سەرەکی » وەرزش » سەیرترین كاری یاریزانان دوای وازهێنانیان لە تۆپی پێ

سەیرترین كاری یاریزانان دوای وازهێنانیان لە تۆپی پێ

ئا: ئارۆ سەنگەر

لەم سەردەمەی تۆپی پێ كە كەناڵ و پێگە و رۆژنامە وەرزشییەكان ژمارەیان زۆرە و بینەر و خوێنەرانیشیان رۆژ لەدوای رۆژ لە زیادبووندایە بەشێكی زۆری یاریزانان دوای وازهێنان لە یەكێك لەو راگەیەندنانە كار دەكەن و بەشێكی زۆریشیان روودەكەنە بواری ئیداری یاخود راهێنەری بۆ ئەوەی وەكو راهێنەر بگەڕێنەوە بۆ ناو یاریگا.

بەڵام بەشێك لە یاریزانان بە ناچاری بێت یاخود لەسەر ویستی خۆیان روویان كردۆتە كاری سەیر كە هیچ پەیوەندیەكی بە تۆپی پێوە نییە.

رۆژنامەی میرۆری بەریتانی راپۆرتێكی كردوە لەسەر كۆمەڵێك یاریزان كە دوای وازهێنان كاری سەیر و دوور لە تۆپی پێ دەكەن، ئەمەش لە كاتێكدایە ئەو یاریزانە رۆڵی گەورەیان لە یاریگاكاندا بینیوە.

شۆفێری تەكسی
لەسەرەتای راپۆرتەكە رۆژنامەكە باسی لە خاوەنی خێراترین گۆڵ كردووە لە مێژووی مۆندیال، ئەویش هاكان شوكوری هێرشبەری پێشووی هەڵبژاردەی توركیایە كە لە سەركردایەتی كردنی سەركەوتنەكانی هەڵبژاردەكەیەوە رووی كردۆتە لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی تەكسی.

ئەو هێرشبەرە لە 112 یاری بە درێسی توركیا 51 گۆڵی كردووە، لە نێویاندا گۆڵەكەی لە مۆندیالی 2002 بەرامبەر كۆریای باشوور كە دوای 10.8 سانیە تۆماری كرد.

دوای وازهێنانی لە یاریكردن، هاكان بەهۆكاری جیاواز بووە سەردێڕی رۆژنامە ناوخۆییەكان لەنێویاندا بڵاوبوونەوەی فەرمانی دەستگیركردن كە بەهۆیەوە رای كرد بۆ ئەمریكا.

ئەو فەرمانەش دوای كودەتا شكستخواردووەكەی ساڵی 2016 دێت لە توركیا، كە دوای مانگێك لەو كودەتایە بەرپرسان فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەركرد، ئەمەش بە تۆمەتی یارمەتیدانی كودەتاچیەكان و پاڵپشتی كردنی عەبدوڵا گولەن.

لەماوەی رابردووشدا ئەو ئەستێرەیە بۆ یەكێك لە كەناڵەكانی راگەیاندن وتی: كۆچم كرد بۆ ئەمریكا و سەرەتا كافتریایەكم هەبوو لە كالیفۆرنیا، بەڵام ئەوانەی دژم بوون بەردەوام بێزاریان دەكردم، بەهۆی ئەمەش بڕیارمدا ببم بە شۆفێری تەكسی و كتێب فرۆش.

خێرایی و ركابەری
هاكان یەكەم یاریزان نییە دوای وازهێنان بڕیار بدات لە پشت سوكانەوە دابنیشێت، ئەستێرەیەكی تریش بڕیاری داوە هەمان كار بكات، ئەویش فابیان بارتێزی گۆڵپارێزی پێشووی هەڵبژاردەی فەرەنسا و پاڵەوانی مۆندیالی 1998ە.

كارەكەی بارتێز لەوەی هاكان جیاوازە، چونكە بارتێز بووەتە شۆفێری پێشبڕكێكانی ئۆتۆمبێل و دوای ساڵێك لە وازهێنان بوو بە پاڵەوانی فەرەنسا لە پێشبڕكێكانی جی تی.

دوای ئەو سەركەوتنە بارتێز تیپێكی تایبەت بەخۆی دروست كرد و سەبارەت بەمەش وتی: ئارەزووی زۆرم بۆ پێشبڕكێكانی ئۆتۆمبێل هەبووە، تەنانەت ئەو كاتەی یاری تۆپی پێشم دەكرد.

لێكۆڵەر
یەكێكی تر لەو كارانەی ئەستێرەكان دوای وازهێنان روویان تێكردوە لێكۆڵەری پۆلیسە كە ئەرگان دی زیۆی یاریزانی پێشووی ویان و پۆرتسمۆس، دوای وازهێنان رووی تێكردووە.

ئەو بەرگریكارە باڵابەرزە لە پێشوودا كاری ئەوە بوو بەرپەرچی هێرشی ركابەرەكان بداتەوە و ببێتە بەربەست لەبەردەمیان، بەڵام ئێستا بووەتە بەربەست لەبەردەم تاوانباران و دوایان دەكەوێت.

دی زیۆ پێیوایە كاری رۆژانەی وەكو لێكۆڵەرەوەی پۆلیس لە تۆپی پێ دەچێت، چونكە پێویستی بە كاری بە كۆمەڵ هەیە و زۆر قورسە بتوانێت تاوانێك بەتەنها چارەسەر بكەیت.

زۆرانباز
گرانت هۆلتی هێرشبەری پێشووی یانەی نۆرویچ سیتی ئینگلیزیش لەماوەی یاریكردن بە بەهێزی توانای جەستەیی ناسراو بوو، بۆیە دوای وازهێنان رووی كردە زۆرانبارزیی و سەرنجی لەسەر حەلەبەكانە.

بزنسمان
رامۆن فیگای یاریزانی پێشووی تۆتنهام بەهۆی بردنەوەی نازناوی پریمەرلیگ لە ساڵی 1999 لەگەڵ یانەكەی ناوبانگی زۆری پەیدا كرد، بەڵام دوای ماوەیەكی كورت وازی لە یاریكردن هێناو بوو بە بزنسمان و سەرپەرشتی چەندین كاری كرد و بەپێی سەرچاوەكانیش ئەو كارانەی سەرپەشتی كردون سەرمایەكەیان گەیشتۆتە ملیارێك پاوەند، بەڵام دوای چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا قازانجەكانی فیگا بە رێژەیەكی زۆر كەمیكرد تا لە كۆتایی بڕیاری دا كۆمپانیاكەی هەڵبوەشێنێتەوە.

قەشە
یەكێكی تر لە سەیرترین ئەو كارانەی یاریزانان روویان تێكردوە كاری قەشەییە، كە جاڤین پیكۆكی یاریزانی پێشووی یانەی چێڵسی رووی تێكردووە.

پیكۆك دوای وازهێنان بوو بە شیكەرەوەی یارییەكان و ماوەیەك وەكو راگەیاندنكاری وەرزشی كاری كرد، بەڵام دواتر بڕیاری دا ببێت بە قەشە، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ ماوەی سێ مانگ لە كەنەدا بەشداری لە خولێك كرد و ئێستاش سەرپەرشتی كەنیسەیەك دەكات.

سەوزە فرۆش و قومارچی
ساڵی 1997 یانەی نیوكاسڵ لەژێر سەرپەرشتی كیڤن كیگانی ئاستی بەرزیان پێشكەش دەكرد و لە یارییەك توانیان پێنج گۆڵ لە یانەی مانچستەر یونایتد بكەن و خاوەنی جوانترین گۆڵی یارییەكەش فیلیپ ئەلبێرت بوو, كە بەشێوەیەكی جوان تۆڕی گۆڵی پیتەر شمایكلی هەژاند.

ئەو ئەستێرەیە دوای وازهێنان لە ساڵی 2000 بڕیاریدا ببێتە سەوزە فرۆش و بۆ یەكێك لە كۆمپانیاكان كاری دەكرد، سەبارەت بەمەش وتی: پێشتر بۆ ماوەی 11 ساڵ كاری سەوزە فرۆشیم كرد، نەمویست پشت بەو پارەیە ببەستم كە وەكو یاریزانی تۆپی پێ كۆم كردەوە، چونكە دەمویست ژیانێكی ئاسایی بژیم و شانازیش بەو كارەوە دەكەم.

میرۆر راپۆرتەكەی بە تۆماس گریڤیسنی یاریزانی پێشووی ریاڵ مەدرید كۆتایی پێهێناوە، كە ئەو یاریزانە دانیماركیە دوای تۆپی پێ رووی كردۆتە قوماركردن و لە رێگەیەوە سامانێكی زۆری كۆكردۆتەوە.

ئەو یاریزانە كە بۆ ئێڤەرتۆنیش یاری كردووە، بووەتە یەكێك لە دەوڵەمەندەكانی ئەمریكا و لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی كە ئایا تا ئێستا 100 ملیۆن پاوەندی بردۆتەوە بە یاری پۆكەر گراڤیسین وتی: تەنها 100 ملیۆن ئەی بۆ باسی بەشەكەی تر ناكەن، مەبەستیشی لەوە بوو كە زۆر زیاتر لەو پارەیەی بردۆتەوە.

 

گرانت هۆڵت

تۆماس گرافیس

 138 جار بینراوە