سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » سەدرییەكان و ئەوانی تر

سەدرییەكان و ئەوانی تر

لە پاش دەركەوتنی ئاكامی بەرایی هەڵبژاردنی پێشوەختە كە لە 10ی تشرینی یەكەمی رابردوو بەڕێوەچوو، جیاوازییەكی زۆر لە نەخشەی سیاسی عیراقیدا دەركەوت، باڵانسی سەدرییەكان بەشێوەیەكی بەرچاو رووی لە هەڵكشان كرد و هەرچی وەلائییەكانیشن، دەنگەكانیان بە ئاستێك دابەزی كە ناچاوەڕوانكراو بوو.

«چوارچێوەی هاوئاهەنگی» كە لەئێستادا چەتری لایەنە شیعییە ناڕازاییەكانە بەرامبەر بە ئاكامی هەڵبژاردن، ئاستی خۆپیشاندان دەبەزێنێت و دەست بە هەڕەشەكردن دەكات و بە شێوازیێكی زبرتر، پەیامەكانی دەگەیەنێت.

بەدرییەكان كە سەركردایەتی هاوپەیمانی فەتح دەكەن پێیانوایە، ساختەكارییەكی گەورە لە ئاكامەكانی هەڵبژاردندا كراوە و دەبێت پرۆسەكە دووبارە بكرێتەوە، بەرپرسانی «كەتیبەكانی حزبوڵڵا»ش كە لەچوارچێوەی هاوپەیمانییەكەدان، هەڕەشەی سوتاندنی تەڕ و وشك دەكەن و چڕكردنەوەی هێرشەكان و بەرپاكردنی جەنگێكی گەورە لە دژی ئەمریكاییەكان، دەكەنە ئەو بەردەبازەی كە بەسەر دۆڕاندا تێدەپەڕێت بۆ مانەوە لە گۆڕەپانی سیاسی.

هەڵوێستی لایەنەكانی نێو «چوارچێوەی هاوئاهەنگی»، كاردانەوەی لێدوانەكانی موقتەدا سەدر رابەڕی رەوتی سەدرە كە داوای لێكردبوون دۆڕاندن قبوڵ بكەن و لەگەڵ رازیبوون بە ئاكامەكانی هەڵبژاردن، چەكەكانیشیان رادەست بكەن.

بەچاوخشاندنەوەیەكی خێرا بە پرۆسەی سیاسی عیراق، زێدەڕۆیی نییە گەر بڵێین نەشئەی سەركەوتن هەروا بەزوویی سەردرییەكان بەرنادات، بۆیە بێباكانە بەوانی تر دەڵێن، «گەر رازیین بەشداریی لەحكومەتدا بكەن، دەبێت خراپەكارانی نێو ریزەكانتان دەربكەن، بەپێچەوانەوە فەرموون ببنە ئۆپۆزسیۆن».

هاوكێشەی سیاسی عیراق لەگەڵ راگەیاندنی ئاكامی كۆتایی هەڵبژاردن، گۆڕانكارییەكی گەورە بەخۆوە دەبینێت، گۆڕانكارییەك كە «رووی لە عیراقیبوون و كەمكردنەوەی كاریگەرییە دەرەكییەكانە»، سەدرییەكان وادەڵێن.

سەدرییەكان چاوییان لە حكومەتی «زۆرینەی نیشتمانیی» بڕیوە و «تەوافوق»یان ناوێت، بۆیە بەوپەڕی چاوقایمییەوە بەوانی تر دەڵێن، ببنە ئۆپۆزسیۆن و خۆتان بۆ گەڕێكی تر ئامادە بكەن، ئەم هەڵوێستەی سەدریییەكان لەگەڵ ئەوەی بێباكییەكی لەڕادەبەدەر دەگەیەنێت، خۆتاودانە بۆ تاقیكردنەوەی چانسی حوكمڕانی و گرتنەدەستی تەواوی كاروبارەكان، بەرەنگاربوونەوەیەكی ئاشكرای لایەنە نەیارەكان و شێوازێكی كلاسیكی شەڕی سیاسییە.

«دەبێت ئەوانی تر پێشتر چەكەكانیان دابنێن، ئاشتی دەبێت بۆ هەموان بێت یان دەبێت هەموان لێی بێبەشبن، ساتی یەكلاییكردنە و رووبەڕووبوونەوەی مێژوویی ئەمریكاییەكان دەستیپێكرد»، ئەمەش وەڵامی لایەنەكانی نێو «چوارچێوەی هائاهەنگی»یە بۆ سەدرییەكان كە جەخت لەسەر بێخەوشی هەڵبژاردن دەكەنەوە و پێیان باشە لایەنەكانی تر دۆڕاندن لە هەڵبژاردندا قبوڵ بكەن.

 179 جار بینراوە