سەرەکی » ئەدەب و هونەر » باوکم نەمردووەپەڕە 2

کورتیلەچیرۆک

باوکم نەمردووە

‌هێشوو کەریم

جار بەجار بە دەنگێکی بەرزتر دەیوت.

وردە وردە سەرنجی هەموانی بەلای خۆیدا رادەکێشا.

پەیتا پەیتا خەڵکەکە دەچوون بۆ سەیرکردنی.

ئەمە دەنگی کوڕە تیشێرت سوورەکە بوو. کە دیار بوو کوڕی گەورەیەتی، دیمەنەکان بە جۆرێک تراژیدی بوون بۆ دڵێکی وەک بەردیش بە ئازار بوون، کاتێک من چوومە لایان دکتۆرە کوڕە جل سەوزە قژدرێژەکە کە چاویلکەیەکی لە چاودا بوو دەیوت: نەیانوت بە چی وای لێ هاتوە؟؟ باوکیان لەسەر قەرەوێڵە بەرزەکەی ژووری فریاکەوتنی خێرا پاڵکەوتبوو، دیار بوو کە لە هۆڵی وەرزشەوە هێناویانە، شۆرتێکی رەش و تیشێرتێکی سپی تایبەت بە وەرزشی لەبەردا بوو، پێڵاوە رەشە وەرزشییەکانی هێشتا لە پێییدا بوو… دەستەکانی شل ببوون کەوتبوونە ئەملاو ئەولای قەرەوێڵەکەوە، پیاوێکی تەمەن نزیکەی چل ساڵان دەبوو، پەرستارەکە چووبووە شوێنێکی بەرز و بە هەموو هێزی هەناسەی دەستکردی بۆ دەکرد، ئۆکسجینەکە لەسەر دەمی بوو، ئامێری پێوانەکردنی لێدانی دڵ تەنیا یەک نوزەی پیشان دەدا، رێک و ساف دەڕۆیشت.

باوکم نەمردووە، توخوا بڵێن، باوکم نەمردووە!

ئاخر خۆ ئێمە کەسمان نییە پێی بڵێن بە جێمان نەهێڵێت من ئەمڕۆ چووم بۆ ئیش باوکم نەبینیوە.

کوڕە گەورەکەی وای دەوت هەرچی کوڕە بچووکەکەشی بوو پانتۆڵێکی کاوبۆ و تیشێرتێکی رەشی لەبەردا بوو دیار بوو کە ئازاری لە دەستدانی باوکی هێزی لێ بریبوو، دەیوت: باوکە مەڕۆ ئاخر دارین هێشتا پێنج ساڵە چۆن دڵت دێت بەجێیی بهێڵیت. لێویان وشک بووبوو، لەناو ئەو ئازارە قورسە و ئەو شۆکەی کە بەرگەگرتنی ئەستەمە دەستەواژەی باوکم نەمردووە کەمێک هیوای پێ دەبەخشین، دوای هەوڵێکی زۆر و چەندین جار هەناسەی دەستکرد ناچاربوون پەنا بۆ لێدانی کارەبا بەرن، کارەبایان لێدا بەڵام دیاربوو بەجۆرێک رۆشتبوو کە گەڕانەوەی مەحاڵ بوو وردە وردە دەموچاوی مۆر دەبوو دکتۆرەکان وتیان تەواو باوکتان مرد، رێوشوێنی پێویستیان بۆ دانەوەی تەرمەکەی گرتەبەر، بەڵام کوڕەکانی زیاتر هاواریان دەکرد، بۆ سەری دادەپۆشن خۆ باوکمان نەمردووە؟ باشە با یەک ماچی بکەم من ئەمڕۆ باوکم نەبینیوە، من باوکم قەت بەم بێ دەسەڵاتییە نەدیوە.

لە بێبەختی من تەرمەکەیان بە بەردەمی مندا هێنا، کوڕە بچووکەکەی باوەشی کردبوو بەسەری باوکیدا دەیوت باوکە باوکە باوکە گیان، دەتوخوا هەستەوە با بچینە ماڵەوە دایکم چاوەڕێمان دەکات…

 275 جار بینراوە