سەرەکی » راپۆرت » قەیرانی گەنم روو لە عیراق دەکات

قەیرانی گەنم روو لە عیراق دەکات

راپۆرتی: گەیلان دڵشاد

هاوکاری نەکردنی جووتیاران لە لایەن حکومەتی عیراقەوە، کاریگەرییەکی زۆری کردۆتە سەر کەم بوونەوەی بەرهەمی گەنم و جۆ لەو وڵاتەدا، بە جۆرێک بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو ئاستی بەرهەمهێنان زۆر کەم بۆتەوە.

عیراق لە دوو ساڵی رابردوودا بە بەرهەمهێنانی پێنج ملیۆن تۆن گەنم و جۆر، توانی بووی بگاتە ئاستی خۆ بژێویی و تەنانەت هەناردەکردنیشەوە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی کەمئاویی و وشکەساڵیی لە لایەک هاوکاری نەکردنی جووتیاران لە لایەن حکومەتەوە، بەرهەمی گەنم و جۆ بۆ ئاستێکی زۆر کەم دابەزیوە و پسپۆڕانی بواری کشتوکاڵیش لەم رووەوە هۆشداری دەدەن.

ئەم دۆخە نەک هەر لە عیراق، بگرە لە هەرێمی کوردستانیش بەهەمانشێوە کاریگەری هەبووە، ئەمساڵ وشکەساڵی تەنگی بە جووتیارانی هەرێم هەڵچنیوە و ئاستی بەرهەمهێنانی گەنم و جۆ بەراورد بە ساڵی رابردوو، بە وتەی بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ نیوە دابەزیوە، بەپێی ئامارەکان ئەمساڵ نزیکەی 130 هەزار تۆن گەنم لە هەرێمی کوردستان لە سایلۆکاندا وەرگیراوە، ئەمە جگە لەوەی کە بەهۆی کەمئاوییەوە کوالێتی گەنمی ئەمساڵ خراپترە لەچاو ساڵانی رابردوو.

کەمبوونەوەی ئاوی دیجلە و فورات
جووتیارانی عیراق لە ٪60ی دانیشتوان پێک دێن، هەر وەک خاكی عیراق بە ناوبانگە لە رووی بەرهەمی کشتوکاڵییەوە، بەڵام گۆڕانکارییە کەشوهەواییەکان، وەک بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، کەم بوونەوەی ئاو، دروستکردنی بەنداوەکان لەسەر رووباری دیجلە و فورات لە لایەن تورکیا، لەو هۆکارانەن کە بوونەتە هەڕەشەیەکی جدی لەسەر کەرتی کشتوکاڵی عیراق.

کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکانی عیراق بەتایبەت ئاوی دوو رووبارە بە ناوبانگەکەی، خەریکە پەکی جووتیارانی عیراق دەخات، لە کۆتایی ساڵی رابردوودا وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عیراق رایگەیاند: نزیکەی لە ٪50ی ئاوی رووباری دیجلە لەلایەن تورکیا لە بەنداوی ئەلیسۆ گیراوەتەوە، ئێستاش دۆخەکە هەمان بەردەوامی هەیە و بەپێی ئامارەکان رۆژ بەرۆژ بە بیابان بوون، هەڕەشە لە عیراق دەکات.

بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار
بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بەرامبەر دیناری عیراقیدا، هێندەی دیکە باری سەرشانی جووتیارانی عیراقی قورستر کردووە، بە جۆرێک لە لایەک حکومەت دەستی گرتۆتەوە لە دابینکردنی ئامێر و پێویستییە کشتوکاڵییەکان بۆ جووتیاران و داواکارییەکانیان جێ بەجێ ناکات، لەسەرێکی دیکەشەوە ئێستا هەرچی جووتیاران خۆیان دەیکڕن بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دوو بەرامبەر بووە.

جووتیاران پشت لە زەوییەکانیان دەکەن
ناوچە بەناوبانگەکانی وەک پارێزگای سەڵاحەدین، ئەنبار، کەرکوک، موسڵ و هەندێ ناوچەی تر کە بە چاندنی گەنم و جۆ بە ناوبانگن، ئەمساڵ لەلایەن جووتیارانەوە کەمتر ئامادەکاری بۆ کراوە و پشتیان لە زەوییەکانیان کردووە، وەک جووتیارانی ئەو ناوچانە بە رۆژنامەی (العربی الجدید) وتووە، نزیکەی 30 بۆ 40 ٪ی جووتیاران بەهۆی نەبوونی کارەبا بۆ پڕۆسەی ئاودێری و دەرمانڕشاندنی بەرهەمەکانیان بەراورد بە ساڵی رابردوو پشتیان لە زەوییەکانیان کردووە.

کەمبوونەوەی بەرهەمی گەنم و جۆ
لە دوو ساڵی رابردوودا ئاستی بەرهەمێنانی گەنم و جۆ لە عیراق گەیشتە پێنج ملیۆن تۆن، بەڵام ئەمساڵ بەپێی ئامارەکان ئاستی بەرهەمهێنان بۆ سێ ملیۆن دابەزیووە، یەکێک لە دیارترین هۆکارەکانیش پێنەدانی پارەی گەنمی ساڵی رابردووی جووتیارانە لە لایەن حکومەتی عیراقەوە.

لە هەرێمی کوردستانیش کەمبۆتەوە
کەمی ئاستی بەرهەمهێنانی گەنم بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان کاریگەری زیاترە، ساڵی رابردوو زیاتر لە نیوەی بەرهەمی ئەمساڵ بەرهەمی گەنم بەرهەمهێنرا بوو، بەڵام وشکەساڵی ئەمساڵ وایکرد کە بڕی بەرهەمهێنانی گەنم بۆ نزیکەی 130 هەزار تۆن دابەزێت. ئێستا کاریگەرییەکان دەرکەوتوون، نرخی ئارد لە هەرێم رووی لە بەرزبوونەوە کردووە، ئابووریناسان دەڵێن: گرانبوونی نرخی ئارد بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، لەوانە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عیراقی و وشکەساڵی، هاوكات گرانبوونی نرخی گەنم لە بازاڕەکانی جیهاندا.

 356 جار بینراوە