سەرەکی » ئاراستە » دیوەكەی دیكەی تووڕەبوون

دیوەكەی دیكەی تووڕەبوون

ئێما یۆنگ
لە فارسییەوە: كوردەوان محەمەد سەعید

هەندێكجار دەڵێی دنیا لە تووڕبوون دروستكراوە، لە شەقامەكانی ئەفغانستانەوە، كە كەوتۆتە بن دەستی تاڵیبان تا دەگات بە دنیای مەجازی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، پڕ پڕن لە تووڕەیی و توندوتیژی. تازەترین لێكۆڵینەوە لە بارەی تووڕەبوون یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لەو دیاردەیە و دەریشی خستووە كە تووڕەبوون دوو دیوی هەیە، ئەگەر دیوە تاریك و وێرانكەرەكەی كۆنترۆڵ بكرێت، دیوەكەی دیكەی دەكرێ ببێتە هێزێك بۆ چاكە و چاكەكاریی بەكار بهێنرێت.

پرسیارەكە ئەوەیە: بۆچی تووڕەبوون لە هەموو شوێنێك هەیە؟ یەكێك لە هۆكارەكانی ئەوەیە كە هەستی تووڕەبوون لایەنگری زۆرە. گریمان ئەگەر بتەوێ لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ڤایرۆس ئاسا كار بكەیت، وروژاندنی هەستی تووڕەبوون، كە ئاراستەی خەڵكی ناڕازی بكرێت لە رووی سیاسییەوە، لە رێگەی دانانی پۆستێكەوە ئاسانە و بینەریشی زۆر دەبێت، یان بڵاوكردنەوەی هەواڵێكی هەڵبەستراو كە ببێتە هۆی نانەوەی پشێوی و وروژاندنی هەستی تووڕەبوون، ئاسانتر دەڕوات و بڵاو دەبێتەوە تا هەواڵێكی راست و ئاسایی. بە وتەی دوو نووسەری چینی لە بواری هەواڵی ساختە و هەڵبەستراودا لێكۆڵینەوەیان كردووە، هەواڵی ساختەی ئۆنلاین، تا زیاتر هەستی تووڕەیی بۆ وەرگر دروست بكات، زووتر بڵاو دەبێتەوە.

رۆڵی ماندووبوون
بە گوێرەی لێكۆڵینەوەكان، كەمخەوی دەبێتە هۆكار بۆ تووڕەبوون، بەم دواییانەش دەركەوتووە تووڕەبوونیش خەوی مرۆڤ دەزڕێنێ، یان لێی تێكدەدات، تێكچوونی خەویش دووبارە دەبێتەوە هۆی گرژبوونی دەروونی و تووڕەبوون، هەر لەو لێكۆڵینەوانەدا دەركەوتووە، مرۆڤ ئەگەر خەوی ئاسایی بێت بە شێوەی میانجین لە شەو و رۆژێكدا حەوت سەعات دەنوێ، بەڵام ئەوانەی لەو حەوت سەعاتە خەوەكەیان دوو تا چوار سەعات كورت بهێنێت زۆر تووڕەترن لەوانەی خەویان ئاسایی بووە.

تێكچوونی خەو بۆ منداڵیش مەترسی هەیە، لە توێژینەوەیەكدا كە لە ئوسترالیا كراوە، دەركەوتووە، مێردمنداڵان ئەگەر لە شەوو رۆژێكدا تەنیا پێنج سەعات بخەون، ئەوا دوای پێنج رۆژ تووشی تووڕەبوون، گێژیی، خەمۆكیی دەبن و وزە و توانایان دادەبەزێت، نەك هەر ئەوەش، بەڵكو ئەوانەی تاقیكردنەوەكەیان لەسەر كرا، دوای پێنج رۆژ كەمخەوییە، دوو شەو لەسەر یەك 10 سەعات دەنوستن، بەڵام هێشتا ئەو دوو شەوە بەس نەبوو بۆ نەهێشتنی كاریگەرییەكانی كەمخەوی، هەر ئەو توێژینەوەیەش گەیشتە ئەو ئەنجامەی، كەمخەوی دەبێتە هۆكاری زیادبوونی تووڕەبوون.

هۆكار و پاڵنەرەكانی پشت تووڕەبوون
هۆكاری دیكەش هەن بۆ ئەوەی مرۆڤ بەرەو تووڕەبوون ببەن، دیاردەیەكی ناسراو و بەربڵاو هەیە لای مرۆڤ، ئەویش ئەوەیە زۆر جار دەوترێ برسێتی رەگی هاریی پێوەیە، بەو واتایەی برسێتیش یەكێكە لە هۆكارەكانی تووڕەبوونی مرۆڤ، توێژینەوەیەك لە زانكۆی كارۆلاینی باكوور لە شاری چاپل هیل گەیشتە ئەو ئەنجامەی كە برسێتی رۆڵی گرنگی هەیە لە هەڵچوون و تووڕبوونی مرۆڤدا و مرۆڤ كاتێك برسیی دەبێت بڕیاری توند و بێبەزەییانە لەسەر كەسانی دی دەدات، هەڵبەتە ئەم دۆخە بە شێوەیەك روو دەدات مرۆڤ نازانێ و هەست بەوە ناكات كە هۆكاری گرژبوونەكەی برسێتییە و بێئاگایانە ئەو كەم و كوڕییەی لەخۆیدا هەیە دەیخاتە ئەستۆی كەسانی دی یان هەر شتێكی لەبەردەستدا بێت پێی دەڕێژێ، لەم دۆخەدا مرۆڤ لە جیاتی ئەوەی لە رێگەی نانخواردنەوە كێشەی تووڕەبوونەكەی چارەسەر بكات، گرژتر دەبێت، ئەو گروپەی توێژینەوەكەیان کردووە، پێشنیاز دەكەن لە دۆخێكی لەو شێوەیەدا مرۆڤ پێویستە پێش هەموو شتێك سەرنج لە لەشولاری خۆی بدات و كەمێك لە خۆی ورد بێتەوە، ئەگەر زانی كێشەیەكی هەیە و هەست بە تووڕەبوون دەكات، دەبێ لەخۆی بپرسێت بزانێ برسی نییە، ئەگەر برسی بوو، برسێتییەكەی چارەسەر بكات كێشەی نامێنێت.

بەڵام هەندێك هۆكاری دیكەش هەن بۆ تووڕەبوون، كە تا رادەیەك سەیرن، بۆ نموونە دەنگی نانخواردنی كەسانی دیكە، وەك مڵچەمڵچی كەسێك كە نان دەخوات، یان خرمەخرمی كرۆژتن، تەنانەت هەندێك كەس بە دەنگی هەناسەی كەسانی دیكەش تووڕە دەبێت، ئەم جۆرە كەسانە دەستەواژەی دەنگبێزارییان بۆ بەكاردێت، واتە بێزاربووی بەركەوتەی دەنگ، لە راستیدا ئەم جۆرە تووڕەبوونە دەتوانێ پەیوەندی نێوان كەسەكان تێكبدات، هەندێك دۆخیش هەیە ئەگەر كەسەكە زۆر بە خراپی تووشی ئەم جۆرە لە تووڕەبوون بووبێت، لەوانەیە خۆی بكوژێت. هەفتەنامەی زانستی دەمارزانی ئەم ساڵ توێژینەوەیەكی سەرنجڕاكێشی لەو بارەیەوە بڵاو كردۆتەوە و لە توێژینەوەكەشدا دەركەوتووە بێزاربووی دەنگ یان بەركەوتەی دەنگ زیاتر بەهۆی دەنگی ناخۆشەوە دروست دەبێت، بەو واتایەی كەسێك لە رووی دەروونییەوە لە دەنگ بێزارە تووشی ئەو دۆخە دەبێت.

زیانەكانی تووڕەبوون
تووڕەبوونی لەڕادەبەدەر، بۆ خۆشتان و بۆ دەوروبەریشتان زیانی هەیە، هەڵچوونی دەروونی یەكێكە لە هۆكارە كاریگەرەكانی جەڵتەی دڵ یان مێشك، بەپێی توێژینەوەیەكیش كە ساڵی 2019 کراوە، لە (جۆرنال سایكۆلۆژی پیری)دا بڵاوكرایەوە، تووڕەبوونی بەردەوام لەگەڵ هەوكردنی تەواوی سیستمی لەشی مرۆڤدا مەترسی نەخۆشی درێژخایەنی وەك نەخۆشی دڵ، یان پوكانەوەی ئێسك و شێرپەنجە زیاد دەكات، لە راستیدا لە كەسانی بەتەمەندا هەڵچوون و تووڕەبوون لە خەفەت خواردن زیاتر زیانی بۆ جەستەیان هەیە، بەساڵاچوان كە تووڕە دەبن تووشی نەخۆشیی زیاتری دریژیاخەیەن دەبن، هەڵبەتە ئەوەشمان لە بیر نەچێت كە نەخۆشی درێژخایەن زۆر بە ئاسانی دەبێتە هۆی كەمخەویی، كەمخەویش بە ئاسانی دەبێتە هۆی تووڕەبوون، بە شێوەیەكی گشتی تووڕەبوون و كۆریتزۆڵ كە هۆرمۆنی ئەدریناڵینە، لە كاتی تووڕەبووندا رێژەكەی لە خوێندا بەرز دەبێتەوە‌ و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی رادەی هەوكردن و كەمبوونەوەی بەرگری لەش.

لە هەمان كاتدا لەوانەیە سەبارەت بە هەستی بەرامبەرەكەمان تووشی بەدحاڵیبوون بین، پەروەردەی پێشینەی مرۆڤ دەتوانێ تێگەیشتن لە هەستی كەسانی دی تووشی بەدحاڵیبوون بكات، بۆ نموونە كوڕان و پیاوان زیاتر لە كچان و ژنان ئەگەری هەیە خەمەكانیان بە هەڵە لێك بدرێتەوە و بە تووڕەبوون وەربگیرێت، یان رەگەزە جیاوازەكان، بۆ نموونە رەگەزی رەشپێست زیاتر رەفتاریان بە تووڕەبوون لێك دەدرێتەوە وەك لە سپی پێست، لە ئەنجامدا دەبینین رەشپێستەكان لە گروپەكانی دیكە زیاتر بە كەسانی تووڕە هەژمار دەكرێن، ئەم هەڵەیە لە لێكدانەوە بۆ رەفتاری بەرامبەر رۆژانە دووبارە دەبێتەوە.

سوودەكانی تووڕەبوون
بێینە سەر كرۆكی بابەتەكە، لە راستیدا تووڕەبوون هەمیشە هەر خراپ نییە، لایەنی باشەشی تێدایە، ئەگەر شتێكی هەڵە لە ژیان و كۆمەڵگەكەی تۆدا هەیە، تووڕەبوونی ئێوە دەتوانێ بەرامبەرەكەتان ئاگادار بكاتەوەو تێی بگەیەنێت كە تۆ ستەمت لێ كراوە و مافت خوراوە، یان بێوژدانیت بەرامبەر كراوە، دەكرێ دەربڕینی تووڕەیی نیشانەی بێتاوانی بێت، هەروەها تووڕەبوون لەوانەیە خەڵكی ئاگادار بكاتەوە لەوەی كە هەڵەیەك لە ئارادایە و پێویستی بە راستكردنەوەیە.

لە توێژینەوەیەكدا كە ساڵی رابردوو لە گۆڤارێكی تایبەت بە هەڵچووندا بڵاو كراوەتەوە، جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە خەڵكیی تا زیاتر لە بابەتێك تووڕە بن، زیاتر هەوڵدەدەن تووڕەبوونەكەشیان كۆنترۆڵ بكەن، ئا لێرەدایە كە تووڕبوون رۆڵی گرنگ لە ئازایەتیی جوامێرانە و بەرزیی ئاكارو رەوشت لە ناو كۆمەڵگەدا دەگێڕێت.

لە راستیدا چوارچێوەی دیاریكراوی ئاكار لای مرۆڤێك بۆ مرۆڤێكی دیكە جیاوازە، لەبەر ئەوە دەبینین هەر كەسە و بە شتێكی جیاواز تووڕە دەبێت، بۆ نموونە لەوانەیە تۆ یەكێك بیت لەو كەسانەی ئەگەر كچێك یان ژنێك بە تەنیا ببینیت، پێت ناخۆش بێت و لەوانەیە كاردانەوەشت هەبێت بەرامبەر بەو كچە یان بەو ژنە، رەنگە تۆ لەبەر ئەوە بێت تۆ بە ئاكارێكی خراپی بزانیت، بەڵام لە هەمان كاتدا كردەوەكەی تۆ پێچەوانەی بەهاكانی كۆمەڵگە دەبێت، ئەو كاتیش كەسانی دیكە تووڕە دەبن.

دەربڕینی تووڕەیی رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی راستگۆتر دەربكەویت و قسەكانیشت زیاتر جێگەی متمانە بێت، ئەو كەسانەی لە كاریاندا داهێنان دەكەن، كاتێك ترس و تووڕەیی خۆیان بە هەمان شێوەی خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕن و نایشارنەوە، لە كارەكەیاندا لە كەسانی دی سەركەوتوتر دەبن، دەربڕینی تووڕەیی نیشانەی ئەوەیە دیارە بابەتەكە زۆر گرنگە، خۆ ئەگەر بە راستیش هەستت بە تووڕەبوون نەكرد، دەتوانی خۆت دروستی بكەیت و نواندن بكەیت، لەبیریشمان نەچێت مرۆڤ كاتێك تووڕە دەبێت، ناوچەوانی گرژ دەكات و شێوەی دەموچاوی دەگۆڕێت، بەڵام ئەوە دەربڕینی ئازار یان هەستی ناوەوەی مرۆڤەكە نییە، بەڵكو ئامرازێكە مرۆڤەكە بەكاری دەهێنێت بۆ ئەوەی كاریگەریی لەسەر بەرامبەرەكەی دروست بكات.

لە كۆتاییدا دەمەوێ ئەوە بڵێم، كە تووڕەبوون لە هەموو شوێنێك هەیە و زۆر جاریش خراپ بەكار دەهێنرێت، بەڵام تا زیاتر شارەزا بین و تووڕەبوون بناسین، باشتر دەتوانین سوود لە لایەنە باشەكانی وەربگرین، لە بری ئەوەی زیانمان پێ بگەیەنێت، واتە دەكرێ سوود لە تووڕەبوون وەربگیرێت وەك یارمەتیدەرێك، چونكە هەموو تووڕەبوونێك نابەجێ و ناهەق نییە، زۆر جار رێ دەكەوێ تووڕەبوونەكە جێگەی بایەخە و هەقیشە، بەڵام دەكەوێتە سەر ئەوەی تۆ چۆن بەكاری دەهێنیت.

سەرچاوە: nebesht.com

 110 جار بینراوە