سەرەکی » ئەدەب و هونەر » ڤۆنێگات زایه‌ڵه‌ی ئه‌زموونی نووسینی له‌ چه‌ند خاڵێك كۆده‌كاته‌وه‌

ڤۆنێگات زایه‌ڵه‌ی ئه‌زموونی نووسینی له‌ چه‌ند خاڵێك كۆده‌كاته‌وه‌

فەرهاد چۆمانی

كێرت ڤۆنێگات رۆماننووسێكی ناوداری ئه‌‌مریكاییه‌. له‌ 11- 11ی 1922 له‌دایكبووه‌ و ساڵی 2007 كۆچی دوایی كردووه‌. له‌ ماوه‌ی ساڵانی نووسینی خۆیدا (50 ساڵ) چوارده‌ رۆمان، سی كۆمه‌ڵه‌ چیرۆك و پێنج شانۆنامه‌ و پێنج كتێبی دیكه‌ی بڵاوكردوونه‌ته‌وه‌. كێرت بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك خۆبه‌خشێك به‌شداری له‌ شه‌ڕی دووه‌می جیهانیدا بكات ده‌چێته‌ ریزی سوپاوه‌. دوای راهێنانێكی چڕوپڕ ده‌نێردرێته‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ نازییه‌كان، له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌ك سه‌رباز له‌ شه‌ڕێكدا له‌ لایه‌ن نازییه‌كانه‌وه‌ به‌ دیل ده‌گیرێت و له‌ ئه‌ڵمانیا ده‌مێنێته‌وه‌ و چاوه‌ڕوانی كۆتایی هاتنی ده‌سه‌ڵاتی نازییه‌كان و هاتنی هاوپه‌یمانان ده‌كات، هاوپه‌یمانان به‌ فرۆكه‌كانیان بۆردومانی ئه‌و شاره‌ی تێیدا ده‌مێنیته‌وه‌ ده‌كه‌ن و كۆمه‌ڵكوژی هه‌زاران كه‌سی سیڤیل ده‌كه‌ن. دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ وڵاته‌كه‌ی هه‌موو ئه‌و تراژیدیایانه‌ی بینویه‌تی وه‌ك رۆژنامه‌نووسێك ده‌نووسێته‌وه‌.

یه‌كه‌م رۆمانی له‌ ساڵی 1952 بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ به‌ڵام سه‌ركه‌وتنێكی وای نه‌بووه‌ له‌ رووی فرۆشه‌وه‌، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی هه‌ڵسه‌نگێنرا. دواتر به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكه‌كانی ناوبانگێكی زۆری په‌یدا كرد و ناوی دره‌وشایه‌وه‌. شێوازی نووسینی تێكه‌ڵه‌یه‌كه‌ له‌ خه‌یاڵی زانستی، به‌ تێكه‌ڵكردن به‌ یاده‌وه‌ری و قووڵبوونه‌وه‌ی ده‌روونناسانه‌ به‌ ناخی كاره‌كته‌ره‌كانیدا. به‌ده‌ر له‌ شێوازه‌كه‌ی خۆی كه‌ پێی ده‌ناسرێته‌وه‌ ڤۆنێگات له‌ رۆمانی «قه‌سابخانه‌ی ژماره‌ 5» هه‌موو سنووره‌ كڵێشه‌ییه‌كانی نووسینی رۆمان تێكده‌شكێنێت و به‌رده‌وام چاوه‌ڕوانی خوێنه‌ر بۆ ئاڕاسته‌ بوونی پێشهاته‌كان ده‌شكێنێت. له‌م چه‌ند خاڵه‌دا ڤۆنێگات ده‌یه‌وێ به‌ خاڵ پێمانبڵێت چیرۆكی باش چۆن ده‌نووسرێت:

نابێ خوێنه‌ره‌كانت وا هه‌ست بكه‌ن كه‌سێك هاتووه‌ ده‌یه‌وێ كاته‌كه‌یان به‌ فیڕۆ بدات.

كاتێك ده‌نووسن وشه‌ فڕێ مه‌ده‌ن، ساده‌یی مه‌شێوێنن، رسته‌ ناپێویسته‌كان فڕێ بده‌ن، به‌ كورتی به‌زه‌ییتان به‌ خوێنه‌ره‌كانتاندا بێته‌وه‌.

به‌ لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ كاره‌كته‌رێك پێشكه‌ش به‌ خوێنه‌ره‌كانتان بكه‌ن، كه‌ ئه‌وان لاگیری بن و خۆشیان بوێت.

هه‌ر كاره‌كته‌رێكتان بێت، ئه‌گه‌ر په‌رداخێك ئاویش بێت وا بكه‌ن ئه‌مه‌ پێویستی و خواست بێت

هه‌ر رسته‌یه‌ك ده‌ینووسن ده‌بێ به‌و جۆره‌ بینووسن كه‌ كاره‌كته‌ره‌كه‌تان یان چیرۆكه‌كه‌تان به‌رێته‌ پێشه‌وه‌

تا ده‌كرێ پێویسته‌ سه‌ره‌تای چیرۆكه‌كه‌تان له‌ كۆتاییه‌كه‌ی نزیك بخه‌نه‌وه‌

سادیست بن، كاره‌كته‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانتان به‌هه‌ر هۆكارێك چه‌نده‌ پاكیزه‌ و ساده‌ش بن، شتی زۆر ترسناكیان به‌سه‌ر بهێنن، بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌رانتان بزانن چۆن مرۆگه‌لێكن

بۆ دڵخۆشكردنی تاكه‌ كه‌سێك بنووسن

تا پێتان ده‌كرێت زۆرترین و هه‌رچی زووتره‌ زانیاری به‌ خوێنه‌ره‌كانتان بده‌ن، نه‌كه‌ن دوای بخه‌ن. ده‌بێ خوێنه‌ر به‌ ته‌واوی و یه‌كده‌سته‌ بزانێت چی له‌كوێ و چۆن روویداوه‌، به‌ جۆرێك، ئه‌گه‌ر مۆرانه‌ش له‌ چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی كۆتایی بدات، خوێنه‌ر بتوانێت له‌ سه‌ری خۆیدا چیرۆكه‌كه‌ ته‌واو بكات

ناونیشانی به‌شێك كتێبه‌كانی كێرت ڤۆنێگات:

دایكه‌شه‌و 1961
خودا لێت خۆش بێت به‌ڕێز رۆزواته‌ر 1965
به‌خێربێن بۆ ماڵی مه‌یموون 1968
قه‌سابخانه‌ی ژماره‌ پێنج 1969
به‌رچایی پاڵه‌وانان 1973
زیندانیی 1979
ریشی شین 1978
فریودان 1990

 91 جار بینراوە