سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » عەفرین و وتاری دیماکۆچیانەی ئاینیی ئەردۆغان

عەفرین و وتاری دیماکۆچیانەی ئاینیی ئەردۆغان

پەلاماردانی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، بابەتێکی سەرپێیی نییەو لەیەک ڕوانگەیشەوە تورکیا هێزی خۆی بۆ ئەو جەنگە ئامادە نەکردووە.
بەواتایەکیتر؛ تورکیا لەعەفریندا بەیەک مارکە لەهێز نەهاتۆتەنێو جەنگەکەوە، بەڵکو ماکینەیەکی گەورەی لەهێزی سەربازی و ئابووری و دینی! خستۆتەکار، لەپێناو کەوتنی عەفریندا.
ئەم فرەچەشنییەی هێزی تورکیا بۆ کەوتنی عەفرین، یەکەمجارنییە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاو خودی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە بەکاردەهێنرێت. بەڵکو لەپێشوویشدا بۆچەندانجار ئەم گورزە جیاوازەی هێز لەلایەن تورکیاوە دژی کورد بەکارهێنراوەو بێسوودیش بووە.
لەپەلاماردانی قەندیلدا، تورکیا ساڵانێکی زۆرە هێزی ئابووری و سەربازی و خیتابی دینی و تەهلیلەی پیاوانی ئاینی و نوێژخوێنەکانی تورکیای پێکەوە گرێداوەو بەهەرسێ هێزەکەوە ڕوودەکەنە قەندیل و ناتوانن بیڕوخێنن. لەکاتێکدا چەتەتورکەکان بەچەک دژی قەندیل بوون و بۆردومانیان دەکرد، پیاوانی ئاینی تورکیایش لەمزگەوتەکانی ئەستەنبوڵەوە دەم بەدوعاو پاڕانەوەو نوێژی سەرکەوتنیان بۆ سەربازەکانیان دەکرد.
تەنانەت لەپرۆسەی هەڵبژاردنەکانی تورکیایشدا، لەکاتێکدا ئەردۆغان و ئاکپارتی هێزی ئابووریان دەخستەکار بۆ کڕینی دەنگی دەنگدەرە کوردەکان. پاشان هێزی سەربازیشیان دەخستەکار لەسەر جەزیرەو باکوری کوردستان تاکو بەربەست لەبەردەم دەنگدەرانی کوردی ئەو ناوچانەدا دروست بکەن و دەنگ بە HDP نەدەن. لەهەمان کاتیشدا ئەردۆغانمان دەبینی بەقورئانێکەوە لەپێشی پاسێکەوە هاواری دەکردو داوای لەکوردەکانی دیاربەکر دەکرد دەنگ بەئاکپارتی بدەن!
ئەوەی ئێستا لەعەفرینیش دەبینرێت کە ئەردۆغان لەکاتێکدا ئابووریەکی زۆری خستۆتە خزمەت جەنگەکەوەو لە23ی ئابی 2016یشەوە هێزێکی زۆری بردۆتە خۆرئاوای کوردستان و پاشان وتاری 90هەزار مزگەوتیشی تەریب بەئاراستەی سەرکەوتنی هێزەکانی تورکیا لە عەفرین جوڵاندووە. شتێکی دەگمەن و سەیر نییەو ئەوە سیفاتی مێژوویی تورکەو پێشتریش ئەتاتورکی سەرۆکی تورکیا لەڕازیکردنی دڵی ژنێکی کورددا لەئامەد! قورئانێک دەکاتە تکاکار تاکو هاوسەرگیری لەگەڵ بکات.
پێکەوەیی ئەم سێ هێزەی تورکیا لەهەر جەنگ و پێشهاتێکدا، نیشانەی ئەوپەڕی ئیفلاسی و شکستە بۆ ئەردۆغان و سوپاکەیی و دەرخەری ڕاستییەکە کە؛ هەریەکێک لەم هێزانەی تورکیا بەتەنها کەمە بۆ گیانفیدایی و خۆڕاگری کوردو ناتوانن شتێک لەبڕواو ئایدیای کورد بگۆڕن.
بۆیە لەکاتێکدا هێزی پارەو فیشەک و زیندان ناتوانێت کوردێک لەکوردبوون پەشیمان بکاتەوە، ئەوا ئەردۆغان وەک دواین هێزو وەک دواین هیوا پەنادەباتەبەر هێزی دیماکۆچییەتی دینی و مزگەوت و سورەتی «الفتح»و چەمکگەلێکی وەک «جیهادو غەزوەو دەستکەوت و ….هتد»
بۆمانەوەی تورکیایش لەم ئاستەی هێزدا، هەرگیز تورکیا ناتوانێت دەستبەرداری هیچ یەکێک لەم هێزانەی ببێت. چونکە هاوکێشەیەکی ڕاستەوانە لەنێوان هێزی ئابووری و سەربازی لەلایەک و هێزی دینی ـ ئیخوانی تورکیا لەلایەکیتر هەیە کە باڵانسی هێزو شوناسی تورکیایان هەڵگرتووە.
ئەردۆغانیش لەپێناو گەیشتنی بەخەونی ئەهریمەنئاسای خۆی، ئەم شوناسە ئیخوانیەی کردووەتە هێزێکیتر لەپاڵ هێزی ئابووری و سەربازیدا دژی کوردو مافە ڕەواکانی.
کاتێکیش جەستەی سیاسی تورکیا توشی هەڵلەرزین و کرژبوونێکی سیاسی دەبێتەوە لەسەردەستی کورد، لەپاڵ ڕێگاچارەی سەربازیدا، دەست بۆ ڕێگاچارەی دینیش دەبرێت، کە ئەویش تەکفیرکردنی کوردو بەتیرۆریست ناساندنی خەباتگێڕانی کوردە. هەموو جەنگێکیش لەم ڕێگاچارەدا دژی کورد، جیهادو شەهادەتە لەلای ئەردۆغان و ئەو تایپە لەپیاوانی دینی کە ئەم وتارە دیماکۆچییە پێشکەش دەکەن.

 164 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*