سەرەکی » ئابووری » عیراق گرێبەستێكی 27 ملیار دۆلاری ئیمزا كرد

عیراق گرێبەستێكی 27 ملیار دۆلاری ئیمزا كرد

حكومەتی عیراق گرێبەستێكی گەورەی بەبڕی 27 ملیار دۆلار لەگەڵ كۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی ئیمزا كرد، كە جێبەجێكردنی چوار پڕۆژەی گەورە لەخۆدەگرێت، لە بوارەكانی ژێرخانی گواستنەوە ‌و بەرهەمهێنانی غاز ‌و وزەی كارەبادا.

بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی نەوت، پڕۆژەی یەكەم، پێكدێت لە پەرەپێدانی كێڵگەی نەوتی ئەرتاوی ‌و بەرزكردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی لە 85 هەزار بەرمیلی رۆژانەوە بۆ 210 هەزار بەرمیل ‌و دانانی تەكنەلۆژیای نوێ‌ و راهێنانی كارمەندانی ناوخۆ.

پڕۆژەی دووەمیش، بریتییە لە دامەزراندنی كۆمەڵگەی غازی ئەرتاوی بە توانای 600 ملیۆن پێ‌ سێجا، بەمەبەستی بەرهەمهێنانی ئەو غازەی لە كێڵگەكە دەسوتێت، هەروەها بەرهەمهێنانی 12 هەزار بەرمیل چڕكراوەی غازی ‌و سێ هەزار تۆن غازی شل لە رۆژێكدا.

پڕۆژەی سێهەمیش، گەیاندنی ئاوی شەتولعەرەب بە بیرە نەوتییەكانی كێڵگەكە، لە رێگەی راكێشانی بۆرییەكەوە كە توانای گواستنەوەی پێنج ملیۆن بەرمیل ئاوی هەبێت لە رۆژێكدا، جگە لەوەش دامەزراندنی وێستگەیەكی چارەسەركردن بە توانای حەوت ملیۆن‌ و 500 هەزار بەرمیل ئاو لە رۆژێكدا.

هەروەها پڕۆژەی چوارەم، خۆی دەبینێتەوە لە دامەزراندنی وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وزەی خۆر، بە توانای هەزار مێگاوات، كە بە رێژەی لەسەدا 45 تێچووی كەمتر دەبێت، لەو كارەبایەی ئێستا بەرهەم دەهێنرێت.

 170 جار بینراوە