێک دووبارە دەبێتەوە و بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی وتی،» ساڵانە چەند مانگێک پێش وەرزی ئاودان نوسراوی فەرمی دەکەن، بەڵام حکومەت هەموو ساڵێک بە مەبەست بڕیاری خەرجکردنی پارەکە دوادەخات و لە مانگی تەمموزدا رەزامەندی دەدات دوای ئەوەی بەشێکی زۆر لە باخچە و بلوارەکان زەرد و وشک دەبن و ئاودانیان سوودێکی ئەوتۆی نابێت.

هاوکات زەردەشت وتەبێژی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بە کوردستانی نوێی وت،» هەموو ساڵێک زووتر لە کاتی دیاریکراوی ئاودان نووسراوی فەرمی دەکەن بۆ دابینکردنی بڕە پارەی پێویست بۆ ئاودانی باخچەو بلوارەکانی سلێمانی، بەڵام حکومەت دوای دەخات و لەکاتی پێویستدا وەڵامیان ناداتەوە.

وتیشی،» پێویستە ساڵانە لە مانگی نیساندا رەزامەندی خەرجکردنی پارە لەبەردەست شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی باخچەکان بێت و ئامادەکاری بکرێت بۆ ئاودان، بەڵام هەموو ساڵێک حکومەت دوای دەخات و کاتێک وەڵام دەداتەوە و رەزامەندی دەدات بەشێک لە باخچەو بلوارەکان زەرد و وشک بوون».

باخچەکان کێشەی کەمی باخەوانیشی هەیە
بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی تەنها کێشەی خەرجنەکردنی پارەی ئاودانی نییە لەگەڵ حکومەتی هەرێم بەڵکو کێشەی کەمی باخەوانیشی هەیە بۆ خزمەتکردن و ئاودانی باخچەو بلوارەکان و بەهۆی ئەوەی رووبەری باخچەکان زۆرە و ساڵانەش ژمارەیەک لە باخەوانەکان خانەنشین دەبن ئێستا ژمارەیان کەمە و بەشی خزمەتکردنی هەموو باخچەو بلوارەکان ناکەن.

بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ خزمەتکردن و ئاودانی سەرجەم باخچەو بلوارەکان تەنها 780 باخەوانیان هەیە و ماوەی زیاتر لە ساڵێکە دوو نوسراویان کردووە بۆ دامەزراندنی 300 باخەوان و 100 پاسەوان و 50 شۆفێر تائێستا وەڵام نەدراونەتەوە.

ساڵانی رابردوو ئاودانی بلوارەکانی تاسڵوجە و شەقامی مەلیک مەحمود و هەواری شار بە تەندەر درابوونە کۆمپانیا و ئەوکاتە کێشە بۆ خزمەتکردن و ئاودانی ئەو شوێنانە دروست نەدەبوو و کۆمپانیاکە لەکاتی خۆیدا کارەکانی دەکرد، بەڵام لە مانگی حوزەریرانی ساڵی رابردووە وە بەهۆی ئەوەی کۆمپانیاکە ماوەی کارکردنەکەی تەواو بووە و حکومەت رەزامەندی نادات لە دووبارە تەندەرکردنەوەی بە کۆمپانیایەکی تر کێشەی ئاونەدان و وشکبوون و خزمەتنەکردن ئەوانەشی گرتووەتەوە.

زەرد بوون و وشک بوونی بەشێکی زۆر لە باخچەو بلوارەکانی پارێزگای سلێمانی بەهۆی ئاونەدانیانەوە لە کاتێکدایە پێشتر بۆ سەوزبوونی ئەو شوێنانە دەیان ملیۆن دینار خەرجکراوە و ئاونەدان و زەردبوون و وشکبوونیان جگە لەوەی دیمەنێكی نا شارستانی بەخشیوەتە شارەکە وایکردووە ئەو پارانەی پێشتر بۆ سەوزکردنیان خەرجکراوە بە هەدەر بڕوات.

 449 جار بینراوە