سەرەکی » کەلتوور » کەوتنی شوناس

دەربارەی فیلمی «دیوار»ـی یەڵماز گونەی

کەوتنی شوناس

بەختیار حەمەسوور

فیلمی «دیوار» یەکێکە لە فیلمە درێژ و گرنگەکانی سینەماکاری گەورەی کورد یەڵماز گونەی، ئەم فیلمە لە ساڵی 1983 بەرهەم هێنراوە و لە درێژە و سیاقی ئەو جۆرە کارانەدایە کە بوون بە شوناس و ناسێنەری سینەمای گونەی، واتە سینەمای سیاسی. سینەمایەک کە بیریەتی فیلم وەک کارێکی هونەری بەرهەم بهێنێت و نەبێتە خیتاب و لە ئایدۆلۆژیاوە نەئاڵێت، کاتێکیش پرسێکی وەک سیاسەت دەکات بە تێما و تەوەرەی کارەکەی، لە بۆتەیەکی هونەری و قاڵبێکی جوانیناسانەدا دەینوێنێت. بەم پێشەکییە کورتەوە دەتوانین بچینە نێو فیلمەکەی گونەی و بە گێڕانەوەیەکی پێویست، نەک حەزکردن و کردنی بە حەکایەت، دەست پێ بکەین.

چیرۆکی فیلمەکە باس لە گیرانی کۆمەڵێک خەڵک (ـی کورد) دەکات بە دەستی تورکەکان، شوێن زیندانە و چاوی کامێرا بەردەوام دیوارەکان پێشان دەدات. لەو گفتوگۆیەی کریس کۆچێرا لەگەڵیدا ئەنجامی داوە، یەڵماز گونەی لە وەڵامی ئەوەی بۆ شوێن زیندانی هەڵبژاردووە، دەڵێت: «زیندان لەگەڵ بارودۆخی تورکیا گونجاو و نزیکە.» دیوار لێرەدا جیا لەوەی زیندانییەکان لە یەکتر دابەش و پەرت دەکات، دەبێت بە دابڕێک لە نێوان باوک و منداڵ، دایک و منداڵ، ژن و پیاو و… ئەم دابڕکردنە لە هەمان کاتدا دابڕکردنیشیانە لە دنیای دەرەوە و هەموو شتێک. لە «دیوار»ـدا خەڵکانێک دەبینین لە دایک دەبن، گەورە دەبن، هاوسەگیری دەکەن، نەوە دەخەوە و دەمرن. زیندان دەبێت بە شایەت و مێژووی نەوەیەک، نەوەیەک جگە لە دیوار و شیشبەند و پۆلیس، هیچ شتێکی تر نابینێت. کارەکتەری سەرەکی «دیوار» منداڵێکە؛ ئێمە لە چاوێکی منداڵانە و کەم‌درککەر و مەعسوومەوە، غەدر و ناعەدالەتی و زوڵم دەبینین. نیگای ئەم منداڵە نمایندە و نوێنەری ئەو هەموو چەوسانەوە و بێڕێزییەیە جەندرمە و بەرپرسەکانی زیندان بەرامبەر بە ژن و منداڵ و پیروپەککەوتەکان دەیکەن، گونەی بە هەڵبژاردنی ئەم نیگایە توانیویەتی باشتر بێڕەحمی و دڵڕەقی دۆخی زیندان و دیوارەکان بەرجەستە بکات. فیلمی «دیوار» پەردەهەڵماڵینە لەسەر پێشێلکاری ماف و ڕەوایەتیدان بە ژێردەستەیی و چەوسانەوە، هەر بۆیە تا ئێستایش ئەم فیلمە لە تورکیا قەدەغەیە. ململانێی نێوان خەڵکە زیندانییەکە و پاسەوانەکان، ململانێیەکی زەق و وێرانکەرە، لە ئەنجامی ئەم ململانێ و بەرەنگارییەدا، منداڵەکە بە فەرامۆشی دەسپێردرێت و لە هەوڵێکدا بۆ هەڵهاتن لەو دۆخە، منداڵەکە دەبێتە نیشانەی ژەندرمەکان و دەکوژرێت. ئەم حاڵەتە لە چاوی کامێراوە بە چەند گواستنەوەیەکی خێرا و شپرز لە منداڵەکەوە بۆ سەر پاسەوانەکان و خەڵکەکە و پاشان لە دەستەویەخە و پێکداهەڵپژانی خەڵک و پاسەوانەوەکانەوە بۆ سەر منداڵەکە، بە جوانی پێشان دراوە. منداڵەکە قوربانییە، قوربانی دەستی چینەکەی خۆی و تورکەکان. ئەم فیلمە لە پاڵ دیوارەکانی زیندان، دیوارگەلێکمان بۆ ئاشکرا دەکات نەبینراو، بەڵام پتەو و قایم، کە هیچیان لەو دیوارانە کەمتر نییە ڕووناکی و تیشکی خۆریان مژیوە و نایەڵن بگاتە ژوورە تاریک و تەنگەکانی ناخ. یەڵماز گونەی لێرەدا تەنیا بە ڕەخنەی سیاسەت لە کەوڵی فاشیستدا ناوەستێت، بەڵکو ڕەخنەی کۆمەڵگەی سوننەتی و خێڵەکیش دەکات، پێشانی دەدات چۆن کۆمەڵگەی نامۆدێرن پڕە لە دیوار و بەربەست، پڕە لە کۆسپ و رێگر، گونەی جیا لە دەرخستنی لایەنە قێزەون و دڕندانەکەی فاشیست، جەخت لەسەر ئەو عەقڵیەتە خێڵەکی و چەقبەستووەش دەکاتەوە کە بۆ مەبەست و مەراییەکانی خۆی و دەربازبوون لە هەر دۆخێکی قەیراناویی و تەنگەتاو، ئامادەیە کوێرانە هەنگاو بەسەر مەرگی نەوەکانی خۆیدا بنێت.

فیلمی «دیوار» لە یەکێک لە کڵێسە کۆنەکانی گوندێکی بچووک لە فەڕەنسا وێنە گیراوە، کڵێسەیەک لە شێوەی زیندان، بە بینای کڵێسەکەدا تابلۆیەکی گەورە هەڵواسراوە و بە زمانی تورکی لێی نووسراوە: «زیندانی ناوەندی» و چەند نووسراویش هەن کە بە شانوباڵی ئەتاتورکدا هەڵیانداوە و دروشمی «دڵخۆش ئەو کەسەیە کە دەڵێت من تورکم.»ـیش، هەیە. یەڵماز گونەی لە گفتوگۆیەکدا سەبارەت بە دروستکردنی فیلمی «دیوار» دەڵێت: «ئەم فیلمەم زۆر لە واقیع نزمترە، چونکە ئەگەر وێنەی واقیعم بگرتایە دەیانگوت ئەمە خەیاڵێکی ڕووتە.» گونەی لە فیلمەکانیدا (بە تایبەت ڕێگە، مێگەل و دیوار) ڕەخنەیەکی ڕادیکاڵ و توند، بە ئاراستەی ناوەوە، واتە کۆمەڵگە و عەقڵیەتی کۆمەڵگەی کوردی، دەکات، ئەم ڕەخنەیە لە فیلمی «دیوار»ـدا بە شێوازێکی سیبمۆلیک و هونەری، حەشارە، پێمان دەڵێت: کۆمەڵگەی سوننەت و خێڵەکی، کۆمەڵگەی دروستکەر و بنیادنەری دیوارە، دیواری نەبینراو و چین‌لەسەرچین: دیوار بەرامبەر دیوار، دواتریش کەوتن و هاڕەکردنی شوناس و مێژووی گەلێک.

 147 جار بینراوە