سەرەکی » وتار » بارزان شێخ عوسمان‌ » راستکردنەوەی رێڕەو یەکێتی و سەرکردایەتی و راگەیاندنەکەی تۆکمە دەکات

راستکردنەوەی رێڕەو یەکێتی و سەرکردایەتی و راگەیاندنەکەی تۆکمە دەکات

 

ساڵی 1998 سەرۆک مام جەلال گەشتێکی درێژخایەنی بۆ دەرەوەی وڵات کرد، ھاوکات چەندین سەرکردە و گەورە لێپرسراوی حکومییش بە ئەرک لە دەرەوە بوون. دوای گەڕانەوەی لە کۆبوونەوەکانیدا، وێرای رووناکی خستنە سەر دەستکەوتەکانی ئەو گەشتەی، تەئکیدی لەسەر خاڵێکی گرنگ دەکردەوە، ئەوەش هوشیاریی و بە ئاگایی و شارەزایی کادر و ئەندامانی ی.ن.ک بوو، کە بەبێ و جودی سکرتێری گشتیی و زۆربەی لێپرسراوەکان، هەم کاروباری حزبایەتی، هەم حکومەتداریی بەبێ کێشە بەڕێوەچوون، ئەوەشی بە دڵخۆشکەر وەسف دەکرد کە یەکێتییەکان هەموویان یەک رێباز و بەرنامەی روون و ئاشکرایان هەیە ئەویش ی.ن.ک -ە کە خۆیان لێیتێگەیشتوون و شارەزای بوون، دەتوانن کاری رێکخراوەیی و حکومیی و ئیعلامیشیی پێ راپەڕێنن.

سەرۆک مام جەلال ئەو متمانەیەی بە یەکێتییەکان هەبوو کە خۆیان یەک ی.ن.ک دەناسن، لە بیرکردنەوە و روانینەکانی رابەری یەکێتییەکەیشان گەیشتوون کە چۆن مامەڵە لەتەک گۆڕانکاریی و رووداوەکاندا دەکەن.

ئەم نموونەیەم بە بیرھێنایەوە، تا لە روانگەی راستکردنەوەی رێرەوەکەی یەکێتییەکەمان بڵێم، ئێمەی پێشمەرگە و ئەندام و کادران و جەماوەرەکەمان، تەنیا ئەو ی.ن.ک -ە دەناسین و شانازیی پێوەدەکەین کە لە ساڵی 1975ەوە ھەوراز و نشێوی زۆر، سەختی و دژواریی زۆر، جیابوونەوە و پەلاماردانی زۆری بەخۆوە بینیووە، بەڵام لە ئەنجامدا بە بەھێزتر و تۆکمەتر هاتۆتەوە مەیدان، نهێنییەکەشی تەنیا لە تێگەیشتن و خۆڕاگریی و بەردەوامیی زۆرینەی ئەو هەڤاڵ و سەرکردە و کادرانەوە بووە کە لە رێگە راستەکە لایان نەداوە، چونکە یەک ی.ن.ک یان ناسیووە، متمانە و باوەڕیان بە یەک رابەر هەبووە ئەویش مام جەلال بووە بە ئێستاشەوە.

ھاوکات پەیڕەویی یەک سەرچاوەی روونکردنەوەی سیاسەتی حزبەکەیان کردووە بە رێنمایی کاری خۆیان، ئەویش راگەیاندنی ی.ن.ک بووە.

ئەم گیانی رێکخراوەیی و حزبایەتییە لای ئەو زۆرینەیەی کادر و ئەندام و پێشمەرگانە لە هەموو دۆخێکدا، جێگیر بووە، بەم کێشانەی ئێستاشەوە کە دەبینرێت نەگۆڕاوە.

باس لە هۆکار یان دروستکەری کێشەکان ناکەم، بەڵام گرنگ ئەوەیە سەرۆک مام جەلال هەمیشە تەئکیدی کردۆتەوە لەسەر ئەوەی کە یەک ی.ن.ک- مان ھەیە، ئەویش هی هەموانە و هەمووان خۆمان بە خاوەنی دەزانین.

دەربارەی راگەیاندنیش، سەرۆک مام جەلال هەرگیز لەگەڵ راگەیاندنی سێبەردا نەبووە، بەڕێزیان میدیای سێبەری بە میدیای سەربەخۆ و ئازاد ھاوتا نەکردووە، بۆیە کەناڵەکانی راگەیاندنی ی.ن.ک-ی بەلاوە زۆر پیرۆز بوو، هەرگیز کەیفی بەوە نەھاتووە کە هیچ هەڤاڵێک کەناڵێکی راگەیاندن بە ناوی سەربەخۆوە بۆخۆی قۆرخ بکات و پشت بکاتە راگەیاندنی خۆمان.

بەداخەوە بەھۆی ئەو سنووربەزاندنەی ئازادیی و دیموکراسیی لەناو ی.ن.ک-دا، لە رابردوودا، چەند یەکێتییەک، چەند جەمسەر و چەند رابەرێک و چەند راگەیاندنێک دروست ببوو، هەمووشی لەسەر توانا و ھێزی مادیی و مرۆیی ی.ن.ک خۆی بوو، کە لەجیاتی بەھێزکردن، هەموو تواناکان پەرش و بڵاو ببوونەوە، ی.ن.ک لاواز ببوو، رۆژ بەرۆژیش نێوانی ھەڤاڵان گرژتر و ئاڵۆزتر دەبوو. هەر بۆیە راستکردنەوەی رێڕەوەکە زۆر پێویست بوو تا یەک ی.ن.ک-ی یەکگرتوو زیاتر تۆکمە ببێت، تا ھەموان لە سایەی رووانین و بیردۆز و رێنمایی و راسپاردە و فیکری واقیعیی و قاڵبووی دەوڵەمەندی یەک کارێزما و رابەری مێژوییدا درێژە بە خەباتی دیموکراسیی و ئازادیی و سەربەخۆیی سیاسیی بدەین کە ئەو رابەرەش سەرۆک مام جەلال-ە، تا هەموان بەھرەمەند بین لە ئازادیی رادەربڕین و بیروڕای جیاواز بۆ خزمەتکردنی یەک ئامانج.

لەڕێی یەک راگەیاندنی بەھێزی یەکێتییەکەمانەوە، تەبلیغات و بانگەشە و پەیامی حزبەکەمان بدەین بە گوێی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و عیراقدا، راگەیاندنمان بۆ حزبەکەمان بێت. چونکە سەرۆک مام جەلال لە مێژە پێی وتووین تا زیندووم پیامدا هەڵمەدەن، تا رەخنەکانمان، سەرەنجەکانمان تووڕەییەکانمان، بەئاشکراو لە کەناڵەکانی خۆمانەوە بخەینەڕوو کە ناسنامە و ناویان دیار و ئاشکرایە.

پێویستە توانا مادی و مرۆییەکان بخرێنە خزمەت یەک راگەیاندن و چیتر هەڤاڵان خاوەنی کەناڵ و سایت نەبن، بەڵکو بایەخ بدرێت بە کادرانی راگەیاندنی حزبەکەمان، ئیتر کۆتایی بێت بەوەی ئیعلامی حزبی باوی نەماوە، چونکە ی.ن.ک حزبی راستەقینە و سەرەکییە نەک قسەکەری فەیسبووک و پەیج و سۆشیال میدیا، تا فرە بۆچوون و روانین لە میدیای خۆمانەوە رەنگ بداتەوە، نەک فرەجەمسەریی لە سۆشیال میدیای بێ ناونیشان و ناوی خوازراوو و ماڵوێرانکەر.

 226 جار بینراوە