سەرەکی » راپۆرت » ناوچە گەشتییارییەکانی ئیدارەی راپەڕین بێ خزمەتگوزارین

سەرەڕای لەباریی کەشوهەوا و چەندین شوێنی سەرنجڕاكێش

ناوچە گەشتییارییەکانی ئیدارەی راپەڕین بێ خزمەتگوزارین

راپۆرتی/ جێگر خدر

بەهۆی لەباریی کەشوهەوا و چەندین شوێنی گەشتیاریی سەرنجڕاكێش، سنووری ئیدارەی راپەڕین بە ناوچەیەكی گەشتیاری دەوڵەمەند دادەنرێت، بەڵام کەمیی خزمەتگوزاریی و نەبوونی پڕۆژەکانی مانەوە، ھانی کەمترین گەشتییاری دەرەوەی ناوچەکەی داوە تا روو بکەنە شوێنە جیاواز و دڵڕفێنەکانی.

شوێنی گەشتیاری بۆ چوار وەرزی ساڵ
لە نەخشەی گەشتیاریی ھەرێمی کوردستاندا، چەندین ناوچەی جیاوازی ئیدارەی راپەڕین ھەن، بەجۆرێک؛ ناوچەی شوێنەواری و کەشوھەوای جیاوازی ناوچەکان، شوێنی شیاوی گەشتیاری لە ھەرچوار وەرزەکەی ساڵ رەخساندووە. بەھار و پایزانی دەربەند و دارستانەکانی رانیە، سەرنجراکێشترین دیمەنت دێننە بەرچاوان. دۆڵی ئاکۆیان و شاورێ و ناوچە دڵڕفێنەکانی ھەڵشۆ و قادراوا و بناری چیای قەندیل و بەنداوی سەروچاوە و چەندان شوێنی دیکە گەرمای ھاوین لەبیری گەشتییار دەبەنەوە. بەو پێیەی ناوچەکە شاخاوییە، زستانی سەخت و سروشتیی بەفرینی شاخەکان و دیمەنی رازاوەی کوێستانەکان دەشێت ببنە جێگەیەکی شیاوتر بۆ پێشوازی لە گەشتییاران.

خزمەتگوزاریی مانەوە لەناوچەکەدا نییە
ھۆتێل و مۆتێل و گوندە گەشتییارییەکان لە سنووری ئیدارەی راپەڕیندا نین، ئەمەش وایکردووە کەمترین گەشتیار لە شارە جیاوازەکانی ھەرێم و ناوەڕاست و باشوری عیراقەوە بۆ گەشت سەردانی ناوچە گەشتییارییەکانمان بکەن، ئەمە وتەی ئارام پیرۆت، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری راپەڕینە بۆ کوردستانی نوێ.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، ناوچەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەی بە سروشت ناوچەی گەشتیارین، بەڵام ھیچ خزمەتگوزارییەکی تێدا نییە، تەنھا ئەو کەسانە سەردانی دەکەن کە بە «سەیرانکەر» ناودەبرێن و کەمتر لە 24 کاتژمێر دەمێننەوە و زۆرینەشیان خەڵکی سەنتەرەکانی قەزا و ناحییەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕینن.

قەیرانی دارایی پڕۆژەکانی وەستاند
لەو بارەیەوە ھیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین بە کوردستانی نوێی راگەیاند: لە ساڵی 2013 چەند پڕۆژەیەکی گرنگی گەشتیاری ھەبوو، دوو پڕۆژە لە قەزای پشدەر و دوو پڕۆژەی دیکەش لە قەزای رانیە، بەڵام قەیرانی دارایی پڕۆژەکان وەستێنراون.

وتیشی، ئامانجی حکومەتی ھەرێم و ئیدارەی ناوچەکە ئەوەیە زۆرترین خزمەتگوزاری بگەیەنێت، بەڵام پێویستیشە کەرتی تایبەت رۆڵی خۆی بگێڕێت، ئەگەرچی پڕۆژەی بچووک ھەن، بەڵام لە ئاست پێویستی ناوچەکەدا نین، تەنھا لە لایەن خاوەن موڵکەکانەوە کەپر و شوێن و راکێشانی ئاو ھەیە، ئەوەش داخوازیی سێکتەری گەشتیاری سنوورەکە پڕناکاتەوە، چونکە ناوچەکە بە سروشتیی جوانیی دەھێنێت خزمەتی زیاتر بکرێت و لەو رووەوە ببوژێندرێتەوە بە پڕۆژەی حکومیی و تایبەتی.

ھیچ شوێنێک وەک ئەم دەڤەرە بێ خزمەت نییە
پەیڕەو، ھاوڵاتییەکی دانیشتووی شاری ھەولێرە، بۆ گەشتکردن و بەسەربردنی کاتێکی خۆش، هاتووەتە دۆڵی شاورێ لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین و گونجاویی کەشوهەوا و دڵگیریی شوێنەکە سەرنجی راکێشاوە، بەڵام نەبوونی خزمەتگوزاری نیگەرانیکردووە و دەڵێت، هیچ شوێنێکی ھەرێم وەک ئەم دەڤەرە بێ خزمەت نییە لە رووی گەشتیارییەوە.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، لە ناچارییدا بە رۆژ لەم ناوچە خۆشەدا دەمێنێتەوە تا ئێوارە، بەڵام نەبوونی ھۆتێل یان شوێنی گونجاو بۆ مانەوە ناچاری دەکات، شەو بچێتە یەکێک لە ماڵە ناسیاوەکانی لە ناو سەنتەری قەزای رانیە.

لە سنووری ئیدارەی راپەڕین نزیکەی 70 شوێنی گەشتییاری ھەیە، بەڵام جگە لە دانیشتووانی سەنتەری قەزا و ناحییەکانی ئیدارەکە، بە دەگمەن گەشتیاری دەرەوە سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن، ھاووڵاتیان و بەرپرسانی حکومییش ھۆکارەکەی بۆ کەمی خزمەتگوزاریی گەشییاری دەگەڕێننەوە.

 206 جار بینراوە