سەرەکی » راپۆرت » ئاماده‌کردنی : ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا » هەوڵەکانی فەرەنسا بۆ راگرتنی جەنگ و کۆمەڵکوژی لە سوریا

هەوڵەکانی فەرەنسا بۆ راگرتنی جەنگ و کۆمەڵکوژی لە سوریا

هەرچەندە فەرەنسا دەوڵەتێکی ئەوروپیی گرنگە و ئەندامی هەردوو رێکخراوە گەورەکەی رۆژئاوایە کە ئەوانیش بریتین لە « یەکێتی ئەوروپا وناتۆ»، لێ ئەم دەوڵەتە رۆژئاواییە هەمیشە دڵیشی لای رۆژهەڵاتە. پێدەچێت رۆژهەڵاتیش پێویستی بەم دڵەی رۆژئاوا بێت، بەتایبەتی لە سوریادا چونکە هەموو هێزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، بەوپەڕی دڕندانەو دڵڕەقییەوە کەوتنوونە گیانی خەڵكی سیڤیلی ئەم وڵاتە. لەماوەی پێشوودا لە دوو شوێنی سوریا کە ئەوانیش « غۆتەی شەرقی و عەفرین»ە کۆمەڵکوژی گەورە دەکرێت، دەوڵەتانی جیهانیش هیچ کارێکی وایان نەکردووە بۆ راگرتنی ئەم چەتەگەرییە. بەڵام فەرەنسا هەوڵەکانی چڕکردۆتەوە بۆ راگرتنی ئەم مەرگەساتە، تاڕادەیەکی باشیش سەرکەوتووبە.

هەوڵەکان بۆ راگرتنی مەرگەساتی جەنگ
لەماوەی پێشوودا مەرگەساتی جەنگ تەواوی سوریای گرتەوە بەتایبەتی لە عەفرین و غۆتەی شەرقی، فەرەنساش لەهەموو دەوڵەتانی تری جیهان، زیاتر هەوڵی راگرتنی ئەم جەنگە دەدات. هەرئەمەش وایکرد کە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا هەوڵەکانی چڕبکاتەوە. لەماوەی پێشوودا بەتەنها و دواجاریش لەگەڵ ئەنجیلا مێرکل راوێژکاری ئەڵمانیا، پەیوەندییان بە فلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا کردو داوایان لێکرد، کە کاربکرێت بۆئەوەی ئەو مەرەگساتە رابگیرێت. ئەم هەوڵەش تاڕادەیەک سەرکەوتنی باشی بەدەستهێنا، چونکە بەبێ روسیا هیچ شتێک لە سوریا ناکرێت.

سەرکەوتنی هەوڵەکان
هەوڵەکانی ماکرۆن دەرئەنجامی باشی هەبوو، ئەوەبوو رۆژی شەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەکۆی دەنگ رازیبوون بۆ ماوەی 30 رۆژ، جەنگ لە تەواوی سوریا رابگیرێت، دیارە ئەمەش پاش رەزامەندی روسیا هات، کەلەمەشدا فەرەنسا رۆڵی گەورەی هەبوو.

غۆتەی شەرقی
غۆتەی شەرقی لە سوریا دەکەوێتە نزیک دیمەشقی پایتەخەتەوە، پێشتر ئەم ناوچەیە رەزوباخێکی گەورەبوو، ناوچەیەکی تەواو سەوز ودڵرفێن، کەبە زۆرجار باخی پشتەوەی دیمەشق ناودەبرا. لێ بەهۆی جەنگی ناوخۆوە، ئەم رەزە جوانە، بۆتە گۆڕستانێکی گەروە بۆ خەڵكی ناوچەکە. ماوەی چەندین مانگە جەنگێکی سەخت لێرە روودەدا، لێرە دوایین ناوچەی ژێردەسەڵاتی میلیشا ئیسلامییەکانە لەپێش هەموویانەوە بەرەی نووسرە ، کە لە ساڵی 2013 ەوە داگیریان کردووە. بەتایبەتی لەمانگی پێشوودا جەنگی نێوان رژێمی سوریا و میلیشیا ئیسلامییەکان، کارەساتی گەورەی لەم ناوچەیە خوڵقاند، تەنها لەم ماوە کەمەدا نزیکەی 600 کەس بوونەتە قووربانی و تەواوی نەخۆشخانە و دەزگا حکومییەکان وێرانکراون، جگەلەوەش نزیکەی 400 هەزار کەسێک هێشتا لەو ناوچانە ماونەتەوەو گیراین خواردووە. لەمبارەیەوە ئیمانوێل ماکرۆن رایگەیاند: ترسی گەورەمان لە دروستبوونی کارەساتی گەورەی مرۆیی هەیە لەم ناوچەیە ، بۆیە هەموو هەوڵەکانی خۆمان بۆ راگرتنی جەنگ چڕکردۆتەوە.

عەفرینیش دەگرێتەوە
هەرچەندە ئەردۆغان و حکومەتەکەی دەیانویست خۆیان لەم هەوڵە نێودەڵەتییە بدزنەوەو لە جەنگ و کۆمەڵکوژی دژی خەڵكی عەفرین بەردەوام بن، بەڵام لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، سەرۆک ماکرۆن بە ئەردۆغانی راگەیاندووە، کە بڕیاری راگرتنی جەنگ کە لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەرچووە، هەموو سوریا دەگرێتەوە بە عەفرینیشەوە. هەرچەندە ئەردۆغان و سووپا داگیرکەرەکەیی و میلیشیا بەکرێگیراوەکانی، لە جەنگ بەردەوامن، بەڵام ئەم ئاگادارکردنەوەی فەرەنسا زۆر گرنگە، بۆ راگرتنی ئەو لەشكرکێشییەی تورکیا بۆسەر عەفرین و شکستهێنانی پیلانەکانی دژی بەگەلی کورد لە رژئاوا.

هەوڵەکان ئەنجامی دەبێت
راستە هەوڵەکانی فەرەنسا درەنگ دەستیپێکرد، بەڵام دەرئەنجامی باشی هەبوو. دوێنی فلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا فەرمانی دەرکرد، کە لە غۆتەی شەرقی جەنگ رابگیرێت. هەروەها سێرگی شویگۆ وەزیری بەرگری روسیا بە میدیاکانی راگەیاند: بە فەرمانی سەرۆک پوتین، ئاگربەست لە 27 ڤێبراوەرەوە لە غۆعتەی شەرقی دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوەش بۆ کەمکردنەوەی قووربانی مەدەنیی و گەیاندنی یامەرتییە مرۆییەکان.
بەدڵنیاییەوە فەرەنسا دەوڵەتێکی گەورەی ئەوروپا و جیهانە، دەشتوانێت رۆڵی گەورەبگێڕێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی رۆژهەڵات بەتایبەتی لە سوریا، هەربۆیە زۆر گرنگە بۆ ئێمەی کورد کە پەیوەندیمان بەم وڵاتەوە بەهێزبکەین.

سەرچاوە:-ئاژانسەکان

 896 جار بینراوە