سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » حاتەم تائی: رووخانی رژێم زۆریک لە عەرەبەکانی کەرکوکی تووشی شۆک کرد و لە پڕۆسەی سیاسی دووری خستنەوە

لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ :

حاتەم تائی: رووخانی رژێم زۆریک لە عەرەبەکانی کەرکوکی تووشی شۆک کرد و لە پڕۆسەی سیاسی دووری خستنەوە

دیداری- سۆران داودی

هاووڵاتیانی عەرەب لە ناوچەکانی خۆرئاوا و باشووری پارێزگای کەرکوکدا زۆرینە پێکدەهێنن، بەراورد بە سەنگی خۆشیان، بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکانی دوای 2003وە لاوازبووە، دەرکەوتنی پارتی عەرەبی لە دوای هەڵبژاردنی 2005 ەوە دەستپێدەکات، بەڵام ئامادەبوونی بەهێز لەدوای ئازادکردنی ناوچەکانیان بوو لەدەستی داعش واتە دوای 2017.

زۆرینەی سەرکردەی حزبە عەرەبییەکان لە دەرەوەی پارێزگای کەرکوکەوە کاروباری حزبەکانیان بەڕێوەدەبەن، بە تایبەتی لە نەینەوا و سەڵاحەدین و ئەنبار و بەغداوە، لەسەر ئاستی ناوخۆی کەرکوکیش عەرەبەکان چەند کۆمەڵ و ئەنجومەنێکیان دروستکردووە کە تەواوی بازنە سیاسییە عەرەبیەکەی لەخۆگرتووە و هاوشێوەی بەرەیەکی عەرەبی یەکگرتوو کار دەکەن و کاروباری عەرەبی پارێزگاکەیان لە ئەستۆ گرتووە. عەرەبەکان هاوپەیمانییەکی راگەیاندراویان لەگەڵ تورکمانەکاندا هەیە بۆ بەڕێوەبردنی ململانێ سیاسییەکانی ناوچەکە، ئەو هاوپەیمانییە لە کەرکوک زۆربەی لایەنە عەرەبییەکانی پارێزگاکە لەخۆدەگرێت، بۆ زانین و ئاگاداربوون لە هەڵوێستی ئەم هاوپەیمانییە، کوردستانی نوێ ئەم دیدارەی لەگەڵ حاتم تائی وتەبێژی هاوپەیمانی عەرەبی لە کەرکوک سازکرد.

هەر هاوپەیمانییەک لە کەرکوک جەماوەری خۆی هەیە
سەبارەت بە هۆکار و ئەرکەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی لە کەرکوک، حاتم تائی دەڵێت: هاوپەیمانی عەرەبی بەهەمان شێوەی هاوپەیمانییەکانی تر وەک هاوپەیمانی کوردستانی، بەرەی تورکمانی، لەچەند هاوپەیمانییەک پێکهاتووە، هەر هاوپەیمانییەک لەم پارێزگایە جەماوەری خۆی هەیە، وەک دەزانن کەرکوک بەسەر چەند نەتەوەیەکدا دابەش بووە کە هەریەکەو نوێنەرانی خۆیان هەیە. برایانی کورد، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و حزبە کوردییەکانی تر نوێنەرایەتییان دەکات، لە هەڵبژاردنەکانیشدا هەمیشە هەمان ناونیشانیان هەیە وەک هاوپەیمانی کوردستان. بەرەی تورکمانیش هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لەوە، پێکهاتەی عەرەبیش هاوپەیمانییەکی لە کەرکوک هەیە بە ناوی هاوپەیمانی عەرەبی.

هاوپەیمانییەکەمان بە پلە یەک کار بۆ پێکهاتەی عەرەبی دەکات لە کەرکوک
لەسەر بوونی چالاکییەکانیان لە سنووری جوگرافیای کەرکوک و ئایا ململانێیەکانیان تەنها لە کەرکوکە، تائی رایگەیاند: ئامانجەکانی هاوپەیمانی عەرەبی بەپلەی یەکەم کارکردنە بۆ خزمەتکردنی پێکهاتەی عەرەب و وتی: «ئەمەش بەو مانایە نایەت کە هاوکاریی و هەماهەنگی لەگەڵ پێکهاتە و نەتەوەکانی تردا نەکەین، چونکە واقیعی ئێمە وایە، لەوەتەی هەین بە کورد و عەرەب و تورکمان و مەسیحییەکانەوە هەر لێرەبووین».

ململانێی حزبە کوردییەکان دەرفەتی لەدەست کورد داوە لە کەرکوک
لەوەڵامی گلەیی کوردیشدا سەبارەت بە دوورخستنەوەیان لە ناوەندی بڕیار لە کەرکوک تائی دەڵێت، سەبارەت بە بەڕێوەبردنی ئیدارەی پارێزگاکە نابێت کورد لۆمەی هیچ کەس و لایەنێک بکات، کورد دەرفەتێکی باشیان بۆ هاتبووە پێشەوە بۆ ئەوەی بڕیاربدەن یان گۆڕانکاریی لە سەرەکیترین پۆستی ئیداری پارێزگاکە بکەن، کە ئەویش پۆستی پارێزگاری کەرکوک بوو، بەڵام ململانێکانی نێوان حزبە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی پارێزگا وایکرد رێگرییان لێ بکرێت بۆ بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگاری کەرکوک. ئەوە هۆکارە سەرەکییەکە بوو، هەربۆیە نابێت خەتاکە بخەنە ملی کەسێک یان لایەنێکی تری وەک عەرەب یا تورکمان، ئەمانە هەمووی پاساو هێنانەوەیە، هۆکارە سەرەکییەکە ململانێی نێوان حزبە کوردستانییەکان بوو لەناو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک. دوای لابردنی پارێزگاری کەرکوک خوالێخۆشبوو دکتۆر نەجمەدین کەریم، هیچ بژاردەیەک لەبەردەمدا نەبوو جگە لەوەی جێگری پارێزگار دیاری بکرێت بۆ ئەوەی ئیدارەی پارێزگاکە بەڕێوەببات.

بۆیە راکان سەعید جبوری جێگری پارێزگار ئەرکی بەڕێوەبردنی پۆستی پارێزگاری کەرکوکی بەوەکالەت پێ راسپێردرا، کەواتە هیچ جۆرە سەنگەرلێگرتن یان پۆست لێسەندنەوە یان پەراوێزخستنی هیچ لایەنێک رووی نەداوە، هەرچی برایانی کوردە لە هەموو پۆستە ئیدارییەکانی پارێزگاکە لە فەرمانگە ئیداریی و ئەمنییەکان هەر لە پۆستەکانی خۆیان ماونەتەوە و کارەکانی خۆیان دەکەن، هەندێک لە هاووڵاتیانی عەرەب تائێستاش دەڵێن کورد زۆرینەی پۆستە ئیدارییەکانی پارێزگاکەی بەدەستەوەیە.

زۆرینەی پۆستەکانی پۆلیسی کەرکوک بەدەست کوردەوەیە
لەبارەی ئەو پۆستانەی بەدەست کوردەوە ماون و ئایە مەبەستی پۆستی فەرماندەی پۆلیسی کەرکوکە، کە ئێستا بەهۆی بوونی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانەوە رۆڵێکی وا گەورەی نییە، تائی دەڵێت: بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی کەرکوک دامەزراوەیەکی زۆر گەورەیە و سەربە وەزارەتی ناوخۆیە، ئەگەر باس لە شێوازی دابەشکردنی پۆستەکانی ئەو فەرمانگەیە بەسەر نەتەوە جیاجیاکانی پارێزگاکەدا بکەین، ئەوا تا ئێستاش زۆرینەی پۆستەکان لە پشکی کوردن، لە دوای 6ی تشرینی یەکەمی ساڵی2017 – شەوە پشکی کورد زیادی کردووە، ئاماژەی بەوەشکرد کە دامەزراوەی پۆلیسی کەرکوک دامەزراوەیەکی زۆر گەورەیە و تەنها هێزی پۆلیسی لە خۆنەگرتووە کە لە شەقامەکانی کەرکوکدا دۆسێی ئەمنیان بەدەستە، بەڵکو هێزی پۆلیسی نەوت و پۆلیسی ناوخۆیی و پۆلیسی پاسەوانی دامەزراوەکانیشی لەخۆگرتووە.

بارودۆخی ئێستای کەرکوک نموونەیی نییە
سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای کەرکوک ئەو بەرپرسەی هاوپەیمانیی عەرەبی وتی: بارودۆخی ئێستا لە سەروبەندی ئەو بارودۆخ و سەرکێشییانەی هەن لە بەیەکداچوونی نەتەوەیی و کاریگەریی هەرێمایەتیی و نێودەوڵەتییەکانیش، هەروەها بارودۆخی نیشتمانی سەبارەت بە حکومەت و بارودۆخی پارێزگاکانی تری عیراق، پێموایە بۆ ئەم سەردەمەی ئێستا بارودۆخێکی نموونەیی نییە، تا ئەوکاتەی دەگەینە قۆناغێکی تر کە رەنگدانەوەی نوێنەرایەتیکردنێکی زیاتری پێکهاتەکانی پارێزگاکەی تیدابێت.
لەسەر پڕۆژەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان لە کەرکوک پێشکەشکردنی چارەسەرێکی هەمیشەیی لەلایەن تورکمانەکانەوە و رەتکردنەوەی لەلایەن پێکهاتەی عەرەبەوە وتی: رێز لە بۆچوونی برایانی تورکمان دەگرین، بەوەی رێکەوتنێکی هەمیشەیی هەبێت، کە ئەوە ئامانجی کورد و عەرەبیشە. بەڵام وەک دەزانن، چارەسەرە هەمیشەییەکان لەگەڵ نوێنەرایەتیکردنی هەمیشەیی یان نیمچە هەمیشەیی دێتەکایەوە، نەک وەک ئەوەی ئێستا کە لەکۆتایی ماوەی ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنداین. هەموان هەوڵ دەدەن دەستکەوت بەدەستبهێنن بۆ ئەوەی جەماوەری زیاتر بەلای خۆیاندا رابکێشن، بارودۆخی وڵاتەکە گونجاو نییە و ناسەقامگیریی هەیە، حکومەت لە بەغدا لە حکومەتی کاربەڕێکەر دەچێت. خۆپیشاندان هەیە، بەگشتی بارودۆخێکی ناسەقامگیر هەیە و چاوەڕوان دەکرێت دوای هەڵبژاردنەکان سەقامگیریی لە سیستمی سیاسیدا بەرقەراربێت و هەروەها نوێنەرایەتییەکی نوێ لە دوای هەڵبژاردن بۆ پێکهاتەکان بێتەکایەوە کە دادپەروەریی زیاتری تێدابێت.

کێشەی زەویوزار لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تری کەرکوک جیاوازە
تائی لەبارەی کێشەی زەوی و زاری جوتیارانی کورد و بەشیک لە تورکمان لە کەرکوک کە خۆی لە زیاتر لە 200 هەزار دۆنم دەدات و لە سەردەمی بەعسدا دەستی بەسەرداگیراوە و بەسەر جوتیارانی عەرەبدا دابەش کراوە، دەڵێت: بابەتی زەویوزارەکان یەک کێشە نییە، بەڵکو چەندین کێشەیە، کێشەی زەویوزار هەن لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر جیاوازیی هەیە، پێشتر بەهۆی دەرەبەگایەتی دەیان و سەدان هەزار دۆنم موڵکی یەک کەسی دیاریکراوبوو، لە شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی رابردوو لە چوارچێوەی پڕۆسەی چاکسازیی لە زەویوزاری کشتوکاڵیدا، دەست بەسەر ئەو زەویوزارانەدا گیرا، دواتر بە شێوەیەکی یەکسان بەسەر هەموواندا دابەشکرایەوە، بەسەر جووتیارانی کورد و عەرەب و تورکماندا. لە چەند ناوچەیەکی تریش کێشە و گرفتی تر هەن کە جیاوازە و تا رادەیەک کەمتەرخەمیی کوردی تێدایە، ئێمە وەک پێکهاتەی عەرەب لە نوێنەرایەتی ئیدارەی پارێزگاکە، تەنانەت لەناو هاوپەیمانی عەرەبیشدا دەمانەوێت هەر کێشەیەک بەشێوەیەک چارەسەربکەین جیاوازبێت لەوی تر، ئێمە چەندین چارەسەری باشمان لە چەند ناوچەیەکی دیاریکراوی دەوروبەری دوبز بەدەست گەیشتووە لە نێوان عەرەب و برایانی کورد، کێشەکە بە شێوەیەکی برایانە چارەسەرکراوە، هەرچی سەبارەت بەو عەرەبانەیە کە لە پارێزگاکانی ترەوە هاتوون و دەستیان بەسەر ئەو زەویوزارانەدا گرتووە، پێموایە عیراق بەشێوەیەکی گشتی لە باکوورییەوە تا باشوور بە دەست ئەو کێشەیەوە دەناڵێنێت.

لە وەڵامی ئەوەی بۆچی تەنها جووتیارانی کورد و تورکمان سکاڵایان هەیە و دەڵێن ستەمیان لێکراوە، وتی: تۆ دەتەوێت بیسەلمێنیت کورد و تورکمان رووبەڕووی ستەم بوونەتەوە، ئێمە نکۆڵی لەوە ناکەین لە چەند سەردەمێکی دیاریکراودا، بەشیک لە جوتیارانی خاوەنی زەویوزار رووبەڕووی ستەم بوونەتەوە، بەڵام لەبەرمبەریشدا چارەسەر هەبووە، دوای 2003 چەندین چارەسەر بۆ ئەو کێشانە کراوە.

کۆسپ و تەگەرە لەبەردەم لێکنزیبوونەوەی حزبە عەرەبی و کوردییەکاندا هەیە
سەبارەت بەوەی بۆچی حزبە عەرەبییەکان هەوڵیان نەداوە جۆرێک پەیوەندیی لەگەڵ ئەو حزبە کوردستانییانەدا دروست بکەن، کە نوێنەرایەتی پێکهاتەی کورد لە کەرکوک دەکەن، تائی وتی: لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی پەیوەندییەکی چەسپاو و گرێدراو هەیە لەنێوان کورد و عەرەب و تورکمان و کریستیانەکانیشدا، بەڵام لەسەر ئاستی سیاسی ململانێ هەیە، ئەوەش شتێکە لای هەمووان ئاشکرایە، بەڵام بۆچی پەیوەندییەکی باشتر نییە لەنێوان هێزە کوردی و عەرەبییەکان، من دەڵێم ئەم پەیوەندییانە بەڕێگەیەکدا گوزەردەکات کە چەندین کۆسپ و تەگەرەی لە بەردەمدایە، بەلای ئێمەوە وەک پێکهاتەی عەرەبی گەورەترین کۆسپ بابەتی بێسەروشوێنەکان و دەستگیرکراوانی ناو زیندانەکانی هەرێمی کوردستانە، ئەو گوشارانەی کۆمەڵگەکەمان وامان لێدەکات هەڵوێستە بکەین و هەنگاوەکانمان بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ حزبە کوردستانییەکاندا رابوەستێنین، هەروەها کێشەی رووخاندنی گوندەکانمان هەیە کە لەسەردەمی پەلامارەکانی داعش لە ناوچەکانی دەوروبەری کەرکوک و لە خۆرئاوای کەرکوکدا روویدا.

وەک پێکهاتەی عەرەب قوربانیدانی هێزەکانی پێشمەرگە بەرز دەنرخێنین
لە بارەی تێڕوانینی هاوپەیمانیی عەرەبی بۆ چارەسەری کێشەی کەرکوک ئەو بەرپرسە عەرەبە دەڵێت: ئێمە وەک پێکهاتەی عەرەب لە کەرکوک کە لەلایەن هاوپەیمانی عەرەبییەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، پێمانوایە پارێزگای کەرکوک پارێزگایەکی عیراقییە، وەک هەموو پارێزگاکانی تر، لەگەڵ بوونی تایبەتمەندییەک بەخۆی، بەوەی زیاتر لە پێکهاتەیەکی تێدایە، ئامانجی ئێمە بەرقەرارکردنی پێکەوەژیانێکی ئاشتیانەیە، لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کەرکوک، هەروەها دەمانەوێت وەک پارێزگاکانی تری عیراق کەرکوکیش هەر بە پارێزگایەکی عیراقی بمێنێتەوە، ئەمە تێڕوانینی ئێمەیە بۆ چارەسەری کێشەی کەرکوک، لەگەڵ دەربڕینی ئەوپەڕی رێزمان بۆ هەموو پێکهاتەکانی تر لە کورد و تورکمان و کریستیانەکان، رێگەم بدە لەوە زیاتر بڕۆم بەوەی تێڕوانینێکی شەقامی کوردی هەیە بەوەی عەرەب یان پێکهاتەی عەرەب لە کەرکوک حەز بە بوونی کورد یان پێکهاتە سیاسییەکانی کورد لە کەرکوک ناکەن. من بەراشکاوی دەمەوێت بڵێم: ئێمە وەک عەرەب دەمانەوێت پەیامێک بگەیەنین بەوەی لە سەردەمێکی دیاریکراودا لەکاتی پەلامارەکانی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر کەرکوک، هێزی پێشمەرگە رووبەڕووی تیرۆرستان بۆوە، ئێمە وەک پێکهاتەی عەرەب قوربانیدانی هێزەکانی پێشمەرگە بەرز دەنرخێنین رێزیان بۆ دادەنێین، هەروەها بۆ لایەنەکانی تر کە رۆڵیان هەبووە لە پاراستنی شاری کەرکوک و دانیشتوانەکەی لە بەرامبەر پەلامارەکانی داعشدا، لە هەمان کاتیشدا ئیدانە هەموو هەڵوێستێکی تاکە کەسانەی ناو هەندێک هێز و دامەزراوەی سەربازییەکانی کوردستان دەکەین کە بە شێوەیەکی تاکە کەسییانە پڕۆسەی دەستگیرکردنی رەمەکییانە و کاری تریان کردووە کە زیانیان بە پێکهاتەکانی تری شارەکە گەیاندووە.

 94 جار بینراوە