سەرەکی » زانست » كه‌شتی نوح » سوودە تەندروستیی ‌و جوانكارییەكانی لیمۆ

سوودە تەندروستیی ‌و جوانكارییەكانی لیمۆ

تارا شێخ عوسمان

خواردنی لیمۆ سوودێكی زۆری هەیە بۆ تەندروستی، لەگەڵ ئەوەشدا بەكارهێنانی بۆ پاراستنی پێست و قژ و نینۆك و نەهێشتنی بۆنی ژێرباڵ یەكێكی دیکەیە لە نهێنییەكانی دیكەی سوودەكانی لیمۆ.
وەك دەوترێت باشترین بابەتەكانی جوانكاریی ئەوانەن كە بە دەستی خۆت و بە مادە سروشتییەكان دروستی دەكەیت، یەكێك لەو بابەتانەش لیمۆیە كە چەند سوودێكی دیكەی هەیە .

راپۆرتێكی تەندروستیش كە لە رۆژنامەی (ئەندیپێندت)ی بەریتانیدا بڵاوكراوەتەوە ئاماژەی بەوەداوە كە لیمۆ وەك بەرهەمێكی هاوینە زۆرگرنگە بۆ لەش و لەوەش گرنگتر دەتوانرێت لە كاتی گەرمای هاویندا وەك پارێزەری پێست سودی لێببینرێت، هەروەها چەند سوودێكی تریشی هەیە، لەوانە:

-1شێدار كردنی پێست
دەتوانرێت بە تێكەڵكردنی لیمۆ لەگەڵ ئاوی گوێزی هیندیی جێڵێكی خۆشتن دروست بكرێت، چونكە ئاوی گوێزی هیندییەكە كار لەسەر شێداركردنی پێست و لیمۆكەش پێست پاكدەكاتەوە بریسكەیەكی پێدەدات.

-2 تۆنەری خەیار و لیمۆ
هەموو كەس دەتوانێت بە رێگەیەكی كاریگەر خۆی لە زیپكە و هەستیاریی پێست بپارێزێت ئەویش بە دروستكردنی گیراوەی قاشە خەیار و لیمۆ و ئاو و دەتوانێت چەند خوولەكێك پێش خۆشتن بە لۆكە بیدات لە شوێنی زیپكە و سووربوونەوەكان و دوای 15 خولەك بە ئاوی سارد بیشوات و دەتوانێت بۆ ماوەی هەفتەیەك ئەو كارە دوبارە بكاتەوە و دواتر ئەنجامێكی باش دەبینێت.

-3لیمۆ بۆ قژ
لیمۆ یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی قژ و نەرمیی و بریسكەی پێدەبەخشێت، بەوەی لیمۆیەك بكرێتە دوو كەرتەوە و جوان بدرێت لە قژ و پاشان كەسەكە بچێتە بەر خۆر، چونكە بەم رێگەیە لیمۆكە زیاتر رۆدەچێتە ناو تاڵەكانی قژ و نەرم و بریسكەداری دەكات، دەتوانرێت هەفتەی دوو جار ئەم رێگەیە تاقیبكرێتەوە.

-4لیمۆ بۆ نینۆكەكان
یەكێك لەو كێشانەی تووشی بەشێكی زۆری خانمان دەبێت ئەوەیە كە لەكاتی كاركردنی ڕۆژانەیان نینۆكەكانیان دەشكێت، بۆیە دەتوانن بە بەكارهێنانی لیمۆ لەو گرفتە رزگاریان بێت كە ئەویش بریتییە لە تێكەڵەی زەیتی زەیتون و لیمۆ و چەوركردنی تەواوی نینۆكەكانیان بەو تێكەڵەیە كە دەتوانن لە هەفتەیەكدا چەند جارێك ئەم تێكەڵەیە دروست بكەن و بەكاری بهێنن.

-5لیمۆ بۆ ژێرباڵ
هەندێك كەس هەن كە ژێرباڵیان زۆر ئارەق دەكاتەوە و بۆنیشی ناخۆشە، نەك هەر ئەوەندە، بەڵكو بنباڵیان رەش دەبێت، ئەو كەسانە و كەسانی ئاساییش دەتوانن لیمۆ وەك لابەرێكی سروشتیی ئارەقكردنەوە بە كاربهێنن و لە هەمانكاتیشدا لیمۆكە كاردەكاتە سەر كاڵكردنەوەی رەشیی ژێرباڵ، بەهۆی ئەوەی لیمۆ ترشییەكی تایبەتی تێدایە كە توانای لەناوبردنی ئەو بەكتریایانەی هەیە كەبۆنی ناخۆشی بنباڵ دروست دەكەن.

سەرچاوە: الصحة والحیاة

 100 جار بینراوە