سەرەکی » وتار » تۆڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ دوای شه‌هیدكردنی هه‌ڤاڵه‌كانیان له‌ خێڵی حه‌مه‌دا

تۆڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ دوای شه‌هیدكردنی هه‌ڤاڵه‌كانیان له‌ خێڵی حه‌مه‌دا

نه‌قیب/ به‌رهه‌م س

ئه‌وه‌ سه‌لمێنراوه‌ بزوتنه‌وه‌ جیهادییه‌ ئیسلامیه‌كان دیارده‌یه‌كی نامۆن به‌ ئاداب و كلتور كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری و دوور له‌ پێویستی و واقعی خه‌ڵكی په‌یدابوون.

له‌كاتێكدا خه‌ڵك پیاده‌ی بیروباوه‌ڕی خۆیان ده‌كه‌ن چ پێویستییان به‌ رێكخراوێكی توندڕه‌وی جیهادی ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی جارێكیتر ئاینی ئیسلامیان سه‌رله‌نوێ پێ ره‌وان بكاته‌وه‌؟.

هه‌ر ئایدۆلۆژیایه‌كیش هه‌ڵقوڵاوی ناخی جه‌ماوه‌ر نه‌بێت و له‌گه‌ڵ هه‌ست و هه‌ڵوێستی خه‌ڵكدا یه‌كنه‌گرێته‌وه‌، با گه‌راش دابنێت دواجار ناتوانێت ئه‌و نه‌خشه‌ی دایده‌ڕێژێت، سه‌ركه‌وتوبێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌بێت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌بێت به‌ره‌ی دژی پێكدێت و به‌ره‌نگاری ده‌بنه‌وه‌.

بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌كوردستاندا له‌و رۆژگاره‌دا، وه‌ك زۆربه‌ی ڕێكخستنه‌ ئیسلامیه‌كانی تری ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌ وه‌ك رێكخستنێكی ناكوردی هاته‌ گۆڕه‌پانی كاركردن، به‌ئاشكرا ده‌ستی ده‌ره‌كیشی له‌پشت بوو، چونكه‌ ئه‌م جۆره‌ رێكخستنانه‌ پێكهاته‌یه‌كی توندو تۆڵ نین هه‌میشه‌ روبه‌رووی قه‌یران و ته‌نگه‌ژه‌ ده‌بنه‌وه‌، بۆیه‌ بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامیش له‌ بواری كاركردندا توشی چه‌ندین جیابونه‌وه‌ی ناخۆی بۆوه‌ كه‌ توندڕه‌وه‌كانی له‌ خۆده‌گرت،

به‌تایبه‌ت كاتێ رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌ ده‌ره‌كییه‌كان له‌سه‌ر هێڵ بوون و په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ به‌ستن، جوندولئیسلامیش به‌رهه‌مێكی نه‌زۆكی ئه‌و جیابونه‌وانه‌بوو كاتێ له‌ رێگه‌ی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌وه‌ ئه‌وخه‌ڵكه‌ توندره‌وانه‌ كۆكرانه‌وه‌و ئاراسته‌كران و نه‌خشه‌و پلانی ترسناكیان بۆ داڕشتن، بۆ شێواندن و تێكدان و هه‌ڵته‌كاندنی بنه‌ماكانی ژیان و ئاسووده‌یی و ده‌ستكاریكردنی مه‌به‌سته‌ ئاینیه‌كان لای خه‌ڵكانی ساده‌، كه‌ ئه‌وه‌نده‌ ئه‌جێنداو به‌رنامه‌ی سیاسی مه‌به‌ست بوو، هێنده‌ به‌رنامه‌ ئاینیه‌كه‌ی به‌لاوه‌ گرنگ نه‌بوو.

جوندولئیسلام و دواتریش ئه‌نسارولئیسلام هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ وه‌كوتاقمێكی توند ره‌و خۆیان ناساند به‌وشێوازی مامه‌ڵه‌كردن و راگه‌یاندنانه‌ی ده‌ریده‌بڕی و پێشتریش سه‌ره‌كانیان له‌گه‌ڵ سه‌رانی رێكخراوی ئه‌لقاعیده‌ كلكیان گرێدابوو، له‌وێوه‌ ته‌ڵقینكرابوون كه‌ له‌سه‌ر شێوازی ده‌وڵه‌تی ئه‌وكاته‌ی ئه‌فغانستان به‌ فه‌رمانڕه‌وایی تاڵیبان، ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامی له‌كوردستان درووستبكه‌ن، ده‌وڵه‌تێك له‌ ژێر كوشت و بڕو قه‌ڵاچۆكردنی ئه‌وخه‌ڵكانه‌ی ناچنه‌ ژێر ئاڵایانه‌وه‌.

بۆیه‌ له‌هه‌وڵی یه‌كه‌میاندا چ به‌ بانگه‌شه‌كردن له‌ سه‌كۆی مزگه‌وته‌كانیانه‌وه‌ یان به‌پیلانگێڕان كه‌وتنه‌ دژایه‌تیكردنی ده‌سه‌ڵاتدارێتی حكومه‌تی هه‌رێم و حزبه‌كانی كوردستان به‌تایبه‌ت یه‌كێتی.

یه‌كێتی هه‌رزوو دركی به‌وه‌كرد كه‌ ئه‌و تاقمه‌ سه‌ر لێشێواوه‌ هیچ نێوانێكیان له‌گه‌ڵ دیموكراسیدا نیه‌و ده‌یانه‌وێ به‌زه‌بری شمشێر حوكمی خۆیان له‌سه‌ر زه‌وی پیاده‌بكه‌ن.

هه‌ر بۆیه‌ یه‌كێیتی نیشتمانیی كوردستان له‌بازنه‌ی پێویستی كاركردن له‌سه‌ر دورخسته‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه‌ كۆمه‌ك و ئاراسته‌ ده‌كران، بڕیاریدا هێزێكی پێشمه‌رگه‌ بنێرێته‌ گوندی خێڵی حه‌مه‌ له‌ پێناو به‌رقه‌راركردنی ئاشتی و پاراستنی ئاسایشی ناوچه‌كه‌ له‌ مه‌ترسی هێرشی تیرۆرستی ئه‌و گروپه‌.

ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان نه‌كراوبوو له‌ ئێواره‌ی 23/9/2001 به‌ شێوه‌یه‌كی غافڵگیرانه‌ تیرۆرستان له‌ سێ قۆڵه‌وه‌ هێرشیان ده‌سپێكرد بۆ سه‌ر ئه‌وهێزه‌ی یه‌كێتی كه‌له‌و ناوچه‌یه‌ جێگیركرابوو، پاش شه‌رو رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ بۆماوه‌ی زیاتر له‌ سه‌عات، سه‌ره‌نجام 43 پێشمه‌رگه‌یان شه‌هیدكرد و دوور له‌ هه‌موو پرنسیپه‌ ئینسانیی و ئاینییه‌كان و یاساو رێساكانی جه‌نگ، ته‌رمه‌كانیان شێواندن.

ئه‌و كاره‌قێزه‌ونه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ی ناوخۆی و جیهانی به‌دوای خۆیداهێناو رووی راسته‌قینه‌ی ئه‌وتاقمه‌ی نیشانی هه‌موو جیهاندا، هه‌ر ئه‌و په‌لاماره‌ دڕندانه‌ واشیكرد ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان بخرۆشێن و بێزاری خۆیان به‌رامبه‌ر ئه‌و تاوانه‌ ده‌رببڕن.

تیرۆریستان ھه‌وڵیاندا له‌رێگه‌ی ئه‌و هێرشه‌وه‌ ده‌ست به‌سه‌ر گوندی خێڵی حه‌مه‌و ئه‌وناوچه‌ ستراتیژیانه‌دابگرن كه‌ له‌ رێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانرێت كۆنترۆڵی رێگای هاتوچۆی هێزه‌كانی یه‌كێتی بۆ ناوچه‌كانی سیروان و خورماڵ و هه‌ورامان بكرێت، چونكه‌ هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی گوندی خێڵی حه‌مه‌ به‌و جۆره‌یه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوجه‌رگه‌ی ده‌شتی شاره‌زووره‌وه‌.

له‌پاش تێپه‌ڕ بوونی 24 سه‌عات و خۆرێكخستنه‌وه‌و ئاماده‌كردنی هێزی پێویست، یه‌كێتی بڕیاری هێرشی پێچه‌وانه‌ی دایه‌وه‌و هه‌رزوو توانی ته‌واوی ئه‌وناوچانه‌ بخاته‌وه‌ژێر كۆنترۆڵی خۆی كه‌ به‌هۆی هێرشه‌ له‌ناكاوه‌كه‌ی تیرۆریستانه‌وه‌ له‌ ده‌ستیدابوو، ئه‌وه‌بوو چه‌ندین ته‌رم و چه‌ك و ئالیات و جبه‌خانه‌ی تیرۆریستان له‌و ناوچه‌دا، كه‌وتنه‌ به‌رده‌ست هێزی پێشمه‌رگه‌.

شه‌هیده‌كان
عه‌بدوڵڵا ره‌شید محه‌مه‌د، فه‌یزوڵڵا ره‌شید محه‌مه‌د، خه‌لیل عه‌بدوڵڵا حسێن، حسێن عه‌بدوڵڵا حسێن، زانا فه‌ره‌ج حه‌مه‌ فه‌تاح، فه‌ره‌ج حه‌مه‌ فه‌تاح، سیروان فه‌تاح ئه‌حمه‌د، ئه‌رسه‌لان فه‌تاح ئه‌حمه‌د، فه‌تاح ئه‌حمه‌د كه‌ریم، عومه‌ر محه‌مه‌د ره‌سوڵ، ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د عه‌لی، ئه‌كبه‌ر محه‌مه‌د سه‌عید، ره‌ئوف ئه‌حمه‌د قادر، كامه‌ران محێدین حه‌مه‌، دڵشاد حه‌مه‌ ره‌حیم، ئیبراهیم عه‌زیز ئه‌مین، عه‌دنان عه‌بدوڵڵا خالید، یاسین عومه‌ر ئه‌حمه‌د، دڵشاد محه‌مه‌د عه‌لی، تۆفیق محه‌مه‌د ره‌شید، عه‌تا عوسمان ساڵح، رزگار محه‌مه‌د سه‌عید، ئازاد ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د، عومه‌ر عارف عه‌ول، كاروان ئه‌حمه‌د فه‌تاح، مه‌حمود حسێن عه‌لی، حسێن محه‌مه‌د نه‌جم، موخلیس تاهیر عه‌بدوڵڵا، حسێن محه‌مه‌د ساڵح، كه‌ریم سه‌عید مه‌حمود، ره‌حیم مه‌حمود ئه‌حمه‌د، عه‌لی عه‌بدوڵلا سه‌عید، سدیق ئه‌حمه‌د عه‌زیز، زانا ساڵح مه‌حمود، جه‌بار تۆفیق مه‌حمود، ته‌ها عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح، كامیل محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د، نازم شوكر كه‌ریم، محه‌مه‌د محه‌مه‌دئه‌مین، ئاوات مه‌مه‌ند سه‌عید، غازی عه‌لی قادر، شه‌هاب ئه‌حمه‌د خورشید.

 

 91 جار بینراوە