شار

سه‌مانسا شیپ

له‌ فارسییه‌وه‌: محه‌مه‌د كه‌ریم

ناوی من «جه‌ین»ه‌. كوڕێكی شانزه‌ ساڵم كه‌ له‌ شارێكی بێناو ده‌ژیم. له‌ ناوه‌ڕاستی یۆتۆپیایه‌كدا. شاره‌كه‌ی من پڕه‌ له‌و مرۆڤانه‌ی هیچ بایه‌خێك به‌كه‌سانی دی ناده‌ن و له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی یارمه‌تی كه‌سێك بده‌ن، لێده‌گه‌ڕێن بمرێت، هه‌رچه‌نده‌ یارمه‌تیدانی ئه‌و كه‌سه‌ ئاسانترین رێگه‌ش بێت.

شاره‌كه‌ی من پۆلیسخانه‌ و بنكه‌ی ئاگركوژێنه‌وه‌ی لێ نییه‌، خه‌سته‌خانه‌شمان نییه‌. بۆیه‌ یاساش له‌ شاره‌كه‌ی ئێمه‌ نییه‌. خه‌ڵكی به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، هه‌ڵبه‌ته‌ خراپیش نییه‌. هه‌ر شتێكمان بوێ ده‌یكه‌ین.

بێگومان بیرله‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆچی من ناوم «جه‌ین»ه‌، پێش ئه‌وه‌ی له‌ دایك بم، دایكم زۆر حه‌زی ده‌كرد كچ بم، به‌ڵام له‌ جیاتی ئه‌و من له‌ دایك بووم. دكتۆری شار، «دۆزی» منی هێنایه‌ دنیاوه‌. له‌گه‌ڵ له‌ دایكبوونی مندا دایكم جه‌ڵته‌ لێیدا و مرد. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌گه‌ر نه‌خۆشخانه‌مان هه‌بوایه‌ نه‌ده‌مرد. به‌ڵام به‌م دكتۆر «دۆزی»یه‌ و عیاده‌ بچووكه‌كه‌ی ژیانی مه‌حاڵ بوو، لێگه‌ڕێین به‌رده‌وام كه‌لوپه‌لی عیاده‌كه‌یان ده‌دزی. دایكم هه‌ر زوو ده‌یه‌ویست ناوم بنێن «مێری جه‌ین»، به‌ڵام ته‌نیا ناوی «جه‌ین»م به‌نسیب بوو.

ئۆفیسی سه‌رۆكی شاره‌وانیمان هه‌یه‌. چه‌ند جارێك له‌گه‌ڵ «مۆگین»ی هاوڕێمدا سه‌ردانمان كردووه‌. هه‌میشه‌ ده‌چین بزانین شتێكمان ده‌ستده‌كه‌وێت كه‌ڵكی هه‌بێت یان نا. به‌ڵام ئه‌و شته‌ی كه‌ نایڵێم ئه‌وه‌یه‌ من كوشته‌ی ئه‌و تابلۆیه‌م كه‌ له‌ ئۆفسی سه‌رۆكی شاره‌وانی هه‌ڵواسراوه‌. زۆر سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه‌. تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵ و ره‌شه‌. ده‌ڵێی پڕه‌ له‌ داری وشك. ئیمزاكه‌ی ژێر هی «ئه‌لیا واڵاس»ه‌.

نازانم ده‌توانم ئه‌و خانمه‌ ببینم یان نا. به‌ڵكو پیاویش بێت. «مۆگین» ده‌ڵێت ده‌بێت تابلۆكه‌ بدزم و له‌ ژووره‌كه‌ی خۆم هه‌ڵیواسم. به‌ڵام من هه‌ست ده‌كه‌م هه‌ر رۆژێ بیبینم دڵم ته‌پ ته‌پ لێده‌دات. حه‌زده‌كه‌م ئیشێكی قۆڕ بكه‌م و هه‌ستێكی خۆشم پێ ببه‌خشێت. ئاسایی من و «مۆگین» هه‌میشه‌ له‌ ماڵی باوكم پان بووینه‌ته‌وه‌. باوكم حه‌زی له‌ چاره‌ی من نییه‌. یه‌كه‌م پێی وایه‌ ناوی «جه‌ین» بۆ كوڕ نابێت و كچانه‌یه‌. به‌ڵام من چی بكه‌م گوناهی منه‌؟ ناوێكی ناقۆڵایه‌ بۆ كوڕێك له‌ شارێكی ناقۆڵادا. ناوه‌ ناوه‌ تێڵاتڕێنم ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ته‌ربێتم دابدات. به‌ڵام ده‌ڵێی «هێنری هێل»ه‌ كه‌ جارێكیان وتوێتی: «هه‌موان ده‌بێت ناوه‌ ناوه‌ تێڵاتڕێن بكرێن.»
قوتابخانه‌ له‌ شاره‌كه‌ نییه‌. لێره‌ هیچ كه‌سێ ناچێت بۆ قوتابخانه‌. خه‌ڵكه‌كه‌ی ئێره‌ هه‌وڵده‌ده‌ن خۆیان كاروباری خۆیان به‌ڕێبكه‌ن. من مامۆستای ئینگلیزییه‌كه‌مم خۆشده‌وێت. ئه‌و تاكه‌ كه‌سه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ سه‌یری من ناكات و وه‌كو پاتاڵ من نابینێت. بڕیاری مامۆستاكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ بكات به‌ به‌شه‌ر ده‌مهێنێته‌ پێكه‌نین. شتی وا مه‌حاڵه‌.
هه‌رگیز شتی وا نابێت.

ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ هه‌تا كاتێ بوو كه‌ سه‌ر و سه‌كوتی په‌یدا بوو. یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ربازه‌ پێشڕه‌وه‌كانی جه‌نگ كه‌ باوه‌ڕی وایه‌ ده‌توانێت شار له‌م باره‌وه‌ بگۆڕێت بۆ بارێكی تر. دادوه‌ر بووه‌ و كتێبی یاسا و بڕیاره‌كانی سزدانی وه‌كو ئاو و دۆ له‌به‌ره‌. وێڕای ئه‌وه‌ش ملیاردێرێكه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت ناوێكی باش له‌ دوای خۆی به‌جێبهێڵێت. ناوی «جۆناسان دی جۆنسه‌«. كه‌ ده‌یبینم دڵم پێی تێكهه‌ڵدێت. هاتووه‌ته‌ ئه‌م شاره‌ به‌ خه‌یاڵی خۆی ده‌یه‌وێت ئێمه‌ راست بكاته‌وه‌. شاره‌كه‌ راست بكاته‌وه‌. بیكاته‌ شاری خه‌ونی ئه‌مریكاییه‌كان.

به‌م قسه‌یه‌ دڵم تێكهه‌ڵدێت. ئێمه‌ ئاوا عه‌یبمان نییه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌م شاره‌دا هه‌موان وابیرناكه‌نه‌وه‌. «دی جۆنس»یان خۆش ده‌وێت. ئیشیان ده‌وێت. داوای هه‌لی كار ده‌كه‌ن و حه‌زده‌كه‌ن له‌ شه‌قامه‌كان ئه‌من و ئاسایش هه‌بێت. بۆیه‌ وه‌كو سه‌رۆكی شاره‌وانی هه‌ڵیانبژارد.

قوتابخانه‌كه‌ی روخاند. نامه‌وێت بڵێم نه‌بووه‌ هۆی بێتاقه‌تیم. ئه‌و قوتابخانه‌یه‌م خۆشده‌ویست. به‌گشتی ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ یه‌كێك بوو له‌ شته‌ به‌هاداره‌كانی شاره‌كه‌مان. من و «مۆگین» هه‌ردووكمان وه‌ستاین و سه‌یری روخاندنی قوتابخانه‌كه‌مان كرد. وتیان ده‌یانه‌وێت له‌ جیاتی ئه‌وه‌ قوتابخانه‌كه‌یه‌كی گه‌وره‌تر و خۆشتر دروست بكه‌ن.

له‌ راستیدا دوای ماوه‌یه‌ك خه‌یاڵم ته‌خت بوو. خۆشحاڵ بووم كه‌ بینیم خه‌ڵكێك پێده‌كه‌نین. ئیتر شه‌و هه‌تا خه‌ویان لێده‌كه‌وت نه‌ده‌گریان.

بڕیارمدا سوپاسی سه‌رۆكی شاره‌وانی بكه‌م. شایانی ده‌ستخۆشی بوو. شاره‌كه‌ی ئێمه‌ی كرد به‌ شارێك كه‌ خه‌ڵك كاتێ به‌لایدا ده‌ڕۆیشتن ئیتر تفیان لێ نه‌ده‌كرد. له‌به‌رده‌م ئۆفیسه‌كه‌یدا به‌ جلوبه‌رگێكی جوان و شیكه‌وه‌ كه‌ باوكم بۆی كڕیبووم وه‌ستام و ئه‌و پانتۆڵه‌ كاوبۆ جینه‌م فڕێدا كه‌ شڕ و وڕ ببوو. ئه‌و چاكه‌ته‌م له‌به‌ر كرد كه‌ له‌به‌ر هه‌یوانی ماڵی باوكم له‌به‌رم ده‌كرد و داده‌نشتم.

چووم بۆ ئۆفیسه‌كه‌ی سه‌رۆكی شاره‌وانی و بینیم له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ی دانیشتووه‌. بزه‌یه‌كی هاتێ و هه‌ڵسا له‌به‌رم و وتی: «فه‌رموو! له‌ خزمه‌تتام.»

ده‌مم كرده‌وه‌ و خێرا دامخسته‌وه‌. سه‌یری پشت سه‌ریم كرد. تابلۆكه‌ی لێ نه‌مابوو. له‌ جیاتی ئه‌وه‌ تابلۆیه‌كی ناشیرینی گوڵیان هه‌ڵواسیبوو.

سه‌رچاوه‌: netnevesht.com

 464 جار بینراوە