سەرەکی » ئاراستە » ئه‌و رۆژه‌ی له‌ زیندان ده‌رچووین

ئه‌و رۆژه‌ی له‌ زیندان ده‌رچووین

سه‌رحه‌د یونس محه‌مه‌د

پاش بەسەر بردنی ساڵێک و سێ مانگ و یازدە ڕۆژ،١٤-٢-١٩٧٨ بەهۆی لێبوردنی تایبەتەوە لە زیندانی ناسرییە ئازاد كراین و گەڕاینەوە بۆ كوردستان. ڕۆژێكی زۆر خۆش بوو هەموو خەڵكی تەپی سەفاو بەشێك لە شەكرالی بەپیریمانەوە هاتن و تا ناو ئاوایی تەپی سەفا بەخێریان هێناینەوە.

زیندانی ناسرییە و خەوبینینی دایكم
پێش سێ ڕۆژ لە ئازادبونمان دایك خەوێكی بینی كە دڵی زیندانەكانی بە تەواوی خۆش كرد ئەوەبوو لەخەویدا شێخ عومەری بیارە (قدس سرە) گۆچانێكی بەدەستەوە بووە داویەتی لە پشتی زیندانییەكان و پێی وتوون دەرچن لەم سجنەو بچنە دەرەوە ، بەزۆر پاڵی بە خەڵكەكەوە ناوە ، بۆ بەیانی بۆ مام حاجی مشیرو حاجی عەبدولكەریم و مام حەمەدەمین و كۆمەڵێك پیاو باشی گێڕایەوە هەموو دڵخۆش بون و وتیان (ان شاالله) كۆتایی بەم ناخۆشییە دێت و ڕزگارمان دەبێت.
دوای ئەوەی دایكم ئەو خەوەی بینی زیندانیەكان هەموو دڵخۆش بوون و ڕووناكییەك لەناو دڵیان دروست بوو، بەڵام هێشتا هیچ كەس خەبەرێكی خۆشی نەبیستبوو ، دوای سێ ڕۆژ بەسەر تێپەڕبوونی ئەو خەوەدا كاربەدەستێكی باڵا بەخۆی و بەیانێكی فەرمییەوە هاتە ناو زیندان و زیندانیانی هەموو كۆكردەوە وتی: – با هەواڵێكی خۆشتان پێ بدەم .ئێوە لەمڕۆوە ئازادن حكومەت لێبوردنی دەركردووە بۆ سەرجەم زیندانیانی دەست بەسەر كە لە باكورەوە هێنراون بۆ ئێرە ، خۆتان كۆ بكەنەوە و بەیانی ئۆتۆمبێل ئامادە دەكرێت تا سلێمانی ناوەستێت و هەركەس بۆ شوێن و جێگای خۆی بڕواتەوە .
قسە لەدەمی كابرای بەرپرس نەكەوتە خوارەوە بوو بە خۆشی و شادییەك هەر مەپرسە. حەوشی سجن بۆ یەكەم جار بوو بە هۆڵی بۆنەكان و ئاهەنگ و هەڵپەركێ دەستی پێ كرد ، ئەو شەوە كەس تا بەیانی خەو نەچووە چاوی ، مناڵان چاوشاركی و هەڵبەزو دابەز تا خەو دەیبردنەوە بەو شێوەیە ئەو شەوەمان بەشادی و خۆشی بەسەر برد ، بەیانی دوای ئەوە یەكی نیوكاتژمێرێك سەرمان نابویەوە هەستاین و خۆمان بۆ هاتنی ئۆتۆمبێلی گواستنەوە ئامادە كرد .
ئوم حسێنی دوكاندار و پیاوەكەی دەستیان بەگریان كرد ئەوان بەڕاستی ئالودەی ئێمە بوبون ڕۆژانە بایی چەند دیناری ئەو كاتە لەپارەی زیندانییەكان دەڕژایە ناو حسابەكەیان ،ئیتر گوێیان لەدەنگی شلۆنچ ئوم حسێن نابێت ، ئیتر هاك كاكە هاچ دادەیان نامێنێت و دەبێت سۆپەرماركێتەكەیان بگوازنەوە بۆ شوێنێكی دیكە . دابڕان سەختە ئەگەر ئەو دابڕانە بەرژەوەندی ئابوریشی لەگەڵدا بێت سەختتر و نالەبار ترە ، بەهەر حاڵ خوای گەورە كڵاوی بۆ بەڕوو كردووە و سەری بێ ڕزق لەژێر خاكدایە ، كێ دەڵێت گوزەرانیان باشتریش نەبوبێت ، بەڵام ماڵئاوایی یەكجاریمان لەیەك كرد و دیدار و قیامەت كەوتین . پۆلیسەكانیش بەهەمان شێوە دڵتەنگ بوون بە ڕۆیشتنمان ، هەرچۆن بێت سواری ئۆتۆمبێل كراین و ماڵئاواییمان لە شاری (ناسرییە) كرد و بەرەو كوردستانی خۆشەویست گەڕاینەوە .
سەفەری ئەم جارەمان پڕبوو لە دڵخۆشی و تاسەی بینینی نیشتمان، ئەم جارەكە هاتینەوە سلێمانی شەو بوو ، داخڵ بە زیندانی گەورەی سلێمانی كراینەوە تا بەیانی ڕۆژ بوویەوە. بۆ بەیانی پاسیان گرت بۆ هەموو خێزانەكان و هەریەكە بەرەو زێدی خۆی ڕەوانەیان كردین. ئێمەش لەگەڵ ماڵ پورم لە پاسێكدا بوین هاتینە گردی گۆ (ئەو فەرعەی بۆ خورماڵ دەچێت) لەوێ دابەزین . لەبیرمە ئێمەی مناڵ لەو قەراغ جادەیە كەوتبوینە شوێن بۆقێك زۆر خۆش بوو بەلامانەوە دنیا سەوزو جوان و هەوای پاك و تەمیز و دیمەی ئەو ناوچەیە زۆر دڵگیر بوو ، ئێمە لە بیابانەوە و لە خواردنەوەی ئاوی سوێری ناسرییەوە هاتبوینەوە بۆ بەهەشتێك .ڕێگای تەپی سەفا قوڕ بوو دەبوایە بە پێ بچینەوە ئاوایی خەڵكی شەكرالی و تەپی سەفا و گردی گۆ و كوڵكنی و گردی قازی و تەپەڕێزینە و تەپەسەرقوڵە و گێڵەك و هەموو هاتن بە پیریمانەوە .
ئەو یادگارییەم بیر ناچێتەوە كە تا ناو ئاوایی عەبدوڵای خاڵۆ حەمە خستمیە سەر ملی خۆی. قسەی عەرەبیم بۆ دەكردن و ژمارەم بە عەرەبی تا سەد بۆ دەژماردن . لەزەتەكانی ئەو ئازاد بوونە ناتوانرێت بەنوسین باس بكرێت.
هەرچۆن باسی ئازار و مەینەتییەكانی ناو زیندان بكرێت هێشتا ناتوانرێت بەتەواوی گوزارشتی لێ بكرێت ، بەڵام تام و لەزەتی فیداكاری بۆ خاك و نەتەوە هەموو ئەو ئازارانە دەشواتەوە .ئێمە تا ئێستاش سەرمان بەرزە كە ساڵ و نیوێك لە بیابان لەژێر دەستی پیسترین ڕژێمی دیكتاتۆریدا بوین و ئازادییان لێ زەوت كردبوین و دواتریش باوكمان شەهید بووە . یان بۆ هەندێكی ترمان ئێستاش باوكیان پێشمەرگەیە و لەڕیزەكانی پێشەوەی خەباتدایە لەهەموو شوێنی ئەم وڵاتەی خۆماندا ڕێزیان لێ ناوین و بەحورمەتەوە پێشوازیمان لێ دەكرێت. كەواتە داری ئازادی بەخوێن ئاو نەدرێت قەت بەرناگرێت سەربەخۆیی بێ فیداكاری هەرگیز سەرناگرێت.
ئەو كەسانەی لە زیندانی ناسرییە و دەوربەری پێكەوە بوین ئەمانەی خوارەوەمان لەبیر ماوە كە نزیكە ١٢٠ كەس دەبین، وە داوای لێبوردن لەو كەسانەش دەكەین كە ناوەكەیمان بیر نەماوە :
١- حاجی مشیر محەمەد مەحمود یاروەیس تەپی سەفایی باوكی شەهید شەوكەت خوالێیان خۆش بێت.
٢- ئافتاو خانم كچی عوسمان عومەر مەحمود یاروەیس خێزانی شەهید هاوار لە گوندی شەكرالی، كە دەكاتە دایكی ئێمە.
٣- دلوستان خانم كچی عوسمان عومەر مەحمود یاروەیس خێزانی شەهیدی سەركردە شەوكەت حاجی مشیر ، كە دەكاتە پورم واتە خوشكی دایكم.
٤- سەرحەد (نوسەری ئەم بیرەوەریانە) – ئەسعەد – شەهلا – ئەمیر (لەوێ‌ كۆچی دوایی كرد) مناڵانی شەهید یونس محەمەد عەلی ناسراو بە شەهید هاوار.
٥- ئارام – ئالان – ئەسیر (لەوێ‌ لەدایك بووە و لە ٢٠١٢ لە شاری لەندەن كۆچی دوایی كردووە) مناڵانی شەهید شەوكەت حاجی مشیر.
٦- بەهیە خانم كچی میرزا حەسەن نەورۆڵی خێزانی كاك حامید حاجی خالید لەگەڵ ئاریانی كچی.
٧- خوالێی خۆش بێت ناهی خانم كچی مام عەلی خێزانی دووەمی كاك حامید حاجی خالید لەگەڵ ڕێبواری كوڕی.
٨- خوالێی خۆش بێت ڕابیعە خانم خێزانی شەهید عەریف مەحمود ومناڵەكانی شاكر و شوكریە.
٩- خوالێی خۆش بێت فاتمە خانم خێزانی شەهید عەلی شیعە.
١٠- شەهید حەیدەر كوڕی شەهید عەلی شیعە.
١١- خۆشناو – خەیروڵا – بەیان – ژیان – سكاڵا – سزا ،مناڵانی شەهید عەلی شیعە.
١٢- سەبریە خانم و بەدریە خانم خوشكانی شەهید دكتۆر ڕەزا و دایكیان خوالێی خۆش بێت.
١٣- مام خدر خەڵكی دەڤەری ڕاپەڕین لەوێ‌ كۆچی دوایی كرد خوالێی خۆش بێت.
١٤- پورە هەمین خەڵكی دەڤەری ڕاپەڕین.
١٥- غەفور ئەحمەد و ئەفتاب حامید باوك و دایكی شەهید حەمە غەفور ئاغجەلەری.
١٦- وەزیرە عەبدوڕەحمان خێزانی شەهید حەمە غەفور ئاغجەلەری.
١٧- سەركەوت – هێرۆ – سەردار – لەیلا ، مناڵانی شەهید حەمە غەفور ئاغجەلەری.
١٨- باجی فەیم ئاغجەلەری.
١٩- مام سابیر ناوێك – لیرە خانم خەڵكی قەڵادزێ‌ بوو.
٢٠- حەپسە خانم برازای شەهید عەلی عەسكری.
٢١- فاتمە خانم خێزانی شەهید ڕەسول مامەند لەگەڵ مناڵەكانی مەمەند – ئاڤێستا – سارا (لەوێ‌ لەدایك بوو) هەروەها و ئامینە خانمی ژنخوشكی شەهید ڕەسول مامەند.
٢٢- خواڵێی خۆش بێت جەواهێر خانم خێزانی شەهید كەریم برایم بگ و ئومێدی كوڕی و هەڵاڵەی كچی.
٢٣- باجی فەیم خێزانی حەمەی نادر عەرەب.
٢٤- پورە تەلیعەی خوشكی حاجی عەبدولكەریم دەرەدۆینی كە دەكاتە دایكی شەهید حەمەی تەلە، لەگەڵ هادی كوڕی.
٢٥- خوالێی خۆش بێت ئامینە خانم خیزانی شەهید ڕەوف خەلیفە سەعید. (كۆچی دوایی كردووە).
٢٦- كاوە – هیوا- ئارام و خوشكەكانیان (ئاسۆ و چرۆ ) مناڵانی شەهید ڕەوف خەلیفە سەعید.
٢٧- گەردە خانم خێزانی كاك محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان.
٢٨- عەتیە و كوێستان كچانی كاك محەمەد حاجی مەحمود.
٢٩- پەروین خانم خێزانی مام سلێمان.
٣٠- فاتمە خانم خەڵكی ناوچەی ڕاپەڕین بوو.
٣١- لیرە خانم و پورە مێرێ خەڵكی ناوچەی ڕاپەڕین بوون.
٣٢- تەلیعە خانم و مامە قادر.
٣٣- فاتمە خانمی خێزانی شەهید مەحمود كەشكۆڵ شێخ عەلی (لە ٢-٢-٢٠١٧ كۆچی دوایی كردووە).
٣٤- عەتیە خانم خێزانی كاك محەمەد حاجی سابیر و میدیای كچی.
٣٥- ماڵی كاك عوسمان عەبدولقادر هەڵەبجەیی و كاك ڕزگار و پورە سۆیبەی دایكی و خوشكەكانی، واتە خانەوادەی شەهید مامۆستا سەركەوت.
٣٦- حاجی عەبدولكەریم دەرەدۆینی باوكی خالید.خوالێی خۆش بێت.
٣٧- كافیە خانمی خێزانی شەهید بەكری حاجی سەفەر و مناڵەكانی ئەریڤان و (كەنار لەوێ‌ لەدایك بوو) .
٣٨- قەدریە خانمی خێزانی كاك عومەری قالە گوڵباخ.
٣٩- جەمیلە خانم خیزانی عەریف شەریف گوڵخە.
٤٠- پورە زوبێدە دایكی حەسەن زبە و تەلیعەی كچی.
٤١- پورە ناهی خێزانی سەعید خەڵەف ومژدەی كچی.
٤٢- مام ئەحمەد میرەدێی .
٤٣- مامە قالە تەوێڵەیی و پورە پەریزاد و تەلیعەی بوكیان.
٤٤- مەلا محەمەد هەڵەبجەیی و كچەكانی.
٤٥- ڕابیعە خانمی خێزانی شەهید حەمە نەگڕەیی و ڕزگار و یادگاری كوڕی.
٤٦- پورە جەمینە دایكی عەلی عارف گردەنازێیی.
٤٧- مام قادری هەسەنە شوان كە دانیشتوی خورماڵ بوو.
٤٨- بەهیە خێزانی حەمەی سەعە پونگڵەیی لەگەڵ مناڵەكانی ( مهابات، سەرگوڵ ،منیرە ، ناسیح ، فاتیح ، ئەسیر لەوێ‌ لە دایك بوو( كۆچی دوایی كردووە لە ٢٠١٦).
٤٩- جەمیلە خانم و پەروین خانم هەویەی یەك بوون ژنی پێشمەرگەیەكی هەولێری بوون.
٥٠- مەلا حەبیب و سۆیبە خانمی خێزانی و حەوت مناڵی.
٥١- نەعنا خانم كچی مام خدر بێتواتەیی.
٥٢- پورە ڕەعنا دایكی توفیق ڕەحیم (حاكم كامەران لە شۆڕشدا).
٥٣- پورە ڕابیعە دایكی شەهید مەحمود گەرمیانی و برایمی كوڕی.
٥٤- پورە كافیە دایكی شەهید ڕەوفی خەلیفە سەعید و والی كوڕی.
٥٥- باجی فەیم سێوسێنانی.
٥٦- ڕوناك خانم خەڵكی سەیدسادق بوو.
٥٧- سەبریە خانم خێزانی شەهید والی حاجی عارف لە گردەنازێ‌.
٥٨- مام حەمەدەمین بێتواتەیی.
٥٩- فاتمە خان سەنگەسەری .
٦٠- وەزیرە خانم خێزانی عەبدولمەلیك بوو.
٦١- حاجی مستەفاو گوڵێی كچی.
٦٢- حاجی عەلی پێنجوێنی و ئامینە خانی خێزانی لەگەڵ قومریە و سۆیبەی كچیان كە لەسەر جەلالی كوڕیان گیرابوون.
٦٣- مام سابیر ئاغجەلەری و خێزانی .

 870 جار بینراوە