سەرەکی » ئاراستە » دووبارە نیکۆلا سارکۆزی راپێچی دادگا دەکرێت

دووبارە نیکۆلا سارکۆزی راپێچی دادگا دەکرێت

ئا/ حەمە عوسمان – فەرەنسا

دووبارە نیکۆڵا سارکۆزی سەرۆک کۆماری پێشووتری فەرەنسا، راپێچی دادگا دەکرێت، ئەمجارەشیان گەندەڵییەکی نوێی ئاشكرا دەبێت، کە زیاتر پەیوەندیی بە کۆمپانیاکانی بواری راپرسی و پەیوەندییە گشتییەکانەوە هەیە. مێژووی کەیسەکانیش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی حوکمڕانی سارکۆزی لە کۆشکی ئەلیزێ. هەرئەمەش وایکردووە کە دووبارە سارکۆزی ببێتەوە بە بابەتی سەرەکی میدیای فەرەنسی و جیهان.

دادگاییکردنی سارکۆزیی و کەسە نزیکەکانی
وابڕیارە، نیکۆلا سارکۆزی لە هەفتەی داهاتووەوە لە بەردەم دادگادا ئامادەبێت و ئەم کەیسەش تا 19 ی مانگی نۆڤەمبەر بەردەوام دەبێت، سەرەتا وەک شایەت، هەرچەندە بەشی زۆری دۆسێیەکەش پەیوەندیی راستەوخۆی بە سارکۆزییەوە هەیە. جگە لە سارکۆزی، دادگا شەش کەسی نزیکی سارکۆزیشی بانگهێشتکردووە، کە راوێژکار و بەرپرسی کۆمپانییەکانی ئەوکاتە بوون بۆ راپرسی.

ناوەڕۆکی کەیسی راپرسی چییە؟
کەیسی راپرسی دەگەڕێتەوە بۆ پێش 10 ساڵ، ئەم کەیسەش بریتییە لە بەکارهێنانی پارەی دەوڵەت بۆ مەرامی شەخسی و سیاسی سارکۆزی، لەم کەیسەشدا نۆ کۆمپانیای شارەزا لە بواری راپرسییدا بەکارهاتووە و سوودبەخشبوون. هەندێکیان لێکۆڵینەوەیان لەبارەی سیاسەتی سەرۆک کۆمار کردووە و بۆچوونی خەڵکی فەرەنسایان وەرگرتووە بۆ ئەوەی بزانرێت تا چەندە لێی ڕازین. تەنها بە مەشەوە نەوەستاون ئەو کۆمپانیایانە لە کاروباری شەخسی لێکۆڵینەوە و راپرسییان کردووە، بۆ نموونە لەسەر زەماوەندی نیکۆلا سارکۆزی و کارلا بریونی هاوسەری ئێستای سارکۆزی، کە هەر لە سەرەتای وەرگرتنی دەسەڵاتەوە لەگەڵ هاوسەری پێشووی (سیسیلیا) جیابوونەوە، هەروەها دووگیانیی رەشیدە داتی وەزیری یاسای ئەوکاتەی سارکۆزی کە هیچ پەیوەندیی بە دەسەڵاتەوە نییە.

خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات
بەڵام ئەوەی بەلای دادوەرەوە گرنگە، چۆنێتی بەکارهێنان و خەرجکردنی پارەی دەوڵەتە.

لە ساڵی 2009 دا دادگای تایبەت بە ژمێریاریی و خەرجی دەوڵەت، بۆی ئاشکرابوو کە نایەکسانییەک هەیە لە داواکردنی راپرسی لە کۆشکی ئەلیزێ لەوکاتەدا. ئەو دادگایە پێیوایە، گوێیان نەداوە بە شێوە یاساییەکەی لەو راپرسییانەدا کە بەپێی یاسا دەبێت بانگەشە بکرێت بۆ هەموو ئەو کۆمپانیانەی تایبەت و شارەزان لە بواری راپرسییدا کاردەکەن، بەڵام ئاشکرا بووە کە بەهیچ شێوەیەک رێزیان لە مەرجەکانی بازاڕ بۆ ئەو راپرسییە نەگرتووە و تەنانەت بانگەشەشی بۆ نەکراوە، بە پێچەوانەوە گرێبەستیان لەگەڵ کابینەی (پاتریک بیوسۆن) و (پێیر گیاکۆمیتی) کردووە، بەبێ ئەوەی کۆمپانیاکانی تر ئاگاداربن بۆ پێشبڕکێی نرخ و بازاڕ. ئەم کۆمپانیانەش هەمووی کەسی نزیک و هاوڕێی دێرین و راوێژکاری شەخسی سارکۆزی بوون.

هەموو ئەو راپرسییانەش بەرامبەر بە پارەیەکی زۆر کراون، بۆ نموونە لەگەڵ کۆمپانیای (پۆلیتیفاکت) سەربە پاتریک بیوسۆنە، لەسەر حسابی سارکۆزی داوایەکی راپرسیی کردووە بە بڕی یەک ملیۆن و 500 هەزار یۆرۆ.
لە ساڵی 2008 دا 130 پسووڵە بە بڕی 393 هەزار و 288 یۆرۆ خەرجکراوە، بەرامبەر بە لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوە لەلایەن کۆمپانیای (پەیمانگەی راوبۆچوون).

ئەم کەیسە چۆن ئاشکرا بوو؟
(رایمۆن ئەڤیلێر) ئەندامی چالاکی دژی گەندەڵی حزبی ئیکۆلۆجی سەوز، ئەندامی ئەنجومەنی پێشووی شارەوانی شاری (روان) بە توانای خۆی توانی دەستی بگاتە ئەو دۆسێیە و بیووروژێنێت، هەروەها رێکخراوی (دژی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی پارەی دەوڵەت) سکاڵای یاسایی تۆمارکرد و لەساڵی 2013 دا دادگا کەوتە لێکۆڵینەوە لەو کەیسە.

نیکۆلا سارکۆزیی و شەش لە هاوڕێکانی لە بەردەم دادوەردا دەبن
هەفتەی پێشوو سارکۆزی ئامادە نەبوو بچێتە بەردەم دادگا، لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی دادگا کە پارێزەرەکەی گەیاندیە دەستی دادوەر، تێیدا ئامادەبوونی بە پێویست نازانێت و تێیدا دەڵێت کە مافی یاساییم دەمپارێزێت بە حوکمی ئەوەی کە لەو کاتەدا من سەرۆک کۆمار بووم، بەڵام هەموو ئەوانی تر کە تێوە گلاون لەم کەیسەدا ئامادەبوون، کە بریتین لەمانەی خوارەوە :

یەکەم: پاتریک بیوسۆن، راوێژکاری سارکۆزی لە ساڵی 2005 ەوە، خاوەنی کۆمپانیای (پیوبلی ئۆپیینیون) بۆ کاری راپرسی، دوای گرێبەستەکان لە ساڵی 2007 وە بە بڕی یەک ملیۆن و 500 هەزار یۆرۆ سوود مەندبووە و بە درێژایی ئەو پێنج ساڵەی کە سارکۆزی لەسەر حوکم بووە، لە نێوان 2004 تا 2009.
بەپێی چەند گرێبەستێک 235 راپرسی کراوە و پاشان فرۆشراوە بە میدیاکان و کۆمپانییەکانی تر بە رێژەی قازانجی ٪65 تا ٪70. کە نزیکەی یەک ملیۆن و 400 هەزار یۆرۆ. لەم سۆنگەیەوە بڕێکی زۆر لە پارەی دەوڵەت بە فیڕۆ دراوە. بەپێی یاسا رەنگە حەوت ساڵ زیندانی بکرێت و 375 هەزار یۆرۆش سزا بدرێت.

دووەم: (پییر گیاکۆمییتی) جێگری بەڕێوەربەری گشتیی کۆمپانیای (ئیپۆز) لە ساڵی 1995ەوە هەر لەو ساڵانەوە لەگەڵ سارکۆزیدا کاری کردووە و یەکتری باش دەناسن، جێێ متمانەی یەکترن، لە ساڵی 2008 کۆمپانیایەکی تر دروست دەکات و لە پۆستی راوێژکاری ستراتیژی و پەیوەندییەکان دەستبەکاربووە و چەند گرێبەستیکی کردووە بە بڕی دوو ملیۆن و 15 هەزار یۆرۆ، رەنگە پێنج ساڵ حوکم بدرێت، لەگەڵ 375 هەزار یۆرۆ.

سێیەم: (ئیمانیۆل مینۆنن) ئەندامی کابینەی نیکۆلا سارکۆزی، ساڵی 2002 وەزیری ناوخۆ بووە، پاشان بۆتە راوێژکاری سارکۆزی کاتێک سەرۆکی پارتی (یەکێتی بزووتنەوەی سەرۆکایەتی) بووە. دوای سەرکەوتنی سارکۆزی لە 2007 بووە بە راوێژکاری تایبەتی سەرۆک. بۆ هەمان تۆمەت لە بەردەم دادگادایە.

چوارەم: (ژوولیان ڤۆلپرێ) راوێژکاری تەکنیکی سەرۆک کۆمار، کە بەشدارییکردووە لە راپرسییدا بە تەلەفۆن و ناردنی نامەی ئەلیکترۆنی هاوکات لەگەڵ کۆمپانیای (ئیپزۆز) دوو ساڵ زیندانی و سزای مادیی بە بڕی 30 هەزار یۆرۆ چاوەڕوانێتی.

پێنجەم: هەرسێ کۆمپانیا (ئیپزۆز و پیوبلی فاکت و پیوبلی ئۆپیینیون) تاوانبارکراون بە هۆکاری وەرگرتنی ئەو گرێبەستانە و گوێنەدان بە مەرجەکانی یاسا و ململانێی بازار و بەبێ بانگەشە و بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامە رەسمییەکانی دەوڵەتدا، بەبێ گوێدانە کێبڕکێی نێوان کۆمپانیاکانی تر. ئەمانیش بە بڕی یەک ملیۆن و 875 یۆرۆ سزا دەدرێن.

شەشەم: (کلۆد گییویان) کە پلەیەکی باڵای ئیداریی هەبووە و باڵی راستی نیکۆلا سارکۆزی بووە لە ساڵی 2007ەوە پۆستی سکرتێری گشتی کۆشکی ئەلیزێ و سکرتێری سەرۆک سارکۆزی بووە و ئەمیش لە بەشێک لەم کەیسەدا تێوەگلاوە بەوەی کە گرێبەستەکانی لەگەڵ کۆمپانییەکاندا رێکخستووە، هەروەها فەرمانی جێبەجێکردنی ئەو راپرسییانەی داوە، کلۆد تەمەن 76 ساڵە و بە هەمان تۆمەت، دوو ساڵ زیندانی و 30 هەزار یۆرۆ چاوەڕوانێتی.

جێگەی ئاماژەیە پێشتریش لە ساڵی 2019 دا بە تاوانی وەرگرتنی پاداشت بەشێوەی نەختینە لە وەزارەتی ناوخۆ، دوو ساڵ حوکم دراوە، بە جێبەجێکردنی ساڵێک لە زینداندا و 75 هەزار یۆرۆ سزای مادی.
هەفتەی پێشوو لەبەردەم دادوەردا وتی: من تەنها فەرمانی سەرۆک سارکۆزیم جێبەجێکردووە، هیچ تاوانێکی ترم نییە.

سارکۆزی بە زەبری هێزی پۆلیس راپێچی دادگا دەکرێت
پاش ئەوەی سارکۆزی تەبلیغەکەی دادوەری رەتکردەوە و ئامادە نەبوو بچێتەوە بەردەم دادگا، دادوەریش دەستبەجێ فەرمانی دا کە رۆژی 2/11/2021 پێویستە سارکۆزی ئامادەبێت لە بەردەم دادگادا، ئەگەر پێویستیش بکات، ئەوا بە زەبری هێزی پۆلیس پەلکێش دەکرێت بۆ دادگا.

چاودێرانی سیاسی پێیانوایە کردنەوەی هەموو گرێکانی ئەو پرۆسەیە لەلای نیکۆلا سارکۆزییە، لەبەرئەوەی ئاگاداری هەموو جموجۆڵێکی کۆشکی ئەلیزێ بووە وەک سەرۆک کۆمار لە ماوەی پێنج ساڵی دەسەڵاتیدا، لەبەر ئەم هۆکارە ئامادەبوونی سارکۆزی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی دادگا بڕیاری دروستی خۆی بدات بەبێ ئەوەی بەناڕەوا کەسانی تر و کۆمپانیاکان تاوانبار بکرێن، جگە لەوەی هەموو ئەو راپرسییانە سەرچاوەکەی سارکۆزییە و ئەویش فەرمانی داوە و بۆ جێبەجێکردنی و هەر ئەویش داوایکردووە.

وا مەزندە دەکرێت ئەم پرۆسەیە کە نزیکەی مانگێک دەخایەنێت لە 12ی نۆڤەمبەردا حوکمەکان ئاشکرا دەکرێت و نیکۆلا سارکۆزی و هاوەڵەکانی رەنگە دووبارە حوکمی زیندانی و سزای پارە بدرێن.

سەرچاوە: www.lemonde.fr

 84 جار بینراوە