سەرەکی » وتار » هیوا محەمەد » هۆشیاری تاک، باشترین چەک بۆ روبەڕووبوونەوە

هۆشیاری تاک، باشترین چەک بۆ روبەڕووبوونەوە

بۆ دروست کردنی هەر پێکهاتەیەک پێویستت بە چەند مادەیەک دەبێت تا بتوانیت بەتەواوی ئەو سیفەتانە بدەیتە ئەو پێکهاتەیەی کە ناوت لێناوە و دەتەوێت بیخەیتە روو.

کۆمەڵگە تەنها پێک نایەت لە ژمارەی مرۆڤەکان، بەڵکو پێک دێت لە پێکهاتەی جیاجیا و هزر و باوەڕی جۆراو جۆر، هەریەک لە بوارێکدا شارەزا و پسپۆڕ و بە هەمووشیان دەبنە تەواوکەر تا ناوی کۆمەڵگەی لێ بندرێت.

هەر پێکهاتەیەکی کۆمەڵگەش بۆ ئەوەی بتوانێت کاربکات لەسەر پێشکەوتنی خۆی و خۆگونجاندن لەگەڵ رەوتە جیهانییەکە، پێویستی بە بوونی کەسانی هۆشیار هەیە، هۆشیار بەو مانایەی کە چاوکراوە بن و هزرێکی روونیان هەبێت و بە ئاسانی لە پێشهاتەکان تێبگەن و لە هەموو چەمکەکانی ژیاندا زانیارییان هەبێت، دەبێت هێندە هۆشیار بن تا رادەیەک پێش هەنگاو نان دەرەنجامی هەنگاوەکەیان هەڵبسەنگێنن و چاک و خراپییەکەی لێک بدەنەوە.

کەسی هۆشیار هەنگاوێک نانێت ئەگەر بزانێت زیانی زیاتر لە سوود، ئەم سوود و زیانەش دەبێت تەنها لەبەرژەوەندی تاکەکەسیی خۆی نەبێت، چونکە ئەو هەڵگری پەیامێکی گشتگیرە و دەتوانێت بەرژەروەندییەکانی خۆشی لە گەڵ ئەوەی ئەوان گرێبداتەوە.

تاکی کۆمەڵگە ئەگەر هۆشیار بێت ئەوە بەگشتی کۆی پرۆسەی گەشەسەندن و بە شارستانی بوون، تەندروستانە دەڕواتە پێش.

تاکی کۆمەڵگە خەتای خۆیەتی ئەگەر ئیدارەدانی کۆمەڵگەکەی بە خراپی بڕوات بەڕێوە، چونکە ئیدارەکە لەڕێگەی دەستی تاکەکانەوە یان دەنگی تاکەکانەوە هاتووەتە ئەو جێگەیە و ئەم متمانەی داوەتێ.

ئەوانەی شۆڕشێک دەکەن و دەسەڵاتەکەی خۆیان دەگۆڕن ئەوە تاکەکانی کۆمەڵگەن و هەڵبژاردەیەک لە تاکە هۆشیارەکان دەبنە هەوێنی دروست کردنی شۆڕشەکە و ئەوانی دیکە هاوکارییان دەبن.

چەند باشە کاتێک شۆڕشێک یان حزبێک هەرچی زیاتر ئەندام و کادیری پێشکەوتووی هۆشیاری هەبێت نەک بە ژمارەی پەنجەکانی دەست. کۆمەڵگەی خاوەن تاکی هۆشیار کەمتر لەوانی دیکە دووچار و روبەڕووی کارەسات دەبێتەوە و کۆسپ دێتە رێێ، ئەم جۆرە کۆمەڵگەیە لە رێگەی تاکە هۆشیارەکانییەوە کە زوو تێگەیشتنیان دەبێت بۆ پێشهاتەکە دەتوانن پلانی روبەڕووبوونەوەی بۆ دابڕێژن.

ئەگەر کۆمەڵگەیەک تاکی هۆشیاری کەمبێت، ئەوە هەمیشە لە نەهامەتیدا دەژی، بەرگەی ئافات و نەخۆشییە ڤایروسییەکان ناگرێت و زیانی زیاتری بەردەکەوێت، هیندوستان بە نموونە لەم ڤایروسی کۆرۆنایەدا، لەئەنجامی نا هۆشیاری زۆری تاکەکانیان نەخۆشییەکە گەورەترین زیانی پێگەیاندن.

مرۆڤی هۆشیار هەر مل نانێت و چاوەڕوانی فەرمان بکات، بەڵکو بیرکردنەوە و بۆچوونی خۆشی بەکار دێنێت بۆ لێکدانەوە پێش ئەنجامدانی هەر فەرمانێک.

دەبێت تاکەکان بەپێی پیشەکەیان هەوڵی خۆ هۆشیار کردن نەدەن، بەڵکو بەو پێیەی کە تاکی کۆمەڵگەکەن لەهەر پلەو پۆستێکدا بن دەبێت هەمیشە بەزانیارییە گشتییەکانی رۆژانە و شروڤەکردنی روداوەکان و تێگەیشتن لە راستییەکان، خۆراکی مێشکی خۆی دابین بکات و ئامادە بێت بۆ وەستانەوە لە بەرامبەر بۆچوونێک یان پلانێک کە دەزانێت زیان بە خۆی و دەوروبەرەکەشی دەگەیەنێت.

لە کۆمەڵگەیەکدا کە تاکەکان بیرکردنەوەیان بە جۆرێک بێت گوایە ئەم کرێکارێکی رۆژانەی سادەیە چ پێویستی بە گوێگرتن لە هەواڵەکانی وڵاتەکەیەتی، یان چ پێویست دەکات بزانێت کێ حکومڕانییەتی و چۆن حکوم دەکات، زەوتکردنی ماف و چەسپاندنی دەسەڵاتی حزبی تاک، رێگریی کردن لێی بە ئەرکی خۆی نەزانێت، ئەوە ئەم کۆمەڵگەیە هەمیشە بەدەست نەخۆشییە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەکانەوە دەناڵێنێت و لەناویشیاندا ئازادییەکانی رادەربڕینی سیاسی بەرتەسک دەبنەوە و لەبەرامبەریدا ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان لە لەشفرۆشی و مادەی هۆشبەر قومار و بێرەوشتی دیکە گەشە دەکات، ئەمەش بۆ ئەوەی خەڵکەکە بێئاگان بن لەوەی ئەو دەستەی حکومڕانییە دەیکەن.

تاکی هۆشیار نەخۆی دەکوژێت نەکەسێکی تر
تاکی هۆشیار نەخۆی دەکوژێت نەکەسێکی دیکە، ئەو ماف بەخۆی نادات بێ پەنابردن بۆ دادگا و یاسا پارێزان، هەڵبستێ کەسێک سزا بدات و خۆی بیکوژێت.

ئەگەر هۆشیار بوو درک بەوە دەکات کە یاسایەک هەیە و هەموان دەبێت پابەندی ببن و لەوێدا ماف خوراو و مافخۆر دەردەکەوێت، ئەگەر ئەو هۆشیار بوو لەکاتی روبەڕووبوونەوەی بۆ کێشەیەک پەنا دەباتە بەر هۆشیاریی خۆی و بیرکردنەوە بۆ رێگە چارە، نەک ئەوەی کۆتایی بە ژیانی خۆی بێنێت، بەمەش کارەساتێک بۆ دایک و باوک و کەس و کاری جێبهێڵێت و رێگریش دەبێت لەوەی کە دەکرا خۆی بمابایە و لە قۆناغێکی دیکەی ژیانیدا زاڵ ببوایە بەسەر گرفتەکەدا و بەشداری لە داهێنانێکدا بکردایە کە سوودی بۆ هەموو کۆمەڵگە هەبوایە.

کۆمەڵگە هەمیشە لە بەختیاری و پێشکەوتندا ناژی، جاری وا هەیە کارەساتێکی سروشتی رووی لێدەنێت و وێرانیان دەکات، بەڵام هێشتا لەمەیاندا ئەگەر تاکەکان هۆشیار بوون ئەوە بە زیانی کەمتر دەتوانن تێیبپەڕێنن.

تاکی کەم هۆشیار چۆن روبەڕووی کارەسات دەبێتەوە؟
لەناو کۆمەڵگە کەم هۆشیارەکاندا، روبەڕووبوونەوە بۆ کارەساتێکی وا زیاتر زیانی هەیە، چونکە لە ئەنجامی لاوازییان و قبوڵنەکردنی دۆخەکە، یان باش هەڵنەسانگاندنیان بۆی، بیروبۆچوونی جیاوازی دژ بەیەک دروست دەبێت، لێرەشدا لەبری ئەوەی بە پلانی باش و تۆکمەی چارەسەر ئامێزەوە لەگەڵ کارەساتەکە مامەڵە بکەن، پێکدادانی بیرە جیاوازەکان دێتە پێش و تۆمەت بۆ یەکتر هەڵدەبەستن و لە تواناکانی یەکتر کەم دەکەنەوە، لەبری ئەوەی چارەسەری دۆخەکە بکەن، ئاڵۆزتری دەکەن.

کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان زاڵ دەبن بەسەر دواکەوتووەکاندا
کۆمەڵگەکان هەموویان وەک یەک نین، ئەوانەی پێشکەوتوون و لە شارستانیدا دەژین و خۆیان پێگەیاندووە، هەمیشە و بە بەردەوامی زیاتر پێش دەکەون، هەر ئەمەشە وادەکات وڵاتانی زل هێز دروست دەبن، ئەوان بەوە بەتوانا دەبن کە زیرەکانە لەگەڵ رەوتەکە دەڕۆن و خۆیان و تاکەکانیان بە هزری پێشکەوتن و یاسا پارێزی و مرۆڤدۆستی دەبەنە پێش.

ئەم کۆمەڵگە پێشکەوتوو ( زلهێزانە) چاویان لەسەر ئەو کۆمەڵگە لاوازانەیە کە لە ئەنجامی نەبوونی هۆشیاریی تاکەکانیان، خاوەنی ئیدارەدانێکی سەرکەوتووی کۆمەڵگەکەیان نین، بۆیە لەم رێگەوە هەڵیان دەخەڵەتێنن و دەست بەسەر سەروەت و سامانەکانیاندا دەگرن، یان لانی کەم هەڵیان دەخەڵەتێنن و بەرامبەر سامانێکی زۆر بەشدار دەبن لە ئاوەدان کردنەوەی وڵاتەکەیان.

دەرەبەگ پێی خۆش نەبوو جووتیار خوێندەوار بێت
جاران دەرەبەگەکان پێیان باش نەبوو منداڵانی جووتیارەکان و ژێر دەستەکانی خۆیان خوێندەوار بن، ئەوان نەیاندەویست هۆشیار بن و لە ئەنجامدا بەرووی چەوسانەوەکانیاندا بوەستنەوە، هەرچی سەرمایەداریی ئەمرۆشە نایەوێت جگە لەو نوخبەیەی کە خۆی دەیەوێت تاکەکانی دیکەی کۆمەڵگە هۆشیار بن زیاتر لە پێویست یان کەمتر، ئەوان پێیان باش نییە کەسێک لەناو بەرەیەکی رزگاریخوازی شۆڕشگێڕیدا کار بکات، ببێتە خاوەنی دەسەڵات و سەروەت نەبادا ئەو سەروەتە بەکار بهێنێت بۆ وەستانەوە لە دژیان.

حزبە سوشیال دیموکراتەکان بە پێچەوانەوە کار لەسەر هۆشیارکردنی تاک دەکەن چونکە ئەوان ئامانجیان خزمەتی مرۆڤایەتی و بەرەو پێش بردنییەتی.

کەوابوو لەهەموو ئەم حاڵەتانەدا هۆشیار بوونی تاک باشترین رێگرییە لە چەوسانەوە و ماف خواردنی تاکەکانی کۆمەڵگە، هۆشیاری باشترین چەکی روبەڕووبوونەوەی ستەم و نادادییە، باشترین رێگەی گەیشتنە بە بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی شارستانی و قەڵای مرۆڤدۆستییە.

 368 جار بینراوە