سەرەکی » وەرزش » دوو پاڵەوانەكەی یۆرۆ مەترسیان لەسەرە

دوو پاڵەوانەكەی یۆرۆ مەترسیان لەسەرە

یەكێتی نێودەوڵەتی تۆپی تیروپشكی قۆناغی پاشكۆی پاڵاوتنی مۆندیالی ئەنجامدا و بەهۆیەوە ئەوروپا لە یەكێك یاخود دوو هەڵبژاردەی گەورەی بێ بەش دەبێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی كەوتنە یەك رێڕەوی گەیشتن بە مۆندیال.
لە تیروپشكی پاشكۆی پاڵاوتنی ئەوروپا بۆ گەیشتن بە مۆندیال 12 هەڵبژاردە بەشدارن كە هەڵبژاردە بەشدارەكان دابەش دەكرێن بەسەر سێ ڕێڕەو و لە هەر رێڕەوێكیش هەڵبژاردەیەك دەگاتە مۆندیال.
لە رێڕەوی یەكەم هەڵبژاردەی سكۆتلەندا رووبەڕووی ئۆكرانیا دەبێتەوە و لە دووەم یاریش هەڵبژاردەی وێڵز بەرامبەر نەمسا یاری دەكات و براوەی هەردوو یاریش لەسەر بلیتی گەیشتن بە مۆندیال یاری دەكەن، یاری كۆتاییش لە یاریگای براوەی وێڵز و نەمسا دەبێت.
بەپێی شارەزایانیش رێڕەوی یەكەم بە بەهێزترین و پڕ ركابەری ترین رێڕەو دادەنرێت چونكە ئەستەمە بتوانرێت پێشبینی بۆ ئەو هەڵبژاردەیە بكرێت كە دەگاتە مۆندیال و ئاستی هەر چوار هەڵبژاردەكە لەیەكەوە نزیكە.
لە رێڕەوی دووەم سەرەتا روسیا میوانداری پۆڵەندا دەكات، لە دووەم یاریش سوید رووبەڕووی چیك دەبێتەوەو براوەشیان لە یاریگای براوەی لایەنی یەكەم لەسەر بلیتی مۆندیال یاری دەكەن.
روسیا هەرچەندە بەم دواییە بە ئاستی بەرز دەركەوتوە بەڵام بوونی لیڤاندۆڤسكی لە ریزەكانی پۆڵەندا وادەكات ئەو هەڵبژاردەیە هیوای زیاتری هەبێت بۆ گەیشتن بە یاری كۆتایی.
لە دووەم یاری سوید رووبەڕووی یەكێك لەو هەڵبژاردانە دەبێتەوە كە لە یۆرۆی 2020 ئاستی بەرزی پێشكەش كرد و لە ئەگەری گەیشتنی سویدیش بۆ یاری كۆتایی ئەوا دەكرێت بینەری رووبەڕووبوونەوەی نێوان لیڤاندۆڤسكی و ئیبراهیمۆڤیچ بین و یەكێكیشیان لە مۆندیال بێ بەش دەبێت.
رێڕەوی سێیەم ئاشقانی تۆپی پێی بێ هیوا كرد ئەویش بەهۆی بوونی هەڵبژاردەی ئیتاڵیای پاڵەوانی یۆرۆی 2020 و پرتوگالی پاڵەوانی یۆرۆی 2016 كە بەهۆیەوە یەكێكیان یاخود هەردووكیان لە مۆندیال بێ بەش دەبن.
لە یەكەم یاری رێڕەوی سێیەم پرتوگال میوانداری توركیا دەكات و ئەگەر براوەبێت ئەوا یاری كۆتاییش لە یاریگای خۆی دەكات و بەرامبەر براوەی یاری نێوان ئیتاڵیا و مەكەدۆنیای باكوور یاری دەكات.
پرتوگال بە سەركردایەتی رۆناڵدۆ مەترسی گەورەی نەگەیشتنی بۆ مۆندیال لەسەرە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەركی ئەو هەڵبژاردەیە بەرامبەر بە توركیا ئاسان نابێت و لە ئەگەری گەیشتنیش بە مۆندیال رووبەڕووی ئیتاڵیای خاوەن 4 نازناو دەبێتەوە.
بەهۆی ئەمەش ترس لە دڵی عاشقانی كریستیانۆ رۆناڵدۆ و هەڵبژاردەی پرتوگال و ئەو كۆمپانیایانەی سپۆنسەری رۆناڵدۆ دەكەن دروست بووە، چونكە نەگەیشتن بە مۆندیال كۆتاییەكی خەمناك دەبێت بۆ یەكێك لە باشترین یاریزانانی مێژووی تۆپی پێ.
رۆناڵدۆ لە ئەگەری گەیشتن بە یاری كۆتایی دەبێت رووبەڕووی هاوڕێ كۆنەكانی بێتەوە لە یانەی یۆڤانتۆش كە ژمارەیەكی زۆریان لە ریزی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا یاری دەكەن.
لەبەرامبەردا تیروپشكی پاشكۆی پاڵاوتن ترس و دڵەڕاوكێی لای هاندەرانی ئەتزۆری دروست كردوە چونكە مەترسی ئەوەیان لەسەرە بینەری هەمان سیناریۆی مۆندیالی پێشوو ببن و بەهۆیەوە بۆ دووەم مۆندیال لەسەریەك بەشدار نەبن، ئەمەش بۆ هەڵبژاردەیەك كە خاوەنی چوار نازناوی مۆندیالە وەكو كارەسات وایە، بەتایبەت كە چەند مانگێك بەر لە ئێستا بوونە پاڵەوانی ئەوروپا.
ئیتاڵیا لە مۆندیالی پێشووی هاوشێوەی ئێستا چووە پاشكۆی پاڵاوتنەوە و ئەو كات رووبەڕووی سوید بۆوەو نەگەیشتە مۆندیال، ئێستاش لە رێڕەوی گەیشتن بە مۆندیال هەڵبژاردەیەكی بەهێزی وەكو پرتوگالی لەبەردەمە.
بە پشتن بەستن بە مێژووەكەی ئیتاڵیا دەتوانێت بلیتی گەیشتن بە مۆندیال بەدەست بهێنێت، چونكە ئەو هەڵبژاردەیە پێشتر لە كۆی دوو یاری بەرامبەر بە مەكدۆنیا دووچاری شكست نەبووە، بەرامبەر بە توركیاش لە كۆی 11 یاری هیچ یارییەك دووچاری شكست نەبووە، بەرامبەر بە پرتوگالیش لە كۆی 27 یاری ئەتزۆری 18 یاری براوە بووە بەرامبەر بە شەش بردنەوە بۆ پرتوگال و لە سێ یاریش یەكسانبوون.

پاشكۆی نێودەوڵەتی
جیاواز لە ساڵانی پێشووش بۆ مۆندیالی قەتەر پاشكۆی نێودەوڵەتی ناسنامەی دوو هەڵبژاردەی تری مۆندیال ئاشكرا دەكات و لە شاری زیورخیش تیروپشك بۆ ئەو پاشكۆیە ئەنجام درا.
لە ماوەی ساڵانی پێشوو لەگەڵ بەڕێوەچوونی تیروپشكی مۆندیال چارەنووسی ئەو نیو كورسیانەش دیاری دەكرا كە بەشێك لە كیشوەرەكان هەیانە، بەڵام ئەمساڵ هەر چوار نیو كورسیەكە بەیەكەوە تیروپشكیان بۆ كراو ناونرا پاشكۆی نێودەوڵەتی.
ئەو چوار نیو كورسیەش پێكهاتون لە پێنجەمی ئەمریكای باشوور و چوارەمی ئەمریكای باكوور و باشترین سێیەمی قۆناغی كۆتایی تیروپشكی ئاسیا و پاڵەوانی ئۆقیانیا.
لە تیروپشكەكەشدا پێنجەمی ئەمریكای باشوور رووبەڕووی باشترین سێیەمەكەی ئاسیا دەبێتەوە و چوارەمی ئەمریكای باكووریش بەرامبەر بە پاڵەوانی ئۆقیانیا یاری دەكات و براوەی هەردوو یاریش دەگاتە مۆندیال.

 99 جار بینراوە