سەرەکی » وتار » هیوا محەمەد » خوێندکاران هەقیانە، هەقی ئەوان لای حکومەتە

خوێندکاران هەقیانە، هەقی ئەوان لای حکومەتە

خوێندکاران و کێشەی دەرماڵە و دابینکردنی جێگەی باشی مانەوە و کارەبا و ئاوی گەرم و سارد بۆیان، هەموو ئەمانە دەبێت بە سیستم رێکخرابێت و هیچ کات گۆڕانکاریی بەسەردا نەیەت و تێکەڵ نەکرێن بە بارودۆخی کاتیی خراپی ئەو سێکتەرانەوە لە شار، واتا دەبێت ئەگەر لە هەموو شوێنێک کارەبا نەبێت، بەڵام لای ئەوان هەبێت، ئەمە لە هەموو جیهاندا هەیە و پێشتریش لە هەرێم و عیراق لە حکومڕانییەکانی رابردووشەوە گرنگی پێدراوە و شتێکی نوێ نییە.

بێگومان هەر کەموکووڕییەک لەم بوارەدا چاوەڕوان کراوە، چونکە هەر ئەمە نییە و دەیان کێشەی دیکەی گشتگیری لەم چەشنە هەن کە تائێستا حكومەت لای لێنەکردوونەوەتەوە و پشتگوێ خراون.

بۆ نموونە جادەی نێوان کۆیە و هەولێر وەک دەڵێن هەشت ساڵە دەستیپێکردووە و تەواو نەبووە و لە جێگەی خۆیەتی، جادەی رانیە بۆ دوکان، جادەی سلێمانی بۆ دەربەندیخان و لەوێشەوە بۆ کەلار، کێشەی کرێنشینان، دانەمەزراندنی مامۆستایانی وانە بێژ، دەیان کێشەی دیکەی خەڵک هەروا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، کێشەی مووچە هەمیشە هەڕەشەیە لەسەر مووچەخۆران، سووتەمەنی و خواردنە سەرەکییەکانی دیکە گران بوون و بەردەوام نرخیان دەچێتە سەرەوە، حکومەتیش بە بەرچاوی خۆیەوە دەیبینێت و هەر لێدوانیش دەدەن، ئەمە لە کاتێکدا بۆ هێزی پێشمەرگە کە بڕبڕەی پشتی هەرێمە لەلایەن ئەمریکاوە پارەیان بۆ دابین کراوە و هەرکات ئەوان بڕییان(وەک ئەوەی لەگەڵ ئەفغانستان کردیان) ئەوکات گۆمەکە دەشڵەقێت.

خوێندکاران ئەگەر کارەکانیان بە دروستی بۆ رێکبخرابایە، ئەوان لەکاتی وانەکانیان نەدەگرتەوە و ناچاربن بۆ داواکردنی دەرماڵە بچنە سەر شەقام دابنیشن و مانبگرن، ئەوانە دەبوو بە سیستم رێکبخرێت، کوا سیستمی چۆنێتی هاوکاریکردنی خوێندکاران لە زانکۆکان؟ کێ لێی بەرپرسیارە ئەگەر وەزیری خوێندنی باڵا داوا بکات لە خوێندکاران و بڵێت یاداشتێک لە رێگەی سەرۆکایەتی زانکۆوە بنێرن، تا منیش بینێرمەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، هەروا دەڵێت کە ئەو لەگەڵ داواکاریی خوێندکارانە و پێشتریش داکۆکی لێکردوون و داواکەیانی داوە بە ئەنجومەنی وەزیران.

ئەگەر ئەمە راست بێت دەبێت بپرسین ئایا وەزیر چ دەسەڵاتێکی لەو حکومەتەدا هەیە ئەگەر نەتوانێت سەبارەت بە خەرجکردنی دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ بڕیار بدات؟ ئەی چۆن بتوانین بڵێین ئەم حکومەتە فرە لایەنە ئەگەر وەزیری غەیری حزبی زۆرینە تێیدا نەتوانن بڕیار بدەن یان داواکەیان لە ئەنجومەنی وەزیران پشت گوێ بخرێت؟

ئەوان بە تیرێک دوو نیشانە دەشکێنن، یەکەم گرژیی و ئاڵۆزی دەنێنەوە لە سلێمانی و دووەمیش ئەوانە کە هەمیشە دەستی شڵەژاندنیان هەبووە، دێن و خۆیان دەخزێننە ناو ریزەکانی خۆپیشاندەرانەوە، سەربە هەر توێژێک بن، تێکی دەدەن و گرژیی لەگەڵ پۆلیس دروست دەکەن بەو ئامانجەی بەڵکو چەند کەسێک بکوژرێت و مەسەلەکە گەورە بکەن، وەک ئەوەی دوێنێ ویستیان.

لە هەندێک کەناڵەوە دەیانوت: خەڵکینە زۆرمان نەماوە بۆ هەڵبژاردن و ئەمەتان لە بیر نەچێت، بەمەدا زۆر بە ئاشکرا دەردەکەوت کە ویستیان ئەو ئاڵۆزییە بقۆزنەوە و لەئێستاوە کاری لەسەر بکەن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، لەدوای لێدوانی وەزیری خوێندنی باڵا دەبێت خوێندکاران بزانن هەقی ئەوان لای سەرۆک وەزیرانە نەک وەزیر، هەر ئەویشە گرنگیی پێ نادات.

 280 جار بینراوە