سەرەکی » ئاراستە » له‌ دیدی ده‌سته‌بژێری كوردیدا،خۆشه‌ویستی چییه‌؟

ته‌نیا رۆژێك به‌س نییه‌ بۆ خۆشه‌ویستی

له‌ دیدی ده‌سته‌بژێری كوردیدا،خۆشه‌ویستی چییه‌؟

تانیا ئاوارە

یه‌كێك له‌ باسه‌كان ده‌رباره‌ی خۆشه‌ویستی به‌و جۆره‌یه‌ كه‌ لەسەرەتاوە وەک زریان بەهێزەولە وزەیەکی زۆرەوە دەست پێ دەکات پاشان بە تێ بەڕبوونی کات و ڕۆژگارەکان ئەو وزرەیە خاوده‌بێتەوە و بەرەوخامۆشی ده‌چێت. رایه‌كی پێچه‌وانه‌ش ئه‌و بۆچوونه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ و مكوره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی و عیشقی ڕاستە قینە کات و زەمەن هەرگیز نایگۆڕێت و بۆهەمیشە دەمێنێتەوە.
تۆلستۆی دەڵێت: هیچ شتێ نییە جگە لە خۆشەویستی وامان لێبکات ژیانمان ببەخشینە ئەوەی کە خۆشمان دەوێت.
عیشق و خۆشەویستی لە نێوان دووڕەگەزی جیاوازدا ڕوو دەدات کەلەڕووی تەمەن و لایەنی فیسیۆلۆجی و لێکچونی بیرکردنەوە هاوتەریب بێت، لەنێو چیرۆک و بەسەرهاتە جیهانیەکاندا چیرۆکی قەشە (ڤالانتاین) بە شێوەیەکی سەرسوڕهێن بوەتە سونبلی ئەم ڕۆژە کە بەم جۆرە باسکراوە .
ڤالانتاین لە ڤالانتینۆسەوە هاتووە لەکۆتایی سەدەی سێیەمدا ئیمپراتۆریەتی ڕۆما (کلاودیسی دووەم) دوای ئەوەی بۆی ڕوون بویەوە ئەوسەربازانەی لەکاتی جێبەجێکردنی فەرمانەکانی سەربازی دا خێزاندار نین زیاتر بەهێزو و خۆڕاگرن، تا ئەو سەربازانەی خاوەن خێزانن. بۆیە فەرمانی دا تا کۆتایی هاتنی جەنگ هیچ سەربازێک نابێت هاوسەرگیری بکات، بەڵام قەشە (ڤالانتاین) بەنهێنی مەراسیمی هاوسەرگیری ئەنجامدا. دوای ئاشکرا بوونی ئەم کارەی قەشە ڤالانتاین ئیمپراتۆریەتی ڕۆما لە ڕۆژی ١٤/٢/٢٧٠ فەرمانی لە سێدارەدانی بۆ قەشە ڤالانتاین دەرکرد و دواتر ئەم ڕۆژە وەکو یادیک کرایەوە، پێدانی گوڵی سوریش لەم ڕۆژەدا لەوەوە هاتووە کاتێک قەشە دەخرێتە زیندانەوە لەوێ چاوی بە کچی پاسەوانی بەندینخانەکە دەکەوێت و عاشقی دەبێت هەرجارێکیش ئەم کچە سەردانی قەشە بکات لەگەڵ خۆیدا گوڵێکی سووری بۆ دەبات وەک نیشانەیەکی خۆشەویستی.
یەکەم نامەی خۆشەویستی لەدوای لەسێدارەدانی قەشە ( ڤالانتاین )
دوای لە سێدارەدانی قەشە ڤالانتاین یەکەمین نامەی خۆشەویستی کە نوسرابێت نامەی ( چارلز دق ئۆریالز) ە لە ساڵی ١٤١٥ ناردوویەتی .
لە ڕۆژژمێری جارانی مەسیحدا ئەم ڕۆژە کرایە پشووی کەنیسە، بەڵام دوای هاتنی
پاپا( پۆلسی شەشەم) ساڵی ١٩٦٩ ئەو ڕۆژە لە پشووی فەرمی لابراو تەنها یادیان کردەوە.
لەداستان و چیرۆکە کوردیەکانیشدا کورد خاوەنی چەندین عیشقی مەزنە لەوانە (مەم و زین، شیرین و فەرهاد، خەج و سیامەند ….) زۆرێک پێیان وایە دەبێت کوردیش ڕۆژێکی دیاری کراوی بۆعیشق هەبێت، بەڵام ئەم ڕۆژە بۆتە جیهانی و ساڵانە لەسەرتاسەری وڵاتاندا ئەم یادە لە بۆنەو مەراسیمی تایبەتدا دەکرێتەوە و کچان و کوڕانی کوردیش بە سێوی مێخەک ڕێژ خۆشەویستی و عیشقی خۆیان دەردەبڕن .
ڤالانتاین لە زۆربەی شاکارە جیهانییەکاندا ڕەنگی داواتەوە وەک شاکارە مەزنەکەی (شکسپیر) کەبەبۆنەی ڕۆژی خۆشەویستی یەوە شانۆی ( هاملیت) ی نووسی.

هاوشێوەکانی ڕۆژی ڤالانتاین
لە نێو هەندێ وڵاتدا هاوشێوەی ڕۆژی ڤالانتاین مەراسیم و بۆنەی جیاوا هەیە و تائێستاش هەندێ لەم مەراسیمانە بوونیان ماوە کە تێیدا عاشقان و خۆشەویستان بەیەک دەگەن و هەست و سۆزیان دەگۆڕنەوە

لە وڵاتی چین: شەوی حەوتەکان هەبووە لەم شەوەدا ئەو کچ و کوڕانەی مافوریان چنیوە کۆدەبوونەوە و یەکتریان هەڵدەبژارد و ئەم مەراسیمە تا ساڵی ٢٠٠٦ پەیڕەوکراوە.

لەئەمریکا: لەسەردەمی داگیرکاریدا کچان و کوڕان شەوانە دەڕژانە سەرشەقامەکان و کۆدەبونەوە بۆیە سەرمایە دارانیش بیریان لە خستنە بازاڕی گوڵ و کارتی هەموجۆر کردەوە دواتر وەک کارێکی بازرگانی بۆ وڵاتانی ئەوروپاو ژاپۆن ڕەوانەکراو پەیڕەوکرا .

ژاپۆن: ڤێستیڤاڵی ( تانا باتا ) هەبووە کە بەرامبەر بە حەوتی جولای هەتاوی کچان و کوڕان لەم ڕۆژە تایبەتەدا کۆدەبونەوەویەکتریان دەبینی .

میسر: چواری نۆڤەمبەری هەمووساڵێ تایبەت بووە بە کۆبونەوەی کچان و کوڕان

کۆریای باشوور: ڕۆژی (پەپرو) بەرامبەرە بە بە یازدەی سێپتەمبەر لەم ڕۆژەدا عاشقان و هاوسەران کۆ دەبنەوەودیاری تایبەت دەگۆڕنەوە

ئێران: ڕۆژێکی تایبەت هەبووە بەناوی ( سپێداری مەزگان ) ڕۆژی ڕێزگرتن بووە لە زەوی و ژن لەم ڕۆژەدا پیاوان دیاری تایبەت پێشکەش بە خێزان و عاشقەکانیان دەکەن و داوایان لێ دەکەن لەم ڕۆژەدا کارنەکەن و پشوو بدەن .

سعودیە: پێچەوانەی ئەم وڵاتانە ڤالانتاین بوونی نەبووە و داوا لە دوکاندارەکان کراوە دیاری تایبەت بە کڕیاران نەفرۆشن لەبەرامبەردا توشی سزا دەبوونەوە

ڕەنگ و مانای گوڵەکان لەم ڕۆژەدا:جگە لە گوڵی سوری خۆشەویستی کەلە نێوان دوڕەگەزی جیاوازدایە، دەکرێت بە گوڵێکی ڕەنگ جیاواز کەهەریەکەیان پێناسەی جیاوازی خۆی هەیە خۆشەویستی پێشکەشی بەرامبەرەکەت بکەی

گوڵی سوور: تایبەتە بە عاشقان و ئەگەر ڕەنگی گوڵەکە تۆختربێت مانای عیشقەکە گەرەترەوزیاتر عاشبوونە بەکەسی بەرامبەر .

گوڵی پرتەقاڵی: مانای بڕوا و شانازی کردنە بە کەسی بەرامبەر .

گوڵی پەمەیی : جوانی و شیکپۆشی بۆ ئەوکەسەی گوڵەکەی پێشکەش دەکرێت

گوڵی سپی: هیوا خواستن بۆ سەلامەتی و ئاشتی و ڕاستگۆیی و پاکی

گوڵی بنەوشەیی: هێزوجوانی و ڕووی گەش بۆ کەسی بەرامبەر

گوڵی شین: ئازادی و ئارامی و پاکی و بێگەردی

گوڵی ڕەش :خەم و دابڕان و جیابونەوە و ڕەشبینی بەرامبەر عیشق
لەنێوشیعری شاعیرانی کۆن و نوێشدا عیشق و خۆشەویستی چەمکێکی جوانی نێو دێڕە هۆنراوەکانی پێکهێناوە ئەحمەدی خانی یەکەمین شاعیر بووە چیرۆکی عیشقی مەم و زینی نوسیوەتەوە شاعیرانی دیکەش بەم جۆرە باس لە عیشق و خۆشەویستی دەکەن وەک :

نالی:
عاشقی بێ دڵ دەناڵێ مەیلی گریانی هەیە
بێ شکە هەورە تریشقە تاوی بارانی هەیە

سالم :
هەزار عاشق دڵ و هەستی نەما بەوبادەی دەستی
خودا !! عالەم بکەی مەستی شەرابی لێوی فنجانی

بێخود:
من لە شاگردانی عیشقت بێ نەواو بێ قەرار
شەرتە تا ڕۆژی حەشر خولیای منبێ چاوی یار

تاهیر بەگی جاف :
ئەی ڕەفیقانی تەریقەت دەردی عیشقم چارەکەم
یان بەجارێ بمکوژن یان جەرگم بە خەنجەر پارەکەن

وەفایی :
مردم و نەمزانی ئەو ئاورەی منی سوتان چ بوو
حاسڵی سەیروسلوکی عاشقان، هەر حەییرەتە

حسیب قەرەداغی:
عاشق نی یە لەم دنیایە بگا بە من
دێوانەکان خۆم ڕابەرم بۆ کوێ دەچن

ئیبراهیم ئەحمەد:
خۆشەویستەکەم، ئارامی گیانم
بینایی دیدەم، هیوای ژیانم
چیتە لەسەرچی کەوتووی بەقینا
تەنیا جێت هێشتووم لە چۆڵی ژینا

پەشێو:
بەڵێن بدە هەناسەم بی، سێبەرم بی، بارانم بی
تاکوو منیش شانۆی کۆنم جێ بهێڵم
دەمامەکی کۆن فڕێ دەم
دووباڵی پڕخۆشەویستی لە گەردنت گرێ دەم

شێرکۆ بێکەس:
من حەزم ئەکرد گوڵە باخێکی سوربومایە
بەومەرجەی لە ڕۆژی ڤالانتایندا پێشکەشی کچێ بکرامایە
جەمال غەمبار:
لە ڤالانتاینی مندا عاشقان لە هەتاو دێنەوە،
چاویلکەکەم خۆی بۆ هەڵگرتنەوەی تۆ ئامادە دەکات
کاسکێتەکەم خۆی هەڵئەدا بۆ ئاسمانێ پڕبێ لە تۆ
خۆشم بە چارۆکەیەک ئەستێرەوە دێمە شەوی ئەوینتەوە

هێمن مام نادر:
لەودیوسنوری تەریقەتەوە تۆ دەپەرستم شەیدایی وایە
بێ باکم لەوەی خوێنم حەڵاڵ کەن، کوا عاشقی ڕاست گوێی لە دنیایە

ئیسماعیل محەمەد:
لێرە کەس گوێ لە حەسرەت و ماجەرای عاشقان نادا
گوڵم زۆرکەس لە زمانی خۆشەویستی و عەشق ناگا

ئەحمەد محەمەد:
بەهەشتی ئەم عەشقەی تۆ پڕ لە ئاهوو ئاواتە
دیارە تەمەن بێ ئەوین وەک ڕێگەی خەراباتە

هونەرمەندان و نوسەران و کەسایەتیە جیاوازەکان لەبەرامبەر عیشق و خۆشەویستی دا ڕاو بۆچونی جیاوازیان هەیەوبەم جۆرە پەیامەکانی خۆیان دەگەیەنن :
ئه‌وه‌ هه‌ر شاعیران نین له‌ دوو توێی دێره‌ شیعره‌كانیان دا له‌ عه‌شق ده‌دوێن، به‌ڵكو هه‌ر كه‌س به‌ جۆری خۆی و له‌ نه‌ست و دیدی خۆیه‌وه‌ له‌ مه‌عشوقه‌كه‌ی و له‌ عه‌شق و واتاكانی ده‌دوێ:
چێنەر نزار / پەیکەرساز، ده‌ڵێ: هەرشتێک هەر کردەوجوڵەیەک بە خۆشەویستییەوە نەبێت مانایەکی ئەوتۆی نییە، دەبێت هەمووکات خۆشەویستی دەسپێکی هەموو جوڵانەوەیەکمان بێت، وەمن ئەگەر خۆشەویستی نەبێت ناتوانم لەناو قوڕووئیشی پەیکەرسازی دا کاربکەم کارەکانم باشبن یان نا خۆشەویستیم بۆ هونەرپێش هەموو شتێک بووە .

دلێر محەمەد / شاعیر:
ڕاستە پیرۆزە گوڵی سوور بۆئەم ڕۆژی عاشقانە
بەڵام بەخوا گوڵێک کەمە بۆ عیشقێک لەنێوانمانا
ئەزانم ئێستا پێم ئەڵێی کوا گوڵی سورودیاریەکەم
منیش پڕبەدڵ پێت ئەڵێم : بڕوابکە هەناسەکەم
نەمزانی بۆئەم ڕۆژی عاشقانە چی بنێرم بۆت
بەتەنها دڵێک شک ئەبەم چی لێ ئەکەی خۆت و خوای خۆت

ئەمەل سه‌عید کوردە/ گۆرانیبێژ، ده‌ڵێ: بە ئومێدم تاڵیەکانی ژیانیان ڕێژەی خۆشەویستی مەعشوقەکان کەم نەکاتەوە، به‌ پەیامێک میهروموحیبەت بسەلمێنە بۆ مەعشوقەکەت، چونکە کەس نازانێ ترپەکانی دڵ چ کاتێک لە لێدان دەکەون.
من ئەگەر کارەکانم بە عەشقەوە ئەنجام نەدەم دڵنیابن ناگاتە دڵی مەعشوقەکانم، کە گوێگرە بەڕێزەکانن،هیوادارم ڕێزو خۆشەویستی هەردەم میوانی دڵتان بێت.

ڕەنج سەنگاوی / میدیاکار ده‌ڵێ: هه‌ر بۆنه‌یه‌ك جوانی و ژیان دۆستی و خۆشەویستی تێدایە بەلامەوە ڕۆژێکی جوانه‌ و بەدەستم بێت سەرلەبەری ئەو بۆنانە قەرزبکەم وتێکەڵ بە کلتوری کوردی بکەم، چونکە لە پانتایی کلتوری کوردیدا ئەوەندەی مەرگ دۆستی و بۆنە خەماویەکان هەن بۆنەیەکی وامان نییە وەک چواردەی دوو خۆشەویستی تێدا بێت، ئاهێکی تێدابێت بۆخۆشەویستی مرۆڤ و خۆشەویستی ژیان، زۆر جوانە لەوڕۆژەدا وڵات سوور دەپۆشن.

بەختیار سه‌عید/ شێوەکار باس له‌وه‌ ده‌كات تێكلاوكردنی عه‌شق و كاره‌كانی به‌ یه‌كتری فاكته‌رێكن بۆ سه‌ركه‌وتن و ده‌ڵێ :ئەگەر عەشق و خۆشەویستی نەبێت بۆکۆی ژیان ئەستەمە سەرکەوتووبیت، من سەرجەم کارەکانم بە خۆشەویستییەکی بێ ئەندازەوه‌ ئەنجام دەدەم هەربۆیە هەست دەکەم تا ڕادەیەکی باش سەرکەوتووم و هۆکارەکەشی تەنها خۆشەویستییە .

شوان قەرەداغی/ هونەرمەند، رای وایه‌ كه‌ ناكرێت خۆشه‌ویستی له‌ رۆژێكدا قه‌تیس بكرێ و ده‌ڵێ: به‌ گونجاوی نابینم تەنها ڕۆژێک بۆ عەشق دیاری بکرێت، ئێمە با هەموو ڕۆژێک یەکترمان خۆشبوێت، من گۆرانییەکانم بە عەشقەوە دەڵێم و بۆعەشق و عاشقانە وسەرجەم جوانییەکانی ترە .

ئالان محەمەد/ ڕاگەیاندنکار ده‌ڵێ: خۆشەویستی مەزنترین هەست و واتایە ترس و نائومێدی لەناو دەبات و وات لێدەکات ببەخشیت بێ بەرامبەر، خۆشەویستی هەستێکی نا ئاساییە ناچێتە ژێر هیچ یاسایەکەوە.
بەرزان هەستیار/ نوسەروشاعیر له‌ باسی خۆشه‌ویستی و رۆژی عاشقاندا ده‌قێكی خۆی به‌بیر ده‌هێنێته‌وه‌ و ده‌ڵێ: ساڵانێک پێش ئێستا لە شیعرێکدا بە ناونیشانی «بەسەر نەرمەگیای عیشقا، ڕەوتێک»، وتوومە:

«هیچ شتێکیش نەمێنێت،……
ئەو ئاسمانە زەبەلاحە ڕاگرێت
عیشق پەنجە تووتەی خۆی ئەخاتە ژێر»

ڕەنگە ئەوە بەس بێت بۆ ئەوەی لە ئەفسوونە ناوازەکەی عیشق حاڵیی بین.. دنیا بە هەموو ناشرینییەکانیەوە و ئاسمان بەو پان وبەرینییەی خۆیەوە، پێ دەچێت هەر لە حەوسەڵە و توانای عیشقدا بێت شان بخاتە بەر نەهامەتیی و باری سەختی داڕمانیان. هەمان کات من وایشی دەبینم کە عیشق خۆی لە خۆیدا ڕۆح و جەستەیەکی دەوێت زۆرانبازییەکی میهرەبانانەی لەگەڵدا بکات، کە خودا بە دەستی خۆی هێزی بەرگەگرتنێکی پێ بەخشیبێت، کە لە جەستەی کەسانی تردا نابینرێت، بۆیە لە قەسیدەی «ساڵێک لە نیگەرانی»یدا دەڵێم :

ئینسان بەرگەی گولـلە ناگرێت
ئیدی نازانم …
چۆن سنگ ئەنێت بە عیشقەوە !!!

سەروین دەروێش/ شاعیر، خۆشەویستی به‌ بەلەمی ڕزگارکەرده‌چوێنێت كه‌ لەساتی خنکان ده‌بێته‌ فریادڕه‌س و ده‌ڵێ: خۆشه‌ویستی درێژكردنه‌وه‌ی ژیان و مانەوەمه‌، من به‌ خۆشه‌ویستی ئاڵەنگاریی مردنیش دەکەم.

ئەوین حه‌مە ئەمین، به‌مجۆره‌ له‌ خۆشه‌ویستی ده‌دوێ:

عەشق هەم ئاگروهەم ئاوە
لەدووری دەسووتێیت
لەنزیکی دەخنکێیت
بەبێ عەشقیش ناژیت
بەس هەناسەدەدیت
بەڵام لەڕاستیدا مردوویت

 1,288 جار بینراوە