سەرەکی » ئابووری » چۆنێتی ده‌ستكاریكردنی ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌ران روونده‌كرێته‌وه‌

چۆنێتی ده‌ستكاریكردنی ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌ران روونده‌كرێته‌وه‌

پەرلەمانی كوردستان داوای روونكردنەوە لە حكومەتی هەرێم دەكات، لەبارەی ئەگەری دەستكاریكردنی دەرماڵەی فەرمانبەران، ئەندامێكی لیژنەی داراییش رایدەگەیەنێت، دەرماڵە بەشێكی گرنگی مووچەی فەرمانبەران پێكدەهێنێت و ناكرێت تێكەڵی بابەتی كەمكردنەوە و لێبڕینی مووچە بكرێت.

سەركۆ ئازاد، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی (PUKmedia)ی راگەیاندووە، وەكو پەرلەمان بەرچاومان روون نییە لەوەی حكومەت چۆن دەستكاریی دەرماڵەی فەرمانبەران دەكات، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە میوانداری وەزیری دارایی بكەین.

وتیشی: «دەرماڵەكان بەشێكی گرنگی مووچەی فەرمانبەران پێكدەهێنن، بۆیە ناكرێت بەمەبەستی كەمكردنەوەو لێبڕینی مووچە دەستكاری دەرماڵەكان بكرێت».

هاوكات، محەمەد سەعدەدین بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕەكەی راگەیاندووە، لە ئەنجامی پڕۆسەی چاكسازیدا، پێداچوونەوە بە سەرجەم دەرماڵەكاندا دەكرێت، هەر ئەوە نییە كە دەرماڵە ببڕدرێت، بەڵكو ئەگەری ئەوەش هەیە، كە هەندێك فەرمانبەر دەرماڵەی دیكەی پێبدرێت.

وتیشی: « لە هەرێمی كوردستان چەندین جۆر دەرماڵە هەیە، كە بەپێی یاسا و رێنمایی دەدرێن، بۆیە بەپێی ماددەی پێنجی یاسای چاكسازی، دەرماڵەی هیچ كەسێك نابڕدرێت ئەگەر شایەنی وەرگرتنی دەرماڵەكە بێت، بەپێچەوانەوە دەرماڵەی ئەو كەسانە دەبڕێت كە بە ناشایستەیی بۆیان بڕاوەتەوە».

پێداچوونەوە بە دەرماڵەی مووچەخۆران، نیگەرانی و دڵەڕاوكێی لای بەشێكی زۆر لە فەرمانبەرانی وەزارەتەكان لێكەوتۆتەوە، تائێستاش رێكارەكانی ئەو پێداچوونەوەیە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە روون نەكراوەتەوە.

 144 جار بینراوە