سەرەکی » راپۆرت » قه‌یرانی دارایی و ته‌كنه‌لۆژیا سه‌ره‌كیترین هۆكارەكانی ماڵ وێرانیەکانن

قه‌یرانی دارایی و ته‌كنه‌لۆژیا سه‌ره‌كیترین هۆكارەكانی ماڵ وێرانیەکانن

زانیار ئیبراهیم

ئاماره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ له‌ چوار ساڵی راربردوودا هاوسەرگیری لە هەرێمی كوردستان كەمی كردوووە و لە بەرامبەردا جیابوونەوە بەرەو زیاد بوون ڕۆشتووە و چاودێرانی كۆمه‌ڵایه‌تیش قه‌یرانی دارایی و كه‌مبوونه‌وه‌ی داهاتی تاكه‌كه‌س و خێزان به‌ هۆكاری سه‌ره‌كی هه‌ژمار ده‌كه‌ن.
به‌ بەراورد كردنی ئاماره‌كانی نێوان ساڵەكانی ٢٠١٤ و ٢٠١٦ ،٢٠١٧ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ حاڵەتەكانی جیابوونەوە زیادی كردوە و هاوسەرگیری كەمی كردوە، لەسێ مانگی یەكەمی ساڵی ٢٠١٤ حاڵەتەكانی جیابوونەوە لەشارەكانی هەرێمی كوردستان بەم شێوەیە بووه‌:
هەولێر(٥١٤) و سلێمانی(٢٩٧) و كەركوك و گەرمیان(٢٢٨) و دهۆك (٢٠٥)، لە بەرامبەردا هاوسەرگیری بەم شێوەیە ،هەولێر(٤٩٩٣) و سلێمانی (٣٧٢٢) و كەركوك و گەرمیان (١٥٠٩) و دهۆك (٣٣٢٤) ، دەبینین ڕێژەی هاوسەرگیری بەبەراود بەجیابوونەوە زیاترە، بەڵام بەپێی ئەو ئامارە ناڕەسمیانەی لە دادگای هەڵەبجە دەستمان كەوتون لە دادگای هەڵەبجە ساڵی ٢٠١٦ (٢٥٩) حاڵەتی جیابوونەوە ڕوی داوە لە بەرانبەردا (٦٩٥) هاوسەرگیری كراوە و لە ٢٠١٧ ، (٣٤١) حاڵەتی جیابوونەوە ڕویداوە لە بەرامبەردا (٨٢١) هاوسەرگیری كراوە كە دەبینبن جیابوونەوە بەرەو زیادبوون ڕۆشتوە و هاوسەرگیری كەمی كردوە.
بەپێی ئەو بەراوردەی كردمان بۆمان ڕوون دەبێتەوە جیابوونەوە بەرەو زیادبوون ڕۆشتووە و هاوسەرگیری كەمی كردوە ، ڕای شارەزایانی ئەم بوارەش جیاوازە سەبارەت بەم بابەتە.
د. هاشم عومه‌ر، مامۆستای بەشی یاسا له‌ زانكۆی هەڵەبجە، هۆكاری زۆربونی جیابوونەوە و كەم بوونەوەی هاوسەرگیری دەگەڕێنێتەوە بۆ سێ هۆكار:
یەكەم: فاكتەری ئابوری- دوای هاتنی قەیرانی ئابوری ئێستا گەنج هەوڵدەدات لایەنە ئابوویەكەی پڕبكاتەو ئینجا ژن بێنێت و چونكە دەزانێت ئەگەر خۆی پێداویستی خۆی پڕنەكاتەوە ماڵەوەش بەهەمان شێوەی ئەو قەیرانی ئابوری ئەوانیشی گرتوەتەوە ناتوانن پێداویستیەكانی بۆ پڕبكەنەوە و سەرەڕای ئەوەش ئێستاش هەر هاوسەرگیری دەكرێت بەڵام لەبەر ئەوەی پێداویستیە مادیەكان پڕنەكراونەتەوە ئەم زەواجە سەركەوتوو نابێت و بەردەوام كێشەیان دەبێت .
دووەم: ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنی – گەنج كە هاوسەرگیری دەكات بیر لەوە دەكاتەوە كە چۆن داهاتوویەكی ئارام بۆ خۆی بنیات بنێت بەڵام ئەو تەنگەژە سیاسی و ئەمنیەی كە لە هەرێمی كوردستاندا هەیە وای كردوە داهاتوویەكی نادیار هەبێت لەبەردەم گەنجەكاندا و هەتا ئەوانەشی هاوسەرگیریان كردووە بەهۆی ئەو دۆخەوە تووشی دڵەڕاوكێ بوون.
سێیەم: تەكنەلۆژیا- كه‌ یەكێكی تره‌ لە هۆكارەكان و ئەوەی لە تیڤیەكان و تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان بڵاودەكرێتەوە هۆكارە بۆ تێكچوونی شیرازەی خێزانەكان و وادەكات كوڕ و كچەكان و خێزانی كوردی لاسای ئەوە بكەنەوە كە لە دراماكان و تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان دەیبینن، هه‌روه‌ها تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان وایان كردووە گەنج ئامانجەكانی لەخەیاڵەوە بنیات بنێت نەك واقع و ئەو خەیاڵەش لە ڕاگەیاندنەوە سەرچاوەی گرتووە.
محه‌مه‌د دارا، پارێزەر، ئاماژه‌ بۆ چه‌ند هۆكارێكی تری جیابوونه‌ و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خێزان ده‌كات له‌وانه‌:
دەستتێوەردانی كەسی سێیەم، وەك دایك و باوك، برا و خوشك ، هاوڕێ یان كه‌سانی تر كه‌ كرایگه‌ری نه‌رێنی دروست ده‌كه‌ن و به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان ده‌بنه‌ هۆكار و پاڵنه‌ر بۆ جیابوونه‌وه‌ی هاوسه‌ره‌كان.
هه‌ر وه‌ها جیاوازی كلتوور و په‌روه‌رده‌ی خێزانی جیاواز یەكێكی ترە لە هۆكارەكان
فاكتەری ئابورییش یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كان، پارە هەموو شتێك نیە، بەڵام زۆر شت بە پارە بەدەست دەهێنرێت و لەسەر دەمی ئەمڕۆدا پێداویستییەكان زۆربوون و ئەو داهاتەش كە هەیە بەشی پركردنەوەی پێداویستیەكان ناكات و ئەمەش وادەكات كایگەری لەسەر ژیانی خێزانەكان دابنێت و سەر بكێشیت بەرەو جیابوونەوە. به‌ وته‌ی مه‌حمه‌د دارا، له‌ مه‌سه‌له‌ی كرانەوە بەڕووی جیهاندا خێزانی ئێمە نەیتوانیوە شتە سوود بەخشەكان وەرگرێت، كاتێك ئەو كرانەوەیە بەڕووی جیهاندا ڕوویداوە و شتە زیان بەخشەكانمان زۆرتر وەرگرتووە وەك ئەو دەڵێت و ئەمەش هۆكارە بۆ پەرتەوازەبوونی خێزانەكان.
محمد دارا دەڵێت ئەم فاكتەرانە هۆكارن بۆ جیابوونەوەی هاوسەرەكان و دەشڵێت هەر ئەم فاكتەرانە پێچەوانە كەرەوە هۆكارن بۆ كەمی هاوسەرگیری.
زمناكۆ عه‌لی، توێژەری كۆمەڵایەتی، پێی وایە ڕاستە فاكتەری ئابوری هۆكارە بۆئەم بابەتە، بەڵام فاكتەری سەرەكی تەكنەلۆژیایە بۆ جیابوونەوەی هاوسەران و كەم بوونەوەی هاوسەرگیری. به‌و پێیه‌ی وه‌ك ئه‌و ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات لەبەر ئەوەی ئەوەی به‌شێك له‌و شتانه‌ی لە دراماكان و ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاودەكرێتەوە، به‌هۆی كه‌می ئاستی هۆشیاری كاریگه‌ری نه‌رێنی ده‌كاته‌ سه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتی تاكه‌كانی خێزان و ده‌بێته‌ هه‌ره‌شه‌ له‌سه‌ر یه‌كگرتووی خێزانی و ئاشته‌وایی ناو خێزان و هه‌ندێك جار سه‌ر ده‌كێشێ بۆ جیابوونه‌وه‌ و ه‌ڵوه‌شانه‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگای كوردی به‌ ریتمێكی ئاساییدا گوزه‌ری نه‌كردووه‌ و له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی داخراوه‌وه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا به‌هۆی ته‌كنه‌لۆژیاوه‌ ئه‌و په‌ڕی كرانه‌وه‌ روویداوه‌، ئه‌م كرانه‌وه‌ خێرایه‌ی به‌هۆی به‌رده‌ست بوونی ته‌كنه‌لۆژیای هه‌مه‌چه‌شنه‌وه‌ بۆ تاكی كورد فه‌راهه‌م بووه‌، تاكی كورد به‌ گشتی ناتوانێ وه‌ك پێویست سوود له‌ لایه‌نه‌ باشه‌كانی وه‌رگرێت و كه‌م نین ئه‌وانه‌ی به‌ ئاسانی ده‌كه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ری نه‌رێنی ته‌كنه‌لۆژیا.
زمناكۆ ده‌ڵێ: دراماكان و ئەوەی لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان بڵاودەكرێتەوە وادەكات كۆمەڵگە لە بارودۆخێكی (ئەنۆمیدا) بوەستێت ئەنۆمی ئەو دۆخەیە كۆمەڵگە لە دۆخێكی چەق بەستوودا دەوەستێت نە دەتوانێت بگات بەوەی كە لە دراماكە یان تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان دەیبینێت نە دەتوانێتت واز لە ڕەسەنایەتی خۆی بهنێت. هەموو ئەمانە وادەكەن جیابوونەوە ڕووبدات و هاوسەرگیری كەم بێت.
لە كۆتایدا بۆمان دەردەكەوێت سەرەڕای جیاوازی تەمەن و تەكنەلۆژیا ، بارودۆخی ئابوری كاریگەرێكی بەرچاوی كردوەتە سەر خێزانەكان و بووەتە هۆكاری زۆربوونی جیابوونەوە و كەمی هاوسەرگیری.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*