سەرەکی » وتار » هیوا محەمەد » مادەی هۆشبەر دڕندەترین نەخۆشی کۆمەڵگە

مادەی هۆشبەر دڕندەترین نەخۆشی کۆمەڵگە

لە سەردەمی رابردوودا لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بزووتنەوەی چەپ هەبوو، خەباتی گەلان بۆ دەرچوون لەژێر دەستەیی و چەوسانەوە و فەرمانڕەوایی بۆرژوازیی یان بۆ رزگاریی و ئازادیی گەلان بوو لە بن دەستی رژێمە دیکتاتورەکان، لەو نەتەوانەش کورد یەکێکیان بوو و تائێستاش کێشەکەی بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.

لەو سەردەمانەدا ئەو خەباتگێڕانەی کە دەگیران و زیندانی دەکران، لەناو زینداندا چاودێریی ئەوەیان لەسەربوو کاتێک سەردان دەکرێن لەلایەن کەسو کاریانەوە، نەبادا نامەی سیاسیی یان چەکێک یاخود چەقۆیەکیان بۆ بێتە ناوەوە و بەکاری بهێنن بۆ هەڵاتن و شکاندنی زیندان یان خۆرێکخستن و بەئاگابوون لە چالاکیی شۆڕشگێرەکانی هاوڕێیان.

ئەمڕۆ بێ ئومێدبوون لە بەرنامەی ئایدیاکان و خەباتەکان و لادانیان بەرەو بەرژەوەندیی تەسکی کەسێتیی و دەستەگەریی و پشتکردنە خواستەکانی خەڵکی گشتی، وایکردووە کە تاکەکانی کۆمەڵ بە شیرازە پچڕاوییەوە هەریەکە خۆی بە تەنها هەوڵی دروستکردنی خۆی بدات، هەربۆیەش دەبینین زیاتر لە جاران پەرتوبڵاوی بە ریزەکانی کۆمەڵگەوە دیارە چ سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری.

لە ئەنجامی هەوڵەکانی تاک و کارکردنی هەرکەس بۆخۆی و پابەندنەبوونیان بە رێکخستنە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانەوە، تووشبوون بە تاوانی جۆراو جۆر روو لە هەڵکشانە، تۆڵەسەندنەوە هەرکەس بەدەستی خۆی، ئەوە دەردەخات کە زۆرێک لە خەڵک باوەڕیان بە هەندێک لە دادگاکان نییە کە دادپەروەرانە مافی مافخوراوان بگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنەکەی، ئەمەش بەهۆی دەستتێوەردانی کەسایەتییە باڵا دەستەکان.

یەکێک لەو دیاردە خراپانەی کە زیانی گەورە بە هۆشیاری تاک دەگەیەنێت و لەڕێگەشییەوە بە کۆمەڵگە بە گشتی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکانە، ئەمە وادەکات کەسی بەکارهێنەر بێئاگا بکات لە هەرچی لە دەوری تێدەپەڕێت و روودەدات.

هێندە لاوازی دەکات کە نەتوانێت بیری ئەوەی هەبێت کە دوێنێ چی رووی داوە و ئەرک و مافی چییە، ئەمە جگە لە لاوازکردنی بیر و جەستەی. بۆیە ئەو جۆرە کەسە ئالودەبووانە ئێستا لە دەرەوەی زیندان و لە ناوەوەش هەوڵدەدەن دەستیان بەو مادانە ڕابگات.

 322 جار بینراوە