سەرەکی » راپۆرت » بەهۆی جەژنەوە بازاڕ جمەی دێت

بەهۆی جەژنەوە بازاڕ جمەی دێت

راپۆرتی/ رێزە حسێن

بازاڕ جمه‌ی دێت له‌ كڕیار، فرۆشیاران بازاڕ گه‌رمی رووی تێكردوون، زۆرترین شمه‌كیش كه‌ خواستی كڕینی هه‌یه‌، ئه‌و كه‌لوپه‌ل و خواردنانه‌یه‌ كه‌ تایبه‌تن به‌ بۆنه‌ی جه‌ژن، هه‌روه‌ك به‌پێی لێدوانی كاسبكارانی شاره‌كه‌، زۆرترین سوود كه‌ ده‌ستیان ده‌كه‌وێت به‌ هۆی گه‌شتیارانی بیانییه‌وه‌یه‌، هه‌روه‌ك ئه‌مساڵ پێشبینی وایه‌ به‌رزترین ئاستی هاتنی گه‌شتیار بۆ كوردستان تۆمار بكرێت.

به‌ردیش كڕیاری ده‌بێت
له‌ بۆنه‌كاندا خواستی كڕین هێنده‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌، هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێت له‌ سوچێكی شه‌قامه‌كاندا شمه‌ك دابنێت و كاروكاسبی بكات، هه‌روه‌ك به‌پێی زانیارییه‌كانی كوردستانی نوێ، لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار له‌ سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی سلێمانی به‌شی زیاده‌ڕۆیی، به‌مه‌به‌ستی هاوكاریكردنی كاسبكاران بۆ ده‌ستكه‌وتنی داهاتێك بۆ بژێوی ژیانیان، رۆژانی به‌ر له‌ هاتنی بۆنه‌كان چاوپۆشی ته‌واوه‌تی پیاده‌ ده‌كه‌ن و بازاڕ له‌ فرۆشیاران تێك ناده‌ن كه‌ به‌ نایاسایی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان كه‌ موڵكی گشتییه‌ و به‌پێی یاسا قه‌ده‌غه‌یە، كه‌لوپه‌لیان تێدا بڵاوكردووته‌وه‌ بۆ فرۆشتن، كاروان حسێن وه‌ك گه‌نجێكی كاسبی سه‌رشه‌قام له‌و باره‌یه‌وه‌ تایبه‌ت به‌ كوردستانی نوێ وتی: له‌ رۆژانی به‌ر له‌ هاتنی بۆنه‌كان به‌ردیش كڕیاری ده‌بێت، به‌ شێوه‌یه‌ك به‌هۆی بازاڕ گه‌رمی و خواستی كڕین بۆ پێداویستییه‌كانی جه‌ژن، هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت پاره‌ی ده‌ستكه‌وێت، ده‌توانێت له‌ سوچێكی شه‌قامه‌كان كاروكاسبی بكات، هه‌روه‌ك سوپاسی لایه‌نی په‌یوه‌نداریشی كرد كه‌ هاوكاری كاسبكارانه‌، چاوپۆشیان لێده‌كه‌ن و ده‌ریان ناكه‌ن له‌ شه‌قامه‌كاندا.

هاتوچۆی ئۆتۆمبێل راده‌گیرێت
گه‌رماپڕوكێنه‌ره‌كه‌ی مانگی ته‌موز، هیچ كاریگه‌رییه‌كی له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك نه‌كردووه‌ بۆ خواستی شمه‌ك كڕین و بازاڕكردن، هه‌ر كه‌ روو ده‌كه‌یته‌ ناو بازاڕه‌وه‌، هاتوهاواری فرۆشیار و غه‌ڵبه‌غه‌ڵب و مامه‌ڵه‌كردنی كڕیاران، گوێچكه‌كانت پڕده‌كه‌ن، قه‌ره‌باڵغی به‌شێوه‌یه‌ك دروستبووه‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی شاره‌كه‌ی ناچاركردووه‌ رێگه‌وبانه‌كان رێكبخه‌ن به‌ شێوه‌یه‌ك هاتوچۆی ئۆتۆمبێل بۆ ئه‌و شه‌قامانه‌ی كه‌ ده‌چنه‌وه‌ ناوبازاڕه‌كان قه‌ده‌غه‌ بكات و ته‌نها به‌ رێگه‌ی پیاده‌ڕه‌وی ده‌توانرێت هاووڵاتیان بچنه‌ ناو بازاڕه‌كانه‌وه‌.

چاودێری بازاڕ ده‌كرێت
به‌ر له‌ هاتنی بۆنه‌كان، لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی هێزه‌كانیان بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ ناو بازاڕ و شوێنه‌ گشتییه‌كاندا، به‌مه‌به‌ستی چاودێریكردنی بازاڕ و رێگریكردن له‌ هه‌ر حاڵه‌تێكی قۆڵبرین و جانتا بڕین كه‌ ساڵانه‌ له‌ بنكه‌كانی پۆلیس تۆمار ده‌كرێت، نه‌قیب سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی پۆلیسی سلێمانی له‌وباره‌یه‌وه‌ تایبه‌ت به‌ كوردستانی نوێی رایگه‌یاند: له‌ رۆژی 15ی مانگی ته‌موزه‌وه‌، سه‌رجه‌م هێزه‌كانمان به‌ جلی سه‌ربازی و مه‌ده‌نییه‌وه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ به‌ كۆڵانه‌كانی سلێمانی و هاوكات به‌ ناوبازاڕ و شوێنه‌ گشتییه‌كاندا، نه‌قیب سه‌ركه‌وت له‌باره‌ی چالاكییه‌كانی پۆلیسه‌وه‌ زیاتر دواو ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد تا دوای جه‌ژن، هێزه‌كانمان خراونه‌ته‌ ئاماده‌باشییه‌وه‌ بۆ پاراستنی ماڵ و سامانی هاووڵاتیان و ره‌خساندنی كه‌شێكی ئارام و كۆنتڕۆڵكردنی هه‌ر كێشه‌یه‌ك كه‌ به‌ هۆی قه‌ره‌باڵغی رۆژانی به‌ر له‌ هاتن و رۆژانی جه‌ژن دێنه‌ ئاراوه‌، وتیشی: دڵنیایی ته‌واوه‌تی ده‌ده‌ینه‌ هاووڵاتیان كه‌ هێزه‌كانی پۆلیس به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌ گه‌ڵ ئاسایش و پۆلیسی هاتوچۆ به‌ شه‌و رۆژ چاودێرن له‌ هه‌موو شوێنێك تا رێگربین له‌ دروستبوونی كێشه‌ و دزیكردن له‌ ناوبازاڕه‌كان به‌ هۆی قه‌ره‌باڵغییه‌وه‌ و ناو گه‌ڕه‌كانیش به‌ هۆی چۆڵبوون و گه‌شتكردنی هاووڵاتیانه‌وه‌.

دابەشکردنی مووچە بازاڕ گەرمتر دەکات
جه‌مال ئه‌سعه‌د كه‌ خاوه‌نی دوكانی پۆشاكه‌ له‌ ناو بازاڕی سلێمانی تایبه‌ت به‌ كوردستانی نوێ ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد به‌هۆی زۆری كڕیاره‌وه‌، زیاتر له‌ 4 كه‌س له‌م دوكانه‌ كار ده‌كه‌ین، هه‌ر بۆنه‌یه‌ك كه‌ مووچه‌ی تێدا دابه‌شبكرێت بازاڕ گه‌رم ده‌بێت،به‌ڵام ئه‌وه‌ی زیاتر سوودی بۆ فرۆشیار هه‌یه‌، گه‌شتیارانی عه‌ره‌به‌، خه‌ڵكی شاری سلێمانی ته‌نها ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ده‌یكڕن، چونكه‌ باری داراییان سنوورداره‌ و داهاتیان باش نییه‌، جه‌مال وتیشی: زۆربه‌ی جه‌ژنه‌كان دزیمان لێده‌كرێت، هاواری ژنێك كه‌ پاره‌ی ناو جانتاكه‌ی دزرابوو فرۆشیاره‌كه‌ی له‌ قسه‌ كردن وه‌ستاند، ژنه‌ پاره‌ دزاوه‌كه‌ ده‌یوت، بێئه‌وه‌ی به‌خۆم بزانم، ئه‌و پاره‌ی كه‌ پێم بوو، هه‌موویم لێ دزرا، هه‌روه‌ك به‌پێی زانیاری پۆلیسی سلێمانی، ساڵانه‌ چه‌ندان سكاڵای دزیكردن و گیرفان و جانتا بڕین له‌ بۆنه‌كاندا تۆمار ده‌كرێت كه‌ تاونباره‌كان، ژن و پیاون و زۆرینه‌ی كات له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێن.

بازاڕی هه‌ژاران
بازاڕێك هه‌موو پێداویستییه‌كان له‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ و كه‌لوپه‌لی هاووڵاتیان به‌ نرخێكی هه‌رزان تێدا ده‌فرۆشرێت به‌ شێوازی هه‌راجكردن، هێنده‌ كڕیار رووی تێده‌كات، له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ به‌ رۆژی حه‌شركردن ناو ده‌برێت، كڕیار تا شمه‌كێك ده‌كڕێت، شەکەت و ماندو و ده‌بێت، چونكه‌ قه‌رەباڵغییه‌كه‌ی سنووری تێپه‌ڕاندووه‌ كه‌ نێوانی كڕیاره‌كانی وا نزیك كردووەته‌وه‌، جۆرێك له‌ لکاندن پێكه‌وه‌ دروستكردووه‌، به‌ده‌م رێگه‌كردنه‌وه‌ كه‌وتمه‌ ته‌نیش ئه‌و ژنه‌ی كه‌ سێ منداڵی له‌گه‌ڵدا بوو كه‌ باوه‌شی پێداكردبوون تا له‌ ونبوون بیان پارێزێ، له‌ ترسی جانتابڕه‌كانیش توند باوه‌شی كردبوو به‌ جانتاكه‌ی ده‌ستیدا، به‌ ده‌م رێگه‌گرتنه‌وه‌ پێم وت «بۆ ئاماده‌كردنی راپۆرتێك رێم كه‌وتۆته‌ ئێره‌«، ژنه‌ كڕیاره‌كه‌ وتی: ئێره‌ بازاڕی هه‌ژارانه‌، ده‌توانین به‌ كه‌مترین پاره‌، زۆرترین پێداویستی بكرێت، هه‌ر به‌ده‌م رێكردنه‌وه‌ وتیشی: به‌ قه‌ره‌باڵغییه‌كه‌یدا دیاره‌ كه‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵك هه‌ژارن، چونكه‌ خه‌ڵكی ده‌وڵه‌مه‌ند رووناكه‌نه‌ ئه‌م جۆره‌ بازاڕه‌وه‌.

رێگری له‌ گرانفرۆشی ده‌كرێت
به‌پێی زانیاری كوردستانی نوێ، رۆژانی به‌ر له‌ هاتنی بۆنه‌كان به‌تایبه‌ت جه‌ژنه‌كانی ره‌مه‌زان و قوربان، سه‌رجه‌م بازاڕه‌كان و مۆڵه‌كان و فرۆشگای گه‌ڕه‌كه‌كان، به‌ رۆژ و شه‌و كڕیارێكی زۆر رووی تێده‌كات كه‌ به‌پێی وته‌ی فرۆشیاران ئه‌م جه‌ژنه‌ بازاڕیان گه‌رمتره‌، چونكه‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ رانه‌گه‌یه‌نرا، هاوكاتیش موچه‌ به‌ر له‌ رۆژانی جه‌ژن دابه‌شكرا، هه‌روه‌ك ئاماژه‌یان به‌وه‌شكرد كه‌ زۆرترین فرۆشتن به‌ پله‌ی یه‌ك بۆ خواردن و خواردنه‌وه‌كانی تایبه‌ت به‌ جه‌ژنه‌ وه‌ك نوقڵ و چه‌ره‌سات، دواتریش جلوبه‌رگی منداڵانیش خواستێكی تری كڕیارانه‌.

سۆران عه‌بدولغه‌فور به‌ڕێوه‌به‌ری چاودێری بازرگانی سلێمانی تایبه‌ت به‌ كوردستانی نوێ وتی: لیژنه‌كانی چاودێركردنی بازاڕ، ئێستا به‌رنامه‌ی بازاڕی ئازاد په‌یڕه‌ و ده‌كه‌ن، له‌ هه‌مانكاتیشدا چاودێرێكی به‌رده‌وامی بازاڕه‌كانن به‌ شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر شمه‌كێك له‌ فرۆشگایه‌ك چه‌ند هێنده‌ سودی خرابێته‌ سه‌ر، رێگری ده‌كه‌ن و راسته‌خۆ خاوه‌نه‌كه‌ی رووبه‌ڕوی سزای یاسایی ده‌كه‌نه‌وه‌، هاوكات دوكانه‌كه‌شی داده‌خه‌ن، هه‌روه‌ك ئه‌مساڵ شمه‌كی هاورده‌كرا و تایبه‌ت به‌ جه‌ژن بۆ ناو سلێمانی به‌ پله‌ی یه‌ك هێنانی نوقڵ به‌ ئاستی به‌رز تۆماركراوه‌.

 247 جار بینراوە