فلاش فیکشن یان ساتە چیرۆک

یەكلاق

هەواڵی ئەو سواڵكەرەی دەدرێتە بەر دەسڕێژی گوللە و خەڵتانی خوێن دەكرێت، هەموو سۆشیال میدیا دەتەنێ، هەریەكە بە شێوەیەك هەناسەی ساردی بۆ هەڵدەكێشێ و فرمێسكی بۆ دەڕێژێت، بەندەش كونج و كەلەبەرەكانی سۆشیال میدیا دەپشكنم، ئاخری وێنەكەیم دەستدەكەوێت، دەیناسمەوە، خۆیەتی، ئەوسا بۆم دەردەكەوێت ئەو خەڵكە گەمژەیە چۆن لە خۆیانەوە تفەنگ بە تاریكییەوە دەنێن.

تفەنگەكەم لە شاندایە و لە زاڵگەكە وەستاوم. ئوتومبیل وەكو مێروولە ریز بوون، یەك یەك سەیرێكیان دەكەم و بەڕێیان دەكەم. لەپڕ ئەو بەرەو رووم دێت و باوەشم پێدا دەكات، تێدەگەم ئیشێكی هەیە، بە هاوڕێكەم دەڵێم بچێتە شوێنەكەم، دەچینە لاوە، بەوپەڕی رووقایمییەوە، بەبێ هیچ پێشەكییەك دەڵێت: «رێوی هاتووە بەپیرتەوە! چوار نەفەری بیانیم هێناوە، پارەیەكی خەیاڵییان پێیە، وەرە سەركەوە لەگەڵم، چوار گوللەمان لە كیس دەچێت، برابەش بەشی دەكەین، هەردووكمان قەپات دەبین، مردوو لەمە پاكتر دەشۆرێت؟» دەڵێم: «نازانم چ سەگبابێك تۆی بە من ناساند، ئەوە ژمارەی ئوتومبیلەكەت دەنووسم، هەر كاتێ ببیستم یەكێك كوژراوە بۆ پارە، دێم و پەلت دەدەمە دەست ئاسایش، ئیتر نە بمناسە و نەدەتناسم.» دەڵێت: «كوڕە بابە گاڵتەم كرد، خۆ كردی بەڕاست.» دەڵێم: «بڕۆ ملت بشكێنە.»

دوای سێ مانگ زیاتر لەو رۆژە بەناو بازاڕدا دەڕۆم، وەها خەیاڵم رۆیشتووە، نە كەس دەبینم و نە دەزانم لە كوێم. لەپڕ دەستێك پانتۆڵەكەم رادەكێشێت، سەیری خاوەنی دەستەكە دەكەم. تەواو دیقەتی دەدەم، نایناسمەوە. دەڵێت: « ئەها چیم لێهاتووە؟» بە دەنگەكەیدا دەیناسمەوە. لەڕ و لاواز، چاوانی بەقووڵا چوون، پیس و چڵكن، سەر و ریش هاتوو، دەڵێی ساڵێكە ئاوی نەدیوە، وەكو سەگی گەڕی لێهاتووە. قاچێكی لە ئەژنۆیدا بڕاوەتەوە، دوو دارشەقی لەملاولای خۆیەوە داناوە، لەوە دەچێت سواڵ بكات … دەڵێت: «هەر بەعار و مۆری خۆمەوە دانەنیشتم، ئاخری لوغم كردمی بە یەكلاق، ئاوا گردەنشینی كردم …» بەوپەڕی بێزارییەوە، دەڵێم: «دەی سەلامەتییە، ببوورە من ئیشم هەیە دەبێت بڕۆم.» بەبێ ئەوەی ئاوڕی لێبدەمەوە، هەنگاو هەڵدەگرم و دەڕۆم.

 280 جار بینراوە