سەرەکی » ئابووری » بانكی ناوه‌ندیی عیراق جموجۆڵی دۆلار سنووردار ده‌كات

بانكی ناوه‌ندیی عیراق جموجۆڵی دۆلار سنووردار ده‌كات

بانكی ناوه‌ندیی عیراق گواستنه‌وه‌ی زیاتر له‌ 10 هه‌زار دۆلاری له‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان مه‌رجدار كرد.

بانكی ناوه‌ندیی عیراق گواستنه‌وه‌ی زیاتر له‌ 10 هه‌زار دۆلاری له‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان مه‌رجدار كرد، به‌ هێنانی به‌ڵگه‌ بۆ خه‌رجكردن و هۆكاری جوڵه‌پێكردنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌، ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستی رێگه‌گرتن له‌ سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ و به‌كارهێنانی بۆ كاری تیرۆریستی.

له‌و باره‌یه‌وه،‌ بانكه‌كه‌ له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا رایگه‌یاندووه‌: به‌بێ هۆكار ته‌نیا رێگه‌ به‌ گواستنه‌وه‌ی بڕی 10 هه‌زار دۆلار یان هاوتاكه‌ی له‌ دراوه‌كانی تر ده‌درێت له‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كانەوە.

سه‌باره‌ت به‌ دیناری عیراقیش، ته‌نیا رێگه‌ به‌ ملیۆنێك دینار ده‌درێت و له‌و بڕه‌ زیاتر ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرێت.

ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌دات: بۆ گواستنه‌وه‌ی زیاتر له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌، ده‌بێت هۆكاری بردنه‌ده‌ره‌وه‌ و هێنانه‌ناوه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌، روونكرابێته‌وه‌ یان خاوه‌نه‌كه‌ی به‌ڵێننامه‌ پڕ بكاته‌وه‌ و له‌ 30 رۆژدا به‌ڵگه‌ پێشكه‌ش بكات كه‌ بۆچی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی گواستۆ‌ته‌وه‌.

لەلایەکی دیکەوە، سەفوان قوسەی پسپۆڕی ئابووری رایگەیاندووە: عیراق بەردەوامە لە دانەوەی قەرزەكانی كوێت و كەمتر لە 600 ملیۆن دۆلاری ماوە و ئەویش لە ساڵی داهاتوودا كۆتایی دێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە: دانەوەی قەرزەكانی كوێت بە تەواوی، وادەكات عیراق لەسەدا سێی داهاتی نەوت بەدەستبهێنێتەوە و ئەو پارانە سەرچاوەیەكی باش دەبێت بۆ خەرجی یاخود دانەوەی قەرزە دەرەكییەكان كە بڕەكەی 20 ملیار دۆلارە.

راشیگەیاندووە: عیراق توانای تێپەڕاندنی كورتهێنانی بودجە و دانەوەی قەرزە دەرەكییەكانی دەبێت، لەدوای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار.

بەپێی وتەی ئەو پسپۆڕە ئابوورییە، دانەوەی قەرزەكان، دڵنیایی بۆ عیراق دەگەڕێنێتەوە و جوڵەی وەبەرهێنان زیاد دەکات و دەبێتە هۆی دڵنیاكردنەوەی وەبەرهێنەران سەبارەت بەوەی ئابووریی عیراق توانای دانەوەی قەرزەكان و رەخساندنی وەبەرهێنان و هەلی كاری هەیە.

 87 جار بینراوە