سەرەکی » وتار » کام یەکێتیم دەوێت؟

کام یەکێتیم دەوێت؟

دڵشاد تاڵەبانی

دەمەوێت بە چاوێکی هەڵسەنگاندن و رەخنەگرانە بڕوانمە رابردوو و دیدم بۆ داهاتوو دەخەمە روو.

یەکێتی لە پاش سەختترین هەرەس و داڕوخانی گەورەترین جووڵانەوەی چەکداری، بڵاوبوونەوەی نائومێدی و رەشبینی دامەزرا. ئەوە وەرچەرخانێکی گەورە بوو لە مێژووی کورددا. تەنانەت تێکۆشەرانی رابردووش کە دەڕۆیشتینە لایان گاڵتەیان پێدەهات.

بڕینی قۆناغە سەختەکان
لە رێڕەوی کارکردندا، یەکێتی سەرکەوتنی بەدەستهینا، شکستیشی خوارد، تووشی هەڵەش بوو، هەموو چین و توێژەکانی تێدا کۆببۆوە و بە رەسمیش لە سێ رەوت پێکهاتبوو. کۆمەڵەش چەندین تێزی تێدا بوو. بەرنامەیەکی دیاریکراوی نووسراوی نەبوو پەیڕەو بکرێت، بۆیە ئاراستەی(نەهج) ی دیار نەبوو و ئیجتهاداتی کەسایەتی رۆڵی تێدا دەبینی، زۆر لە کادرەکان رادیکاڵ بوون و بەرامبەریان پەسەند نەدەکرد، بۆیە هەم لەناو خودی کۆمەڵە و هەم لەگەڵ باڵەکانی تردا ناکۆکییەکان کەڵەکە دەبوون و چەندین لێکترازان دروستبوو. مەبەستی پارتی پێشڕەو(کە دەستەواژەیەکی لینینی و زیاتر ستالینییە) لەناو کۆمەڵەدا چەسپی بوو.

مام جەلال لەگەڵ گۆڕانکارییەکان هەنگاوی گونجاوی دەنا
ئەگەر ئەوکاتە زیرەکی و شارەزایی و پشوودرێژیی مام جەلال نەبوایە، رەنگە یەکێتی زوو لە یەک بترازایە، تەنها کەسایەتی ئەو هاوسەنگیی ناو یەکێتییەکی لەو شێوە پێکهاتەیەی راگرتبوو.

مام جەلال و کاک نەوشیروان زانیان ئەو بارە هەروا ناڕوات، بۆیە پڕۆژەی بە سۆشیال دیموکرات بوونی یەکێتییان خستەڕوو، بەڵام بە داخەوە هەر لەسەرەتاوە وەک پێویست ئامادەکاریی بۆ نەکرا.

لەبەرئەوەی زۆرێک لە سەرکردە و کادرەکان لەگەڵ سۆشیال دیموکرات نەبوون، بۆیە زۆرینە هەر بە ئەقڵییەتە کۆنەکەوە هاتنەوە ناو ئەو یەکگرتنە کەئەو یەکگرتنە زیاتر رواڵەتی بوو، بەڵام بە ئاراستە و رەوتی جیاجیاوە.
ئەوەشی بە راستی بۆ یەکێتییەکی سۆشیال دیموکرات کاری دەکرد و بڕوای پێ بوو، وەک پێویست بەدەنگەوە هاتن نەبوو بۆی ئەگەر ئاستەنگیشی نەخرایەتە رێگەی.

شەڕی ناوخۆ ئەوەندە زوو لە دوای یەکەمین کۆنگرە هەڵگیرسا، مەودا و دەرفەتی ئەوەی نەدا بیری سۆشیال دیموکرات لەناو کادرەکاندا لەڕووی سەرەتاوە بچەسپێت و بەرنامەیەکی وا جێگیر ببێت کە ببێتە بنەمای کارکردن لەسەر ئەو رێبازە.

ململانێی گروپەکانیش لەناوەوە هەندێک جار وا سەخت دەبوو، کە ئەگەر مام جەلال نەهاتبایە ناو کێشەکانەوە، بەزووی کێشەکان دەتەقینەوە. دوای ئەوەی شەڕی ناوخۆ نەما، ململانێکان هەر بەردەوام بوو.

چاکسازی دروشمێکی لاستیکی
لە دوای قۆناغی شەڕی ناوخۆ و دووەمین کۆنگرەوە چەندین دەستەو گروپ لەناو یەکێتییەوە بەناوی چاکسازییەوە سەریان هەڵدا، کە دەشێت خەڵکانێک هەبووبن بەراستی لە خەمی چاکسازیدا بووبن، بەڵام ئەو دروشمە بووە دروشمێکی لاستیکی و هەموو ئەوانە کە رەنگە دژی ئاراستەی یەکتریش بووبن، ئەو دروشمەیان زەقدەکردەوە و ئەوەش دۆخی ناوخۆیی یەکێتی ئەوەندەی تر ئالۆز کرد و ململانێکانی قووڵتر کردەوە، ئەو جارەش حیکمەتی مام جەلال نەیهێشت یەکێتی لە یەک بترازیت.

یەکێتی لەبن نەهات و لەبن نایەت
پاش مام جەلال یەکێتی جارێکی تر ئالۆزیی گەورەی تێکەوت کە نەیارانی پێیان وا بوو هەوڵیشیان دەدا لە یەک بترازێت، بەڵام هەموو لاکانی ناو یەکێتی دەرکیان بە مەترسییەکە کرد، بۆیە کە یەکێتی کۆنگرەشی بەست لە یەک نەترازا، بگرە بە تین و گوڕێکی ترەوە کەوەتەوە کار.

ئێستا یەکێتی لە بەردەم دووڕیانێکدایە، یەکەم هەوڵ بدات بە راستی بەرنامەیەکی سۆشیال دیموکراتیانە پەیڕەو بکات و ئۆرگانەکانی و بەشداربوونی لە حکومەت و هەموو کارەکانی بەو ئاراستەیەدا ببات، کادرە دوورەپەرێزە بە هەڵوێستەکانی ئاشت بکاتەوە، جەماوەر بە راستی و لەسەر بناغەی دروست ئاشت بکاتەوە و هەوڵ بۆ دابینکردنی داواو پێداویستییە رەواکانیان بدات، دەبێت یەکێتی بە توندی دژی گەندەڵی و هەموو جۆرە قۆرخ کردنێک بووەستێتەوە، هەڵسەنگاندی تەواوی کادرەکانی بکات و کەسە بە هەڵوێست و شارەزا و بەتواناکانی کاندیدبکات بۆ پەرلەمان و هەموو کار و ئەرکێکی گرنگی تر، پەیوەندییەکانی لەسەر بناغەی واقیعی سەردەمییانە دابڕێژێتەوە، بێگومان بەوە سەرکەوتنی مەزن بە دەست دەهێنێت و بڕوای زیاتری جەماوەر بە لای خۆیدا رادەکێشێتەوە و متمانەیان وەردەگرێت. یان تەنها بەشداریی لە حکومڕانی و دەسەڵاتی رواڵەتی لا مەبەست بێت، کە متمانەی جەماوەرەکەشی لە دەست دەدات و ناچار دەبێت هەموو شت لە لایەنی دووەم قبووڵ بکات و دەبێتە پاشکۆی ئەو لایەنە.

با قۆناغێک لە حوکم نەبێت ئەگەر کورسی پێویستی نەهێنا، خۆ زۆر لە حزبە گەورەکانی جیهان بە قۆناغی وادا تێپەڕبوون و بەهێزتر بوون. ئەو رێکەوتنەش لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا بە کارێکی زۆرباش دەزانم ئەگەر بنەماکانی وردتر دیاری بکرێت و لەدوای هەڵبژاردن فراوانتر و گشتگیرتر بکرێت.

 76 جار بینراوە