سەرەکی » دۆسێ » هاوپەیمانیی كوردستان كار بۆ جێگیركردنی مافەكان و گەڕاندنەوەی سەقامگیری دەكاتپەڕە 1

كار و بەرنامەی هاوپەیمانییەكە رووندەكرێتەوە

هاوپەیمانیی كوردستان كار بۆ جێگیركردنی مافەكان و گەڕاندنەوەی سەقامگیری دەكات

بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كە بڕیارە لە رۆژی 10ی 10 بەڕێوەبچێت، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان هاوپەیمانێتییەكیان پێكهێناوە بە ناوی هاوپەیمانیی كوردستان كە لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كاندیدیان پێشكەشكردووە.

خاڵە بەهێزەكانی هاوپەیمانیی كوردستان
كارنامە و ئامانجی ئەو هاوپەیمانێتییە و كاندیدەكانی چین؟ چۆن كاردەكەن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكان؟ خاڵە هاوبەش و بەهێزەكانی هاوپەیمانی كوردستان و كاندیدەكانی كامانەن؟ لەم بەرنامەیەدا دووان لە كاندیدەكانی هاوپەیمانی كوردستان لە پارێزگای هەولێر وەڵامی پرسیارەكان دەدەنەوە.

«پێكەوە بەهێزترین» یەكێكە لە دروشم و بەرنامە سەرەكییەكانی هاوپەیمانی كوردستان، چۆن دەكرێت بە فیعلی پێكەوە بەهێزتر بین؟ خاڵە هاوبەش و بەهێزەكان كامانەن؟

یەكڕیز و یەكگرتوویی
لەو بارەیەوە مژدە ئیسماعیل ساڵح كاندیدی ژمارە ٢٢ی بازنەی ٤ی هەولێری هاوپەیمانیی كوردستان رایدەگەیەنێت، پێكەوە بەهێزترین دروشمی سەرەكی هاوپەیمانیی كوردستانە، چونكە گومان لەوەدا نییە هەر كاتێك لایەنە سیاسییەكانی كوردستان یەكڕیز و یەكگرتوو بن باشتر دەتوانن كاربكەن و مافەكان بپارێزن.

مژدە ئیسماعیل دەڵێت، هاوپەیمانیی كوردستان چەند خاڵێك هەردوو لایەنی پێكهێنەر كۆدەكاتەوە كە یەكێك لەوانە كاركردنە بۆ پرسی بودجە و مووچە و لەو بارەیەوە كاری لێبڕاوانە دەكەن، چونكە زۆرجار پرسی بودجە و مووچە وەك كارتی فشاری سیاسی بەرامبەر خەڵكی كوردستان بەكاردەهێنرێت.

كارتی گوشار
وتیشی، ئێمە وەك هاوپەیمانیی كوردستان، هاوپەیمانیی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان هەوڵدەدەین هیچ كاتێك ئەو دوو پرسە وەك كارتی گوشار بەكارنەهێنرێت و وەك مافێك جێگیر بكرێت و هیچ كاتێك دەستی بۆ نەبرێت.

هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە كە بابەتی تریش لە ئارادایە و پێویستە هاوپەیمانی كوردستان لەسەر ئاستی كوردستان و لەسەر ئاستی عیراق كاری بۆ بكات، بە تایبەتی مەسەلەی پێداویستی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان لە شارەكانی كوردستان بە تایبەتی لە شاری هەولێر. بەداخەوە هەندێك پێداویستی سەرەكی هەن كە لە هەولێر دابین نەكراون وەك ئاو، لەم ماوەیەدا بەشێكی زۆری خەڵكی ئەم شارە تووشی گرفت و نەهامەتی گەورە بوون و سەرەتاییترین ماف كە ئاوە بۆیان دابین نەكراوە.

پێداویستییە سەرەتاییەكان
هەروەها دەڵێت، جگە لە مەسەلەی ئاو، گرفتی گەورەش هەیە لە بواری هاتوچۆ و رێگەوبان و لەو بوارەدا كەمتەرخەمی زەق و گەورە هەیە، بەشێوەیەكی گشتی هاتوچۆ قورسە و ئاسانییە، خەڵكی هەولێر شایستەی ژیان و خزمەتگوزاریی زیاترن.

مژدە ئیسماعیل دەڵێت، وەك هاوپەیمانیی كوردستان دەمانەوێت سەقامگیری بگەڕێتەوە و هەڕەشەی وڵاتان و هەڕەشە جۆراوجۆرەكان كۆتایی بێت، لە بەغدا وەك هاوپەیمانی كوردستانی نێوان یەكێتی و گۆڕان وەك تیمی هاوبەش كاردەكەین.

سێ خاڵی گرنگ
هەر لەو بارەیەوە عەبدولسەلام محەمەد كاندیدی ژمارە ٢٧ی بازنەی ٢ی هەولێری هاوپەیمانی كوردستان رایگەیاند، بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی، خزمەتگوزاری، سەقامگیری سێ خاڵی گرنگن و خاڵی هاوبەشن لە نێوان هەردوو لایەنی گۆڕان و یەكێتی و هاوپەیمانیی كوردستان تا لە بەغدا بەهێزتربین و بە بەهێزییەوە دانوستاندن بكەین و دەسكەوتی زیاتر بەدەست بهێنین. ئێمە هەوڵدەدەین هەوێنی یەكێتی نەتەوەیی كوردستان بین. بۆ بەجێهێنانی ئەو ئەركە گەورانەش پێویستە خەڵك پشتگیریمان بكات تا كاربكەین بۆ زامنكردنی مافەكان بە تایبەتی لە مەسەلەی بودجە و مووچە و پێداویستی بە شێوەیەكی گشتی.

عەبدولسەلام محەمەد رایگەیاندووە، وەك هاوپەیمانیی كوردستان كار دەكەین بۆ ئەوەی سەقامگیری لە هەرێم جێگیر بكەین، چونكە ئەگەر ئەوە نەبێت خەڵك ناتوانێت بە ئارامی بژی و گرفتی جۆراوجۆر دێتە ئاراوە.

كێشە و دۆسێ چارەسەر نەكراوەكان
هاوپەیمانی كوردستان بە چ شێوازێك كاردەكات و هەوڵدەدات بۆ چارەسەركردنی كێشە و دۆسێ چارەسەر نەكراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عیراق؟ رێكەوتن لە بارەی نەوت و بودجە، چارەنووسی ناوچە جێناكۆكەكان چۆن دەبێت؟

لەو چوارچێوەیەدا عەبدولسەلام محەمەد رایگەیاندووە، یەكێتی و گۆڕان لە خولەكانی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانیش هەوڵی زۆریانداوە، بەڵام ئەمجارە لەبەرئەوەی پێكەوەین دەتوانین بە هێزی زیاترەوە كاربكەین و دەسكەوتی زیاتریش بەدەستبهێنین و هەوڵیش دەدەین سەقامگیری بۆ هەرێم و عیراق دەستەبەر بكەین.

شەڕی دەستوور و یاسا
هەر لەو بارەیەوە مژدە ئیسماعیل دەڵێت، وەك هاوپەیمانیی كوردستان دەتوانین پێكەوە كاربكەین بۆ مسۆگەركردنی مافەكان، بەڵام ئەم هاوپەیمانییە تەنها بۆ كاتی هەڵبژاردن نییە، بەڵكو بۆ ناو پەرلەمانیشە و لە كاتی شەڕی دەستووری و یاساییدا دەوری زۆری دەبێت، دیارە لەو مەسەلەیەشدا هیچ لایەنێك بە تەنها ناتوانێت ئەو شەڕە بكات بەڵكو دەبێت هەمووان، هەموو لایەنەكان پێكەوە بن و یەك هەڵوێست بن.

وتیشی، بۆ مەسەلەی سنوور و ناوچە جێناكۆكەكان ماددەی 140ی دەستووری عیراق هەیە كە پێویستە كارا بكرێتەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە كە هەندێجار هەڵەی سیاسی لایەنێك وای كردووە ئەو ناوچە جێناكۆكانەی لە بەردەست حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بووە، بەڵام لەدەستی بدەین.

هەوڵ و كۆششی لێبڕاوانە
بۆ پرسی نەوت و غازیش، لە عیراقدا یاسایەكی لەو جۆرە نییە تایبەت بێت بەو بوارە، بەڵام هەوڵ و كۆششی لێبڕاوانە دەكەین و هیوادارین لە عیراق ئەو مافانەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بە شێوەیەكی یاسایی جێگیر بكەین.

هاوكات عەبدولسەلام محەمەد رایدەگەیەنێت، پێشتر چەند جارێك داوامان كردووە ئەنجومەنێكی باڵا هەبێت بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا كە هەموو لایەنەكان بەشداری بكەن، ئێستاش ئەو داوایە دووپات دەكەینەوە و كاری جددیی بۆ دەكەین. دەمانەوێت رۆڵمان هەبێت لە دادگاكانی عیراق، لە راستیدا كورد بەشدارە لەو حكومەتانەی تا ئێستا لە عیراق دامەزراون، بەڵام لەمەودا پێویستە رۆڵمان هەبێت لە داڕشتنی سیاسەتەكان نەك تەنها بەشداری بكەین.

شێوازی هاوپەیمانی كوردستان و كاندیدەكان بۆ كاركردن لە بەغدا چۆن دەبێت؟ واتە یەكێتی و گۆڕان چۆن كاردەكەن بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان لە عیراقدا؟

كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان
عەبدولسەلام محەمەد رایگەیاندووە، بۆ چارەسەركردنی كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان و گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیری، دەبێت ماددەی 140ی دەستووری عیراق كارا بكەینەوە، بودجەی تایبەت و لیژنەی تایبەتی بۆ دابنێینەوە. بودجە و نەوت لە دەستووردا جێگیر نەكراون، بەڵام داهات لە دەستووردا باس كراوە، دەبێت داهاتەكان لە هەرێم شەفاف بكرێت تا لە بەغدا هەڵوێستمان بەهێزتر بین و بۆچوونەكان جێگیر بكەین.

مژدە ئیسماعیل رایگەیاندوە، لە مێژوودا سەلمێنراوە كە پەرتەوازەیی كورد و هەروەها تاكڕەویی لایەنێك زیانی گەورەی لێكەوتۆتەوە، دەبێت هەموو حزبەكان نەك تەنها یەكێتی و گۆڕان، پێویستە یەكڕیز و یەكهەڵوێست بن. لە دانانی بودجەدا كە بودجەی بەگەڕخستن و وەبەرهێنان لە خۆدەگرێت، بەڵام شارەكانی كوردستان خزمەتگوزاریی شیاو و شایستەیان پێشكەش نەكراوە كە شایانیانە پێویستە لەو بوارەدا كاری جددی بكەین.

 241 جار بینراوە