سەرەکی » راپۆرت » كەركوك؛ بانگەشەی جەماوەریی بۆ لیستی هاوپەیمانیی كوردستان لە میحوەری ئیمام قاسم

كەركوك؛ بانگەشەی جەماوەریی بۆ لیستی هاوپەیمانیی كوردستان لە میحوەری ئیمام قاسم

كەركوك، سیروان محەمەد

ئێوارەی دوێنێ، لە هۆڵی سەنتەری رۆشنبیریی كەركوك و بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دەستپێكی بانگەشە و هاندانی جەماوەریی بۆ سەرخستنی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان و كاندیدەكانی لە پارێزگای كەركوك، لەلایەن میحوەری ئیمام قاسم-ی بازنەی یەك-ی پارێزگای كەركوكەوە دەستیپێكرد.

لە سەرەتای رێوڕەسمەكەدا، وەستا رەسوڵ ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی و سەرپەرشتیاری میحوەری ئیمام قاسم رایگەیاند: دەست دەكەین بە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ سەرخستنی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان لیستی راستەقینەی كوردایەتی كە یەكێتی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا بە یەكەوە و لەم لیستەدا، بە بەرنامە و پڕۆژەیەكی هاوبەشی نیشتمانیی و نەتەوەیی، كار بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواكانتان دەكات.

پاشان لە وتەیەكیدا، شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی رایگەیاند: لێرەین تا هەموومان پێكەوە كاربكەین بۆ سەرخستنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لیستی هاوپەیمانیی كوردستان، ئە‌و یەكێتییەی هەمیشە و لە رۆژە ‌ سەختەكانی خەباتیدا كەركوكییەكان مەردانە و قارەمانانە بەرگرییان لێكردووە و پاراستوویانە، ئە‌و یەكێتییەی رووبارێك خوێنی داوە لە پێناوی كەركوكدا، ئەو یەكێتییەی دەیان سەركردە و پێشمەرگەی قارەمانی بەخشییە ئەم شارە، ئە‌مڕۆش دەبێ پارێزگاری لە خوێنی شەهیدانمان بكەین، كەركوك بۆ كەس جێناهێڵین، یەكێتی خاوەنی راستەقینەی كەركوكە، وتیشی: یەكێتییەكی بەهێز لە كەركوك واتا گەڕاندنەوەی ماف بۆ كەركوكییەكان، یەكێتییەكی بەهێز لە كەركوك زامنی پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەو نەتەوە جیاوازەكانە.

پاشان سەباح حەبیب كاندیدی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان لە سنووری میحوەری ئیمام قاسم، جەختیكردەوە: كار دەكەین بۆ چارەسەری كێشەی كەركوك بەپێی دەستوور و ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە جێناكۆكەكان.

 195 جار بینراوە