سەرەکی » ئابووری » دانەغاز ئاستی بەرهەمهێنانی غاز لە هەرێم زیاد دەكاتپەڕە 2

دانەغاز ئاستی بەرهەمهێنانی غاز لە هەرێم زیاد دەكات

کۆمپانیای دانەغاز رێکەوتنێکی بۆ وەرگرتنی 250 ملیۆن دۆلار لەگەڵ دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکا (DFC) ئیمزا کرد، بۆ ئەوەی وەبەرهێنانەکانی لە کێڵگەی غازیی کۆرمۆر فراوان بکات و ئاستی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە تا ساڵی 2023 بگەیەنێتە 630 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا.

بەگوێرەی راگەیەنراوێکی کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی، دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکا بۆ ماوەی حەوت ساڵ پاڵپشتی لە پڕۆژەی فراوانکردنی کێڵگەی کۆرمۆر دەکات و کۆی تێچووی پڕۆژەکەش 630 ملیۆن دۆلارە، کە ئامانجی پڕۆژەکە زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی غازە بە رێژەی 50 ٪ بۆ 690 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا.

مەجید جەعفەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کرێستن پێترۆڵیەم و سەرۆکی بۆردی دانەغاز رایگەیاندووە: ئەو گرێبەستەی لەگەڵ دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکا ئیمزامان کردووە جەخت لە گرنگی پەرەپێدانی سەرچاوەکانی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە، ئەوەش لەپێناوی پشتگیریکردنی گەشەی ئابووریی هەرێمی کوردستان.

راشیگەیاندووە: سەرەڕای ئەو ئاڵنگارییانەی کە کۆرۆنا بەدوای خۆیدا هێناوێتی، ئەوان لە وەبەرهێنانەکانیان بەردەوام بوون و رێکەوتنەکەشیان لەگەڵ دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکا سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ پەرەدان بە سەرچاوە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان.

هاوکات دێڤ جاگەدێسان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکا رایگەیاندووە: وەبەرهێنانەکانی DFC لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستگەیشتنی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە وزە زیاتر دەکات، ئەو پڕۆژەیەش دەرخەری وەبەرهێنانی بەردەوامی ئەمریکایە لە هەرێمی کوردستان».

 182 جار بینراوە