سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » بۆ کڕینی سیمکارتێک پێویستت بە هیچ بەڵگەنامەیەک نییە

بۆ کڕینی سیمکارتێک پێویستت بە هیچ بەڵگەنامەیەک نییە

لەبەردەم چایخانەی مەچكۆ لە دامێنی قەڵای دێرینی هەولێر بەرەو شەقامی سیروان بەئامانجی ئامادەکردنی راپۆرتێک بەرێکەوتم، لەوێشەوە بەرەو بازاڕی گەورەی کڕینو فرۆشتنی ئامێری مۆبایلی شارەكە چووم، كە بە بازاڕی كۆتری سەلام یان تەعجیل ناسراوە، بازاڕێک ماوەی بیست ساڵە تایبەتکراوە بە کڕین و فرۆشتی ئەو ئامێرانە. لە سەرەتای بازاڕەکە رووی دەکەوێتە شەقامی باتە‌و چایخانەی قەرداران، كۆمەڵێكی زۆر لە عەرەبانەی جێگیر ‌و گەڕۆك‌ و جۆرەها مێزی فرۆشتنی سیمكارت ‌و پێداویستەكانی دیكەی مۆبایل دانراوە، لەگەڵ تێپەڕبوونم بەناو جەرگەی شەقامەكە زۆر لە فرۆشیاران هاوارو بانگەشەیان بۆ ژمارە نایاب و تایبەتەکانی سیمكارتی مۆبایل دەكرد، ئەو شەقامە كە بە گەڕەكی تەعجیلی دێرین كۆتایی دێت جگە لەمانەوەی رێگایەكی باریك، ئەملاوئەولای پڕبووە لە فرۆشیاران و کەرەستەکانیان، هەر بۆیە ئۆتۆمبێل زۆر بە دەگمەن دەتوانرێ پیایدا تێپەرێت. لەو شەقامە جگە لە مۆبایل‌ و كەرەستەكانی دیكە، ژمارەیەك خواردنەگە و چایخانەی لێیە خەڵكی لەكاتی بەسەركردنەوەی ئەو شوێنە تاوێك بۆ خواردنەوەی ئاو و چا پشوویەک دەدەن، كاسبكارانی بازاڕەكەش هەر لەو چێشتخانەو خواردنەگانە نانی نیوەڕۆ دەخۆن. لەگەڵ یەکێک لە خاوەن دوكانەکان باسی رەوشی بازاڕی مۆبایلمان كرد پێیوتین ئەم بازاڕە بەردەوام جمەی دێت، کە هەندێكیان تەنیا ئامێری مۆبایل دەفرۆشن، هەندێكی تریان كاری دانانی بەرنامە و چاككردنەوە دەکەن، بەڵام ئەم ماوەیە بەهۆی كێشەی مووچە و كەمبوونەوەی كاروكاسبی كڕین و فرۆشتن تیایدا كەمبۆتەوە.

بازاڕی سیمکارت و مۆبایل فرۆشان
دیاردەیەك سەرنجی راكێشام كە پێشتر وانەبوو، ئەویش فرۆشتنی سیمكارتی مۆبایل بوو بەبێ پێشكەشكردنی هیچ بەڵگەیەكی رەسمی، یەكێك لە فرۆشیاران ئەو گومانەی پشتراستكردەوە كاتێ پرسیارم لێکرد وتی بۆ فرۆشتنی سیمكارت تەنیا پارەمان پێبدە، ئەمەش لەكاتێكدا پێشتر دەبوو كۆپی ناسنامە یان رەگەزنامە بدەیت. هەرلەمیانەی رۆیشتنم بەناو بازاڕی مۆبایل فرۆشانی هەولێر كە لە زۆربەی گەڕەكەكانەوە رووی تێدەكەن، هەر بۆ دڵنیابوون لەوەی سیمکارتی مۆبایل ئەو ها بەئاسانی بە کڕیاران دەدرێت، سەردانی یەکێکی تر لە دوكانەكانم کرد گەنجێكی تەمەن هەژدەساڵی لێ بوو، زۆر بە گەرمی وەڵامی سەلامەکەی دایەوە راستەوخۆ لە بەفرگرەگە ئاوێكی ساردی دەرهێنا و زانی دونیا گەرمە تینومە، بەدەم خواردنەوەی ئاوەكە پرسیاری سیمكارتم لێكرد دیاربوو ئەویش ئەو راستییەی دووپاتكردەوە كە لەگەڵ فرۆشتنی سیمكارتەكان تەنیا فۆڕمی كۆمپانیا پێشکەش بە كڕیاران دەكەن، هیچ بەرپرسیاریەتیەکی دیكە لە ئەستۆ ناگرن، مەرجیش لەسەر كڕیاران دانانێن بۆئەوەی سیمكارتەكە بەناوی خۆی بكات یان نا. لە ئەنجامی گفتوگۆكەمان گەیشتمە ئەو بڕوایەی كە هەركەسێك لە بازاڕی كۆتری سەلام سیمكارتێكی مۆبایل بكرێ پێویستی بە هیچ بەڵگەنامەیەك نییە، فرۆشیاران و بریكارەكانی كۆمپانیای مۆبایل خۆیان بە بەرپرسیار نازانن لەكاتی کردنی كارێكی خراپ بەو ژمارانە.

لەلایەکی تری شەقامەکە كۆمەڵێك مێز و عەرەبانەم بەدیكرد كە تایبەت بوو بە دانانی بەرنامەی ئەتاری و پۆپجی‌و یاریەكانی تری ئەم سەردەمە، لەو سووچە زیاتر مێردمنداڵەكان لەبەردەم فرۆشیاران وەستا بوون، هەرچەندە پرسیارم كرد، بەڵام زانیان ئەهلی ئەو یاریە نیم، بۆیە دوای کەمێک وەستان و تێڕامان روویان لە كڕیارەكانی خۆیان كردەوە، كەمێك لەوان دوورتر ریزە دوكانێكی تر هەبوو كە لە تەنیشت چێشتخانە‌و چاپخانەکانی ئەو بازاڕەبوون، ئەوان زیاتر فرۆشیاری سیمكارت‌ و هێڵەكانی ئەنتەرنێت بوون، بەشێكیان بریكاری كۆمپانیاكان بوون، جگە لە كڕین‌و فرۆشتن خەریكی دانانی بەرنامە‌ و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاوبەشەكانیان بوون. دوای چەندجار سوڕانەوە مۆبایلەكەم دەرهێنا تاكو چەند وێنەیەك بۆ راپۆرتەكە بگرم، لەناكاو ژمارەیەك لە فرۆشیاران پرسیاریان لێكردم ئەو مۆبایلەی دەستم بۆ فرۆشتنە؟ بایی چەندە؟ منیش داوای لێبوردنم كرد و بەردەوامبووم لە رۆیشتن بۆئەوەی چەند دیمەنێكی تری بازاڕەكە ببینم، دیار بوو کاسبی هەندێکیان لەسەر کرین و فرۆشتنی ئامێری بەکارهاتوو یان دەستی دووی مۆبایلە.

ناکرێت هەركەسێك بیەوێ مێزێك دابنێت
ئەوێشم جێهێشت لەو بەر شەقامەکە لە نێوان دوو مێزی فرۆشتنی كەلوپەلی وایەری شەحنی مۆبایل و سیدی بەرەو دوکانێکی تر چووم، لە قسەکانیدا دەرکەوت کە زۆربەی دوکانداران نیگەرانن و پێیانوابوو ناكرێ بازاڕێك بەو شێوەیە بێت و هەركەسێك بیەوێ مێزێك دابنێت، لەكاتێكدا خاوەن دوکانەکان كرێ دەدەن یان بە پارەیەكی زۆر كڕیویانە.

لەكۆتایی بازاڕەكە گەڕامەوە بۆ سەرەتاکەی چاوم کەوتەوە سەر بەرامبەر قەڵا، راستە زۆر قەرەباڵغ نەبوو، بەڵام بەهۆی زۆری چەتری كاسبكاران كە بەهۆی گەرما لەسەر شەقامەكان دایاننابوو دەبوو بە هەستیاریەوە بەو شەقامە تێپەڕیت، هەربۆیە نەمتوانی سەرنجی زیاتر بدەمە بازاڕەكە، بەڵام بینیم زۆربەی كاسبكاران ئەوەندە بە سەیركردنی مۆبایل و یاری پۆپجی خەریك بوون و سەریان لەسەر مۆبایلەکەیان بوو، ئەوەندە ئاگایان لە كڕیاران نەبوو، هەندێكیشان بێ هیوایی لە رووخساریان دیاربوو وادەخوێندرایەوە كە بێ بازاڕی تەواو هیلاكی كردوون. لە شەقامەكە دووركەوتمەوە سەیرێكی دواوەمكرد دیمەنێكی ناڕێک و تارادەیەك ناشارستانی هاتە پێش چاوم هیچ بە بازارێك نەدەچوو لەناو جەرگەی شاری هەولێر پایتەخی هەرێمی كوردستان بێت و بەردەوام باسی پێشکەوتنی بکرێ کەچی نەتوانرێ گەورەترین بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئامێری مۆبایل و سیمکارتی کۆمپانیاکان بەشێوەیەکی سەردەمیانە رێکبخەنەوە.

 282 جار بینراوە