سەرەکی » راپۆرت » نەبوونی چاودێری لەسەر راگەیاندن و چاپەمەنییەکان

نەبوونی چاودێری لەسەر راگەیاندن و چاپەمەنییەکان

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

بڵاوکردنەوەی کتێب پیویستی بە رێنمایی و یاسای گرنگ هەیە تایبەت بە چاپەمەنی و راگەیاندنەکان، نووسەران و رۆشنبیران باس لەوە دەکەن پێویستە کتێب و گۆڤار و رۆژنامە و هەر بڵاوکراوەیەک بە چەند فلتەرێکدا تێپەڕبێت، پێش چاپکردنی سلەڕووی زمان و ناوەڕۆکەوە ھەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت .
نووسەر و رۆژنامەنووس پێویستە پابەند بێت بە ئیتیکەکانی نووسین و ئەدەب و زمان، رەچاوی ستراتیژی نەتەوەیی لە نووسینی ناو کتێب و رۆژنامە و بڵاوکراوەکاندا بکات، پێویستە یاسای تایبەت بە چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب و چاپەمەنیەکان بێتە کایەوە و سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن رەچاوی بکەن.
نووسەران و رۆشنبیران باس لەوە دەکەن لەرابردوودا یاسای تایبەت بە چاپەمەنیەکان هەبووە و ئێستا کاتی ئەوەیە رێچکەیەک بگرینەبەر تا بەرھەمێک پەیدابێت لەگەڵ ئاست و خواستی سیاسیەتی کوردستان بگونجێت.
لە دوای پرۆسەی ئازادیی عیراقەوە بەناوی ئازادیی راگەیاندنەوە سانسۆر لەسەر بڵاوکراوە و راگەیاندنەکان هەڵگیرا و بە لێشاو بڵاوکراوە و چاپەمەنی جۆراو جۆر پەیدابوو هەندێکیان ئاستێکی نەشیاویی بڵاوکردنەوە و نووسینیان هەبوو، دواتر چووە ئەو قۆناغەی رۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوەی وەرزیی بڵاوبێتەوە کە بابەتی ئاست نزمیان تێدابێت و هەندێکیان لە رووی هەڵەچنی و زمانەوانییەوە زۆر کۆڵەوار بوو کە هیچ بنەما و رێسایەکی زمانەوانی تێدا نەبوو.
نووسەران پێیانوایە وەزارەتی رۆشنبیری وەک پێویست ئەرکی خۆی بەجێنەهێناو گەلێک کەسی بەناو وەرگێڕ و زمانزان دوور لە بنەماکان بە دزیکرن و دەستکاریکردنی بەرهەمی نووسەرانی تر بوونەتە خاوەنی کتێب و پارەیەکی یان بەهەدەرداو کتێبخانەی کوردییان بەرەو لاوازی برد.
هاوکات کەناڵێکی زۆری ئاسمانی لە کوردستان بەبێ رەچاوکردنی ستراتیژێکی دروست و نەتەوە و ئاین پەخشی خۆی دەکات، بەکارهێنانی زمانی جۆراو جۆر لە کەناڵە ئاسمانییەکانی کوردستاندا شێواندنێکی بەرچاوی لەزمانی کوردی و ئاخاوتنی خەڵکیدا دروست کردووە و زمانی کوردییان بەرەو دواوە گەڕاندۆتەوە.

ئازادیی لە میدیایدا دەبێت سنووری هەبێت
دانا عەسکەر نووسەرو وەرگێڕ بۆ کوردستانی نوێ وتی، دوای کرانەوەو زۆربوونی هۆکارەکانی گەیاندن بە تایبەت بوونی ماڵپەڕێکی زۆر، پێچەوانەی رەوتی گەشەکردنی بواری رۆشنبیری ئاستی ئەدەبی و رۆشنبیری تاک هاتووەتە خوارەوە.
وتیشی، بیریەتی لە سەردەمی گۆڤاری بەیان و رۆشنبیری نوێ و هاوکاری و پاشکۆی عیراق و گۆڤاری رەنگین، ئەو بابەتانەی لاوازبوون و شیاوی بڵاوکردنەوە نەبوون یان ئاستێکی زمانەوانیی لاوازیان هەبوو، دێرێک یان دوو دێڕ لەو بابەتانە بڵاودەکرایەوە و دەنووسرا بابەتەکە شیاوی بڵاوکردنەوە نییە، هەوڵ بدە بۆ بابەتی داهاتووت زیاتر بخوێنیتەوە، پێچەوانەی ئێستا دەیان سایت و رۆژنامە هەن ئەگەر لەم گۆڤار یان رۆژنامە بڵاونەکرێتەوە ئەوا رۆژنامە یان گۆڤارێکی دی زۆر بە ئاسانی بۆی بڵاودەکەنەوە ئەمەش بۆتە لاوازی ئاستی رۆشنبیری و ئەدەبی لە کوردستاندا.

چاودێری پێویستە بۆ چاپخانەکان
خاوەن چاپخانەیەک بۆ کوردستانی نوێ وتی، بەهۆی نەبوونی چاودێرییەکی توند لەسەر بەرهەم و کتێبەکان هەندێکجار کەسانێک دەچنە لایان دەردەکەوێت هەموو بەرهەمەکەیان دزیوە و بەناوی خۆیانەوە چاپ و بڵاویان کردۆتەوە، هەندێکجار کێشەکان دێتە چاپخانە کەسەکان دەستەو یەخەی یەکتری دەبن و لەو کەین و بەینەدا پارەی ئێمە بە فیڕۆدەچێت.

خوێنەر تووشی سەر لێشێوان دەکات
زایەر شکور، خاوەن کتێبخانەی دیالۆگ بەکوردستانی نوێ-ی راگەیاند: زۆر بەداخەوە بڵاوکراوەیەکی زۆر بڵاودەکرێتەوە بەبێ رەچاوکردنی چاودێری رۆشنبیری، بەڵام لەڕووی ناوەڕۆکەوە بابەت و نووسینەکانیان زۆر لاوازە و ئاستی زمانەوانیان زۆر نزمە.
وتیشی: بڵاوکراوەیەکی زۆر لە گۆڤار و رۆژنامە دەردەچێت کە ئاستی هونەری و زمانەوانی و ناوەڕۆکی بابەتەکانیان زۆر لاوازە.
باسی لەوەشکرد: لەڕووی دەرهێنانی هونەرییەوە ئاستێکی لاواز و نەگونجاو رەچاو دەکەن کە بەهیچ جۆرێک لەگەڵ ناوەڕۆکدا یەک ناگرێتەوە و نووسەر یان خوێنەر تووشی
سەرلێشێوان دەکات.

 161 جار بینراوە