سەرەکی » ئابووری » هەلی كار بۆ هەزار و 253 گەنج لە كەركوك دەڕەخسێنرێتپەڕە 4

بە هەوڵی پەرلەمانتارێكی یەكێتی

هەلی كار بۆ هەزار و 253 گەنج لە كەركوك دەڕەخسێنرێت

سیروان محەمەد – كەركوك

بە هەوڵی پەرلەمانتارێكی یەكێتی لەكەركوك، هەلی كار بۆ هەزار و 253 گەنجی شاری كەركوك دەستەبەر دەكرێت، كە بەشێوەی گرێبەست لە كۆمپانیاكانی وەزارەتی نەوتی عیراق لە پارێزگای كەركوك دادەمەزرێن.
رێبوار تەها، پەرلەمانتاری یەكێتی و جێگری سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاندووە: دوای شەش مانگ هەوڵدان، دواجار رەزامەندیی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراقیان بەدەستهێناوە بۆ دامەزراندنی هەزار و 253 گەنجی شاری كەركوك لە كۆمپانیاكانی وەزارەتی نەوت لە شارەكە.

لە كۆبوونەوەیەكدا كە ئەو گەنجانەی سوودمەند دەبن لەو دامەزراندنە ئامادەیبوون، رێبوار تەها وتی: «هەوڵ و كۆششەكەمان پڕ ئەنجام بووە و رەزامەندیی سەرۆك وەزیرانی عیراقمان وەرگرتووە بۆ دامەزراندنی ئەو گەنجانە».

دووپاتیشیكردەوە: رەزامەندییەكەی سەرۆك وەزیرانی عیراق رەوانەی وەزارەتی نەوتی عیراق كراوە، تا رێكارەكانی دامەزراندنی ئەو گەنجانە جێبەجێبكرێت. راشیگەیاند: ئەو گەنجانەی لەو هەوڵی دامەزراندنەکە سوودمەند دەبن، لە دەرچووانی كەركوكن و هەموویان خەڵكی كەركوكن و لە هەموو پێكهاتە و نەتەوەكانی كەركوكیش بەبێ جیاوازی پێكهاتوون.

هەر لەوبارەیەوە، رێبوار تەها پەرلەمانتاری یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند، لە رابردوودا بە دڵ لەگەڵ ئەم گەنجانەدا بووین و دوای هەوڵێكی زۆر گەیشتینە بەرهەمێكی باش كە ببێتە مایەی دڵخۆشی هەموویان.

وتیشی: «لە هەوڵەكەمان بەردەوام دەبین تا لە رێی وەزارەتی نەوتی عیراقەوە رێكارەكانی دامەزراندنەكەشیان بۆ جێبەجێ بكەین».

 291 جار بینراوە