یانزە

محەمەد کەریم 

(38)

دەمێكە دەزانیت بەختت لە ژمارە یانزە نییە. هەموو رووداوە ناخۆشەكانی ژیانت لەو ژمارەیەدا روویانداوە. رۆژی یانزەی مانگ هەینییە، كەچی جەنابی قایمقام لە رێی گروپی وەتسئەپەوە پەیوەندی دەكات هەموو بەڕێوەبەرەكان سەعات یانزە كۆبوونەوەتان لەگەڵ جەنابی هەیە. هەموو بەرنامەكانی ئەو رۆژەت هەڵدەوەشێتەوە. دەتەوێت رێگایەك بدۆزیتەوە بۆ خۆدەربازكردن، بەڵام سوودی نییە. ئەدمینی گروپەكە بە نامەیەك پێت دەڵێت: «هاوڕێ گیان وەرە دەچین بزانین چی لە هەگبەی ئەم گوێدرێژەدا هەیە!»
هەر كە لەسەر مێزی كۆبوونەوەكە دادەنیشن، یەكسەر دەزانیت ئەمڕۆش بەختت باش نابێت. سەیر دەكەیت بە خۆتەوە یانزە بەڕێوەبەر ئامادەن. یەكێك بە كۆرۆنا فت بووە، یەكێك دەرووی خێری لێكراوەتەوە و ژنەكەی مردووە. یەكێكیش لە سەفەرە. جەنابی قایمقام بە قاتێك جلوبەرگی كوردییەوە كامل بۆیاخ خۆی دەكات بە هۆڵەكەدا. هەمووتان نیوەئاخێز لەبەری هەڵدەسن. یەكسەر دەستدەكات بە قسەی هەلەق و مەلەق، یەك سەعات و چل دەقە قسە دەكات، لەو ماوەیەدا سی و سێ جار دەڵێت «من وەكو قایمقام». ئینجا سەرە دێتە سەر ئێوە یەك یەك قسە بكەن. هەرچەند سەر دێنیت و دەبەیت نازانیت وەک یانزەهەم كەس كە سەرەت هات چی بڵێیت؟ چونكە ئەو هیچی نەگوتووە. بڕیار دەدەیت بڵێی هیچم نییە بیڵێم. یەك سەعات و بیست دەقەش دە بەڕێوەبەرەكەی تر قسە دەكەن. لە وەڵامی ئەوانیشدا بیست و دوو جاری تر دەڵێت: «من وەكو قایمقام». ئاخری دوای سێ سەعات كۆبوونەوە تەواو دەبێت، تۆ خۆشحاڵیت كە هیچ نەقەوما و بە ئاسانی لێی دەرچوویت، كەچی لە كاتی هەڵساندا جەنابی قایمقام چاوی دەكەوێتە سەر وەرەقەی یەكێك لە بەڕێوەبەرەكان وێنەی بەرازێكی كێشاوە، نووسیوێتی: «بەم هەینییە ئێمەی هێنایەوە تا پێنج کەڕەت یانزە پەنجاو پێنج جار بڵێ من بەرازم!!» دەبێتە جەنگی مەغلوبە، هەر لەوێدا بڕیار دەدات فەسڵی بكات.
تۆ لە كاتی شەڕەكەدا خێرا وەرەقەكەت لوول دەكەیت و دەیخەیتە گیرفانت: «ئای قوڕ بەو سەرەم! خۆ ئەوەی منی بدیایە حەوت جار فەسڵی دەكردم!!
ئەوە وتی: «من وەكو قایمقام یان وەكو…؟؟»

 134 جار بینراوە