سەرەکی » ئاراستە » هەڵسەنگاندنێکی زانستییانە بۆ فکر و فەلسەفەی کارل مارکس

هەڵسەنگاندنێکی زانستییانە بۆ فکر و فەلسەفەی کارل مارکس

کارل مارکس یەکێکە لەو فەیلەسوفانەی ماوەی سەدە و نیوێک دەبێت جیهانی بەخۆیەوە خەریک کردووە، تارمایی ئەم فەیلەسوفە گەیشتۆتە کوردستانیش. بەداخەوە لای خۆمان دوو بۆچوون لەبارەی مارکسەوە هەیە، یەکێکیان وەکو شێخێکی تەریقەت سەیری مارکس دەکات و دەروێش ئاسا دوای کەوتووە. رەوتێکی تریش بەبێ ئەوەی یەک وشەی مارکسی خوێندبێتەوە، دژایەتی دەکات و بە شەیتان و کافر و مولحیدی دادەنێت. هەربۆیە پێم باشبوو وتاری ئەم پرۆفیسۆرە ئەڵمانییە بکەم بە کوردی، کە هەڵسەنگاندنێکی زانستیی و بێلایەنانەی بۆ فکر و فەلسەفەی مارکس کردووە. بەو هیوایەی خوێنەری کورد دیدگایەکی نوێی لەبارەی ئەم فەیلەسوفە ناسراوەی جیهانەوە هەبێت.

د. ئارمین پفاڵ ترواگبێر*

لە ئەڵمانییەوە: ئەردەڵان عەبدوڵڵا

2-3

چینی کەپیتالیزم و پرۆلیتاریا لە دیدی مارکس و ئەنگلسەوە
هەربەمشێوەیە مارکس و ئەنگلس پێیان وایە کە سیستمی سەرمایەداری لەسەر ئەو بنەمایە دروستبووە، کە چینی کەپیتالیزم « یان زۆرجار بە بۆرجوازی ناویان دەبرێت» کە ئەمانە خۆیان بە خاوەنی هۆکانی بەرهەمهێنان دەزانن، لەبەرامبەردا چینی کرێکاران» زۆرجار بە پرۆلیتاریا ناویان دەبرێت» کە ئەمانەش وەکو چینێکی سەربەخۆ لە دژی ئەوان دەوەستنەوە. بۆ مارکس و ئەنگلس، ئەم دوو چینە هەریەکەیان خاوەنی بەرژەوەندیی کۆمەڵایەتیی جیاوازن. چینی بۆرجوازی هەمووکارو چالاکییەکانی بۆ ئەوەیە کە زۆرترین سوودی لەسەر حسابی کرێکاران دەستبکەوێت، ئەوی تریشیان « واتە چینی کرێکاران» دەیەوێت کرێی کارەکەی زیاتر بکات لەسەر حسابی خاوەن کارەکان.

چاوەڕوانکردنی لەناوچوونی سیستمی کەپیتالیزمی وەکو زەروورەتێکی مێژوویی
بۆ مارکس و ئەنگلس بەهای شمەکێک بەوە دەپێورێت، کە ئایا تاچەندە هێزی کاری مرۆیی تێدا بەکارهاتووە» ئەمەش پێی دەڵێن یاسای دیاریکردنی بەهای شـمەک، و.ک». هەرئەمەش وادەکات کە لە سیستمی سەرمایەدارییدا، زیاد لەپێداویستی مرۆڤەکان، شمەک بەرهەم بهێنرێت. ئەمەش پێی دەڵێن « زێدەبایی». لێرەشەوە کاپیتالیستەکان دەیانەوێت بەرهەم زیاد بکەن، ئەوەش لەسەر حسابی هێزی کاری کرێکاران. بۆ مارکس و ئەنگلسیش « زێدەبایی» دەبێتە خاڵی جەوهەری سیستمی سەرمایەداری، هەرئەمەش رێگەخۆش دەکات، بۆئەوەی سەرمایەدارەکان، قازانجی زیاتر کۆبکەنەوە.

بەڵام چەندە شمەکی بەرهەمهێنراو زیاتریش بێت، دەبێتە هۆی دروستبوونی بازنەیەکی کێشەدار» گرفتدار» بۆ ئەم سیستمە، چونکە ئەم شمەکە زۆرانە دەمێننەوە کڕیاریان» موشتەریان» نییە، هەرئەمەش وادەکات کە لەناو هەناوی سیستمی کەپیتالیزمیدا، تووشی تەنگژەی ئابووری بێتەوە. لەئەنجامی ئەم تەنگژە ئابووریەشەوە، بەشێکی زۆری کۆمپانیا بچووک و ناوەنجییەکان، رووبەڕووی مایەپووچی و نەمان دەبنەوە، دواتر کۆمپانیا گەورەکان قووتیان دەدەن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی کۆمپانیای زەبەلاح و سەنتڕاڵبوونی کەپیتاڵ «سەرمایە»ی لێ دروست دەبێت.

تەنگەژەکانی سیستمی کەپیتالیزمی و هەنگاونان بەرەو سیستمی سۆشیالیستی
بە بڕوای مارکس و ئەنگلس ئەم تەنگەژە ئابوورییەی کە دروست دەبێت، دەبێتە هۆی ئەوەی کە بەشێکی زۆری کۆمەڵگە ببێتە چینی کرێکار، کە ئەوان دەستەواژەی»پرۆلیتاریالیزەکردنی کۆمەڵگەی بۆ دادەنێن» هەرئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئاستی هەژاری لە ناو کۆمەڵگەدا زۆرتر بێت، چینی کرێکاریش هەژارتر و چەوساوەتر بێت، بەڵام لە لایەکی ترەوە بەهای مەعنەوی ئەم چینە کۆمەڵایەتییە لەناو کۆمەڵگەدا زیاتر دەبێت.
لەمبارەیەوە مارکس دەڵێت:
«بەردەوامبوونی ئەم رەوشە وا دەکات، کە رێژەی هەژاری لەناو کۆمەڵگەدا زۆرتر بێت، هەژاریی و برسێتیی و چەوسانەوەو کۆیلایەتیش زۆرتر بێت، لەهەمانکاتیشدا فشارەکان زۆرتر دەبن، هەروەها بەهۆی میکانیزمی پرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییەوە، بەشێوەیەکی خۆرسکی، چینی کرێکاران خۆیان رێکدەخەن و یەکدەگرن. لەلایەکی تریشەوە مۆنۆپۆڵکردنی سەرمایە. دەبێتە مۆدێلیک و شێوازێکی پرۆسەی بەرهەمهێنان و گەشەسەندنی سەرمایداری. سەنتراڵییکردنی هۆکانی بەرهەمهێنان و بەکۆمەڵایەتییکردنی چینی کرێکاران،بەرەو خاڵێک دەڕۆن، کە چیتر بازنەی سەرمایەداری بەرگەی ناگرێت و ئیتر لێرەوە رەوشەکە دەتەقێتەوە. بەمشێوەیەش کاتژمێرەکانی تەمەنی کەپیتالیزم و بۆرجوازییە کەمدەبێتەوەو لەناودەچێت. پاشانیش بە لەناوچوونی سیستمی کەپیتالیزم، کۆمەڵگە بەرەو قۆناغێکی نوێ هەنگاو دەنێت، کە ئەویش سۆشیالیزمە.» (MEW, Bd. 23, S. 790f.).

رێگە بۆ شۆڕش لە سۆشیالیزمەوە بۆ کۆمۆنیزم
مارکس و ئەنگلس پێیان وایە گەشەسەندنی ئابووری کەپیتالیزمی کە لەسەر ژیان و چەوسانەوە چینی پرۆلیتالیا دروست دەبێت و دواجاریش دروستبوونی تەنگژەی گەورەی ئابووری لێدەکەوێتەوە، کە ئەویش کەپیتالیزم دەخاتە بازنەیەکی داخراو جەهەنەمییەوە کە «بەدەستی خۆی، گۆڕ بۆ خۆی هەڵدەکەنێت»

لەپاش گەشەسەندنی کێشە ئابووریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان و گەیشتنیان بە لوتکە، تەقینەوە روودەدارو شۆڕش دروست دەبێت، ئەم شۆڕشەش لەلایەن چینی کرێکارانەوە دەبێت و کۆتایی بە سیستمی بۆرجوازی دەهێنێت و دەسەڵات دەگرێتە دەست. ئەم شۆڕشەش زەروورەتی دروستبونی» دیکتاتۆری پرۆلیتاریا» دەهێنێتە کایەوە. ئەم دیکتاتۆرییەش کار دەکات بۆئەوەی هەمووجۆرە چینایەتییەک نەهێڵێت و کۆمەڵگەیەکی یەکسان و بێ چینی کۆمەڵایەتی دروست بکات.

لەپاش گەشەسەندنی ئەم قۆناغە، مارکس و ئەنگلس پێیان وایە، لەپاش نەمانی سیستمی کەپیتالیزمەوە، هەنگاو دەنرێت بۆئەوەی کۆمەڵگە بەرەو قۆناغی سۆشیالیزم ببرێت و لە کۆتایشدا سیستمی کۆمۆنیستی دروست بکرێت کە دوایین قۆناغی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی پێکدەهێنێت.

دواتریش دەڵێن:
لەکاتی گەشەسەندنی ئەم جووڵە مێژووییەدا، دەبێت « دەوڵەت» بکرێتە ئامڕازێک بۆ جێبەجێکردنی سیستمی سۆشیالیزم و دەبێت دەوڵەت بمێنێت، بەڵام کاتێک کۆمەڵگە دەگاتە قۆناغی کۆمۆنیزم، ئیتر ئەوکاتە چیتر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی پێویستی بە بوونی دەوڵەت نامێنێت و لەناودەچێت. « (MEW, Bd. 28, S. 508).

وێنەی کۆمەڵگەی بێ چینایەتی بە بێ نامۆبوون
لە کۆتاییدا و کاتێک گەیشتن بە دوایین قۆناغ و ئامانج و تەواوبوونی ئەم پرۆسەی گەشەسەندنە مێژووییە، خۆی لە کۆمەڵگەی بێ چینایەتی دەبینێتەوە، مارکس و ئەنگلس هیچ وێنەیەکی روونیان لەمبارەیەوە پێشکەش نەکردووە. بەشێوەیەکی گشتی لای ئەوان ئەوەی گرنگە، نەمانی جیاوازی چینایەتی و چیتر هۆکانی بەرهەمهێنانیش لەژێر دەستی چینێک نەبێت و نەکرێتە موڵکی شەخسی هیچ کەسێک. بەشێوەیەکی روون لەمبارەیەوە باس لەبوونی جۆرێک لە بەگشتییکردنی کارگە و کۆمپانیاکان دەکرێت، لەمبارەیەوە باس لە چەمکی « دروستکردنی کۆمەڵگەیەک دەکەن کە هۆکانی بەرهەمهێنان بکرێتە موڵکی دەستەجەمعی یان گشتی «

لێرەشەوە جۆرە « ئەنجومەنێکی ئازادی بەرهەمهێنان» دروست دەبێت، کەهەموو تاکەکانی کۆمەڵگە پێکەوە کاردەکەن لەژێرناونیشانی « هەرکەسێک بەپێی توانای خۆی، هەرکەسێک بەپێی پێداویستی خۆی کار بکات.» ئەمەش دەبێتە یاسایەکی بنەڕەتی کارکردن لەناو کۆمەڵگەدا.

لەم نێوەندەشدا ئیتر کۆتایی بە نەخۆشی «بێگانەبوونی خود یان نامۆبوون» لای مرۆڤەکان نامێنێت، ئەمەش بەتایبەتی لەپاش نەمانی سیستمی دابەشكردنی کار و نەمانی سیستمی موڵکداری کەپیتالیزمییەوە. ئیتر لێرەوە مرۆڤەکان جارێکی تر دەتوانن بوون و خودی خۆیان بۆ بگەرێنرێتەوە، هەروەک مارکس و ئەنگلس دەڵێن.

رەخنە لە توانا توندڕەوییەکانی بیری مارکسیزم
لەپاش ئەوەی لەسەرەوە بەشێوەیەکی گشتی دونیابینی و هزرەکانی مارکسیزممان خستە روو، ئێستا دەبێت چەند رەخنەیەکیش فۆرموولە بکەین و بخەینە روو. دیارە لێرەدا ئێمە دونیابینی و تیۆرییەکانی مارکس لەرووی زانستی بوون و راستی بوونەوە ناخەیەنە پرسیارەوە، بگرە باس لەو توانا توندڕەوییانە دەکەین، کەئەم تیۆرییە سیاسییە لەگەڵ خۆیدا هەڵیگرتووە.

هەروەها لەلایەکی ترەوە رەخنەشمان هەیە لەو پرۆگنۆسانەی کە مارکس لەبارەی گەشەسەندنی کەپیتالیزمەوە کردوویەتی، کەتاڕادەیەکی تەواو راست دەرنەچووە، کەئەمەش توانا و تێڕامانەکانی مارکس وەکو پسپۆرێکی ئابووری دەخاتە جێگەی پرسیارەوە، بەڵام لەهەمووشی گرنگتر ئەوەیە، هەموو تیۆری و دونیابینییەکانی مارکس بۆ کۆمەڵگە، دوورن لە هەموو یاساو رێساکانی سیستمی دیموکراسی و کۆمەڵگەیەکی کراوەو پلورالیزمەوە، بگرە بەپێچەوانەوە تەواوی ئەسپێکت و دونیابینینەکانی مارکس، بەرەو دروسبوونی سیسیتمێکی دیکتاتۆریی و توندڕەوانە هەنگاو دەنێن.

هەرچەندە ئێمە پەیوەندییمان بە کەسایەتی شەخسی مارکسەوە نییە، بەڵام ئەوەی ئاشکرایە، کە مارکس خاوەنی کەسایەتییەکی لووتبەرز و زۆر باوەڕی بەخۆی بووەو هیچ کەسێکی تۆلێرانس نەبووەو باوەڕی بە رەخنەگرتن لە تیۆرییەکانی نەبووە. هەروەها لە ناو بازنەیەکی سیاسیی داخراودا بووەو کەسایەتییەکی « ئۆتۆریتێتی، ملهوڕ» ی هەبووە. بەڵام ئەمانە سیمای کەسایەتیی مارکس بووە، لەو باوەڕەدام هیچ پەیوەندییەکی بە دونیابینی و تیۆرییەکانیەوە نییە و شتێکی زەرووریش نییە.

بەکارهێنانی تیۆری دیالەکتیکی بۆ بڕیاردانی نابەجێ و توندڕەوانە
مارکسیزم تێروانینێکی دیالەکتیکانەی داهێناوەو پێی وایە، کە گەشەسەندن و جووڵەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، لەئەنجامی جەنگ و ململانێی بەدرەوامی لایەنە ناکۆکەکانی ناو کۆمەڵگە دروست دەبێت.

گەر کەسێک بیەوێت سوود لەم مەعریفەیە وەربگرێت و شرۆڤە و ئەنالیستی جیاوازی دەستبکەوێت، ئەوا دەبێت ناوەڕۆکی تێزی دیالەکەتیک باشتر تێبگات و گەشەی زیاتر بەو تێزە بدات. بەپێچەوانەی ئەمەوە، ئەوا کار دەکات بۆئەوەی شەرعیەت بدات بە تێڕوانینی نابەجێ و دژبەیەکەکان. ئەمەش بەئاشکرا مارکس لەنامەیەکیدا بۆ ئەنگلس دەیخاتە روو، کاتێک دەڵێت:

پێدەچێت هەندێكجار من هەست بە ئیحراج بوون بکەم، چونکە زۆرجار هانا بۆ دیالەکتیک دەبەم، بەڵام ئاساییە من تێڕوانینەکانی خۆم وادادەڕێژم، کە زۆرجاریش پێدەچێت لە حاڵەتی دژبەیەکیشدا بن، بەڵام هەرخۆم لەسەر هەق دەزانم. (MEW, Bd. 29, S. 160f.).

لێرەدا مەسەلەکە پەیوەندی بەهەڵسەنگاندنی راست و دروستەوە نییە بۆ جووڵە و گەشەسەندنی کۆمەڵگەکان، بگرە زیاتر پەیوەندی بە پاساو هێناوەوە هەیە بۆ تێڕوانین و پێشهاتی ناڕاست و ناتەندروست. هەرئەمەش وایکرد، کە دیکتاتۆرییە کۆمۆنیستەکان کەپاشتر دورست بوون، تیۆری دیالەکتیک بکەنە ئامڕازێک بۆ شەرعیەت دان بە دەسەڵاتی خۆیان.

بەکارهێنانی مەعریفەی « سروشتی راستەقینەی» مرۆڤ
هەمیشە مارکس چ لە سەرەتای توێژینەوە فکرییەکانی یان دواتر کاتێک کە خۆی بەلێکۆڵینەوەی وردی سیستمی ئابووری خەریک کردبوو، هەمیشە باسی لە ئازادبوونی مرۆڤ دەکرد و هەمیشە داوای دەکرد، پێویستە مرۆڤ بگەڕێتەوە بۆ « سروشتی راستەقینەی خۆی». هەروەها هەرخۆشی بوو کە چەمکی « نامۆبوونی مرۆڤ» ی بەکارهێناو داتاشی، بەپێچەوانەشەوە، مارکس هیچ مەعریفەیەکی راستەقینەی لەبارەی دەسەتەواژەی « جەوهەری مرۆڤ» ەوە نەوتووە، بەتایبەتی لەو کارە زۆرانەی پاشتریدا، مارکس هیچ زانیارییەکی ووردی لەبارەی ئەم دەستەواژەی « سروشتی هەقیقی» مرۆڤەوە نەخستۆتە روو.

ئەو خۆی بە خاوەنی ئەم مەعریفەیە دەزانێت و بۆ خۆی مۆنۆپۆڵیکردووە، لەکاتێکدا هیچ تێڕوانینێکی وردو هەڵسەنگاندنێکی هەمەلایەن و دروستی بۆ ئەم دەستەواژەیە نەکردووە. لێرەشەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامە کۆتاییەی، کە تەنها چەند ئامانج و تێڕوانینیکی سیاسییانە، گوزارشت لە چەمکی « سروشتی راستەقینەی مرۆڤ» دەکەن. نەبوونی زانیاری تەواو دروست لەبارەی ئەم چەمکە مەعریفیەوە، وا دەکات کە نەیارانی مارکسیزم، وەکو هەڵگری ئایدۆلۆژیی لاواز سەیربکرێن و راوبنرێن و بچەوسێنرێنەوە.

*Prof. Dr. Armin Pfahl-Traughber، پرۆڤیسۆر.دکتۆر. ئارمین پفاڵ ترواگبێر. کۆمەڵناس و پسپۆرێکی سیاسییە، وەکو مامۆستا لەزانکۆکانی کۆڵن و بۆن،وانە دەڵێتەوە.

سەرچاوە:
Der Marxismus zwischen Ideologie und Wissenschaft.www.bpb.de. Prof. Dr. Armin Pfahl-Traughber

 468 جار بینراوە