سەرەکی » وتار » لەشکر حەمە ساڵح » دوو هەواڵی ناخۆش

دوو هەواڵی ناخۆش

كشانەوەی ئەمریكا و گەڕانەوەی تالیبان لە ئەفغانستان دوو هەواڵی ناخۆشن بۆ عیراقییەكان، چونكە پێیانوایە لە هەموو كاتێكی تر زیاتر، كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە وڵاتەكەی ئەوانیش دەبێتە ئەگەرێكی بەهێز.

لە مانگی ئایاری رابردووەوە، لەوەتەی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دەستیانكردوە بە كشانەوە لە ئەفغانستان، لەو كاتەشدا كە كابول لە لایەن چەكدارەكانی تالیبانەوە كۆنترۆڵ كرا و حوكمی ئەمارەتی ئیسلامی تالیبان گەڕایەوە، بەشێك لە عیراقییەكان دوودڵ و نیگەرانن، بەشەكەی تریش خۆشحاڵ و دەم بەخەندەن، هەردوولا پێیانوایە دوای ئەفغانستان نۆرەی عیراقە بۆ ئەوەی ئەمریكییەكان لێی بكشێنەوە.

دابەشبوونی عیراقییەكان بە جۆرێكی مەترسیدارە، چونكە وڵاتەكە لە بەردەم خاڵی وەرچەرخان دادەنێت، بێگومان ئۆپشنەكان هیچ ئەگەرێكی باش و دڵخۆشكەریان تێدا نییە. یان دۆخەكە بەو جۆرە خراپەی ئێستا دەمێنێتەوە، یاخود خراپتر دەبێت.

بەڵام لە راستیدا ئەو پێشهاتەی لەم كاتەدا هاتۆتە ئاراوە كە وڵاتەكە بەرەو هەڵبژاردنێكی گرنگ دەڕوات لە مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو، دەرفەتێكی زۆر باشە بۆ ئەوەی دڵسۆزانی وڵاتی نێوان دوو رووبار هەڵوەستەیەك بكەن و بەخۆیاندا بچنەوە.

ئەو بەخۆداچوونەوەیە خاڵێكی گرنگ و وەرچەرخانی راستەقینەیە، بە تایبەتی لەو رووەوە كە دەبێت بیری جددی لە خۆیان بكەنەوە. ئیتر وا 18 ساڵە ئەمریكا پشتیوان و هاوكارە بۆ ئەوەی عیراقی نوێ لەسەر پێیەكانی خۆی بوەستێت، بەڵام ئەم پشتیوانییە نەك نەبۆتە مایەی باشبوونی باری گشتی عیراق، بەڵكو ئەوەی روویداوە تەواو پێچەوانەوە بووە.

باشترە لە چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەمریكا، عیراقییەكان تەماشای هەردوو ئەزموونی ئەفغانستان و ئەڵمانیای دوای جەنگی جیهانیی دووەم بكەن.

لە یەكەمیاندا پشتیوانی ئەمریكا بووە هۆی دروستبوونی نوخبەیەكی حوكمڕانی گەندەڵ و دووركەوتنەوەی ئاسۆی بەدیهێنانی ئایندەیەكی گەش. لە دووەمیشدا تەواو پێچەوانە، ئەو ئەڵمانیایەی لە دوای جەنگ ئەمریكا پشتیوانی كرد ئێستا ركابەریی شەریفانەی ئابووری و سیاسی و ستراتیجی لەگەڵ خودی ئەمریكادا دەكات.

بۆ هەموو پێكهاتە عیراقییەكان بەبێ جیاوازی، ئیتر كاتی رەفتار و هەڵسوكەوتی جددییە نەك وەك جاران هەر خەریكی دروشمی بریقەدار و بەكارهێنانی ئایین و مەزهەب بن بۆ مەرامی تایبەتی.

 222 جار بینراوە