سەرەکی » ئەدەب و هونەر » پیشه‌كانی ئۆرهان پاموك

پیشه‌كانی ئۆرهان پاموك

موراد ئه‌ردین

ئۆرهان پاموك هاوشێوه‌ی هه‌موو رۆمانه‌كانی تری، له‌م رۆمانه‌ نوێیه‌شیدا (شه‌وانی تاعوون) كه‌ ئه‌مساڵ بڵاوبووه‌وه‌، باس له‌ پیشه‌یه‌ك ده‌كات. له‌م رۆمانه‌ تازه‌یه‌یدا باس له‌ پزیشك، كارمه‌ندانی كه‌ره‌نتینه‌ و كارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه‌كان ده‌كات. پاموك له‌مه‌ و له‌ رۆمانه‌كانی پێشووتریشیدا ته‌نیا جه‌خت له‌سه‌ر پیشه‌كه‌ ناكاته‌وه‌، به‌ڵكو راستینه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی هه‌ڵگری پیشه‌كه‌یه‌، هه‌روه‌ها ئاشنای ئه‌و كێشانه‌ش ده‌بین كه‌ به‌هۆی نه‌ریت و نوێگه‌رییه‌وه‌ رووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه‌.

ورده‌كاری پاموك به‌جۆرێكه‌، وه‌ك خۆی باسی كردووه‌ بۆ هه‌ر نووسینێك، بگره‌ بۆ دروستكردنی هه‌ر كاره‌كته‌رێك: شێوه‌ی كتێبخانه‌كه‌ی ده‌گۆڕێت، داوای كتێبی تازه‌ ده‌كات، سه‌رچاوه‌ كۆده‌كاته‌وه‌، ئه‌و كتێبانه‌ دێنه‌ گۆڕێ كه‌ وه‌ك كلیلی ئه‌و دنیا تازه‌یه‌ن كه‌ ده‌یه‌وێ دروستی بكات. هه‌ر به‌مه‌ ناوه‌ستێت، له‌سه‌رانسه‌ری وڵاته‌كه‌ی چه‌ندین كه‌س وه‌ك په‌یك راده‌سپێرێت بۆ سازدانی چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌هلی كاره‌كه‌ن، خۆیشی ده‌چێته‌ لای ئه‌و پیشه‌گه‌رانه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ سه‌رباری ئه‌مانه‌ یاده‌وه‌ری و شایه‌تی ته‌مه‌نێك ژیانیشی له‌ نێو ئه‌و كه‌لتور و نه‌ریت و پیشانه‌ی كه‌ له‌ رۆمانه‌كانیدا باسیان ده‌كات بڕبڕه‌ی پشتی به‌هێزی كاره‌كانێتی.

له‌ رۆمانی ژنه‌ قژسووره‌كه‌دا وه‌ستا مه‌حمود، وه‌ستای بیرلێدان به‌ شێوازی تایبه‌تی خۆی به‌ دوای دۆزینه‌وه‌ی ئاودا ده‌گه‌ڕێت، به‌ وه‌ستایی و لێزانی رۆماننووسێكه‌وه‌ وه‌ستایی و شاره‌زایی ئه‌و پیشه‌ كۆنینه‌مان نیشانده‌دات و هه‌روه‌ها ده‌ستاوده‌ستكردن و گواستنه‌وه‌ی له‌ نه‌وه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ نه‌وه‌یه‌كی تر ده‌خاته‌ڕوو، وه‌ك چۆن جه‌م-ی شاگردی وه‌ستا مه‌حمود به‌ وردیی سه‌یری وه‌ستاكه‌ی ده‌كات كاتێك چین چین خاك هه‌ڵده‌كۆڵێت.

هه‌مان جیاوازی نه‌وه‌ و پیشه‌كان له‌ من ناوه‌م سووره‌ دا ده‌بینین. له‌وێدا داب و نه‌ریته‌كان هێنده‌ فشار ده‌كه‌ن، نه‌ققاشه‌كان كێشانی ئیمزای خۆیان له‌سه‌ر كاره‌كانیان به‌ شووره‌یی ده‌بینن. ئه‌وه‌ی شایانی ستایشه‌ ئه‌و تێگه‌یشتنه‌یه‌ كه‌ له‌ هونه‌ری ئیسلامیدا تاكه‌كه‌س گرنگ نییه‌، ئه‌وه‌ گرنگه‌ كه‌ وه‌ك كه‌سێكی بێ ناو له‌پێناوی خودادا كاری كردبێت. پاموك به‌ هونه‌رێكی تا بڵێی به‌رزه‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات له‌و ده‌وران و سه‌رده‌مدا پیشه‌ی نه‌ققاشی و به‌رگتێگرتن چۆن كراوه‌. به‌جۆرێك كه‌ هه‌ر له‌ ئۆرهان پاموك فێرده‌بین لووتكه‌ی هونه‌ری نه‌ققاشی كوێربوونه‌.

هه‌رچی له‌ رۆمانی سه‌مه‌ره‌یه‌ك له‌سه‌رمدایه‌، پیشه‌كه‌ی پاموك ده‌بێته‌ فرۆشیاری گه‌ڕۆك. مه‌ولودی شاكه‌سی رۆمانه‌كه‌ ماست، پڵاو و بۆزا ده‌فرۆشێت. ئه‌م فرۆشیارییه‌ی له‌ لاكۆڵانه‌كانی نێو ئه‌سته‌نبوڵ و جار جاره‌ میوانیداری هه‌ندێك له‌ ماڵه‌كان ده‌كات. هه‌ڵبژاردنی پیشه‌ی كاره‌كته‌ره‌كان له‌ نێو رۆماندا له‌لایه‌ن پاموكه‌وه‌ تا بڵێی ژیرانه‌یه‌، چونكه‌ پاموك كاره‌كته‌رێك هه‌ڵنابژێرێت نه‌توانێ بچێته‌ نێو خانه‌ و پنته‌ هه‌ره‌ بچووكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یه‌وه‌، كاره‌كته‌رێك هه‌ڵنابژێرێت له‌ شوێنێك ده‌سته‌پاچه‌ بێت و لۆژیكی نێو ده‌ق رێگه‌ی نه‌دات زیاتر بچێته‌ پێشه‌وه‌ و لای خوێنه‌ریش وه‌ك ته‌نز و كاری نووسه‌رێكی ناشاره‌زا بكه‌وێته‌وه‌. پاموك به‌ دوای به‌مۆدێرنبوونه‌ له‌ توركیا، هه‌روه‌ها دوانه‌ی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا ئاماده‌یی به‌رده‌وامیان هه‌یه‌، هه‌موو ئه‌و گۆڕانكاری و پێكدادانانه‌ش پێویست ده‌كات له‌ پیشه‌ی شاكه‌سه‌كان ره‌نگ بداته‌وه‌.

له‌ كتێبی ره‌ش دا، شاكه‌سه‌كه‌مان رۆژنامه‌نووسه‌. نه‌ك ته‌نیا جه‌لال، بگره‌ غالیبیش كه‌ لاسایی ئه‌و ده‌كاته‌وه‌ و به‌ دوایدا ده‌گه‌ڕێت، ئه‌ویش ماوه‌یه‌ك كاری رۆژنامه‌نووسی ده‌كات. پاموك هه‌وڵده‌دات هه‌م خۆی بنووسێته‌وه‌ هه‌م له‌باره‌ی كاره‌كته‌ره‌كانییه‌وه‌ بنووسێت.

له‌سه‌رجه‌م رۆمانه‌كانی پاموكدا پیشه‌ی نووسه‌ری ده‌بینین. نووسه‌ر ده‌یه‌وێ به‌م رێگه‌یه‌ كاره‌كته‌ره‌كانی ئایدیالیزه‌ بكات و ده‌یه‌وێ ئه‌وه‌ بخاته‌ڕوو ئه‌وان ده‌یانه‌وێ له‌ چ توركیایه‌كدا بژین. ئه‌و كه‌سه‌ی له‌ نێو ژنه‌ قژسووره‌كه‌دا ده‌یه‌وێ ببێته‌ نووسه‌ر و ئه‌وه‌ی له‌ به‌فر یشدا هه‌یه‌ له‌ هه‌مان ئه‌و نووسه‌ر (شاعیر)انه‌یه‌.

له‌ مۆزه‌خانه‌ی پاكیزه‌یی دا ته‌نیا نووسه‌ر نا، سینه‌ماكاران، خاوه‌نی مۆزه‌خانه‌، به‌ڵێنده‌ر و به‌ڕێوه‌به‌رانی كۆمپانیا تایبه‌ته‌كانیش هه‌ن. له‌ زۆربه‌ی رۆمانه‌كانی پاموكیشدا به‌ره‌وڕووی فه‌رمانبه‌ر ده‌بینه‌وه‌.

له‌ جه‌وده‌ت به‌گ و كوڕه‌كانی دا فه‌رمانبه‌ره‌ پله‌ باڵاكان نوێنه‌رایه‌تی ده‌سته‌بژێری كۆمه‌ڵگه‌ و حه‌یران و سه‌رسامانی رۆژئاوا ده‌كه‌ن. كاركردن له‌ ده‌وڵه‌ت وه‌ك پێبه‌خشێكی تایبه‌ت و هه‌نگاوێكی گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بچێته‌ نێو سیاسه‌ته‌وه‌. له‌ ماڵی بێده‌نگ دا فه‌رمانبه‌رانه‌ ده‌بینین كه‌ له‌لایه‌ن كاك سه‌ڵاحه‌دینه‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌ و له‌ژێر ناوی «ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی زیاد له‌ پێویستین» له‌ دوایین رۆمانیشیدا شه‌وانی تاعوون زوو زوو فه‌رمانبه‌رانمان دێنه‌وه‌ به‌رچاو. ئه‌و حاكمانه‌ی سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تن. فه‌رمانبه‌رانی كه‌ره‌نتینه‌ و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و سه‌ربازه‌كان.

ئه‌گه‌رچی رۆمانه‌كانی پاموك ناخرێنه‌ نێو كاتیگۆرییه‌كی سنووربه‌نده‌وه‌، به‌ڵام له‌ سه‌رجه‌می رۆمانه‌كانیدا هه‌ره‌ زۆر سه‌رباز ئاماده‌ییان هه‌یه‌. دوای ئه‌وانیش پاشاكان، مامۆستاكان، پۆلیس و به‌قاڵه‌كان. هۆكاره‌ی ئه‌وه‌یش كه‌ له‌ زۆربه‌ی رۆمانه‌كانی پاموكدا باس له‌ سه‌رباز كراوه‌، چونكه‌ له‌ زۆربه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ی پاموك له‌باره‌یانه‌وه‌ نووسیویه‌تی كوده‌تای سه‌ربازی روویداوه‌.

له‌ توركییه‌وه‌: فه‌رهاد چۆمانی

سه‌رچاوه‌: https://oggito.com/icerikler/orhan-pamukun-meslekleri/66665

 132 جار بینراوە