سەرەکی » زانست » كه‌شتی نوح » ئەو وڵاتانەی دوای سەدان ساڵ، ناویان لەسەر نەخشەی جیهان سڕاوەتەوە

ئەو وڵاتانەی دوای سەدان ساڵ، ناویان لەسەر نەخشەی جیهان سڕاوەتەوە

تارا شێخ عوسمان

نەخشەی وڵاتانی جیهانی سەد ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ نەخشە نوێیەكاندا جیاوازیی زۆرە، هۆكاری ئەمەش هەندێك گۆڕانكاریی مێژووییەوە رووخانی ئیمپراتۆرییەتەكان و بچووك بوونەوەی قەوارەی هەندێك وڵات و گەورە بوونی قەوارەی هەندێكیان .

گۆڤاری ریدەرز دایجست (readersdigest)ی ئوستورالی لە راپۆرتێكیدا لیستێكی بۆ ئەو وڵاتانە دروست كردووە كە بەرلە 100 ساڵ ناویان لە نەخشەی جیهاندا هەبووە و ئێستا ناوی تر و وڵاتی دیكە جێگەی گرتونەتەوە لەوانەش:

یۆگسلافیا
بەر لە 100 ساڵ جەنگی یەكەمی جیهانیی بووە هۆی وێرانكارییەكی گەورە لە ئەوروپادا، لەو كاتەدا یۆگسلافیا كە دەكەوتە بەشی باشوری خۆرهەڵاتی ئەوروپاوە و لە ساڵی 1918دا دروستببوو بە (شانشینی سرب و كروات و سلۆڤینییەكان) دەناسرا دوای 10 ساڵ ناوی گۆردرا بۆ یۆگسلافیا، ئەم وڵاتە چەند هەرێمێكی جیاوازی لەخۆ دەگرت لە رووی كلتووری و ئەتنیكییەوە و بەشێكیش بوو لە ئیمپراتۆریەتی نەمسا و مەجەڕ، یەكێتی یۆگسلافی هەریەك لە دەوڵەتەكانی سلۆڤینیا و كرواتیا و بۆسنێی هەرزەگۆڤینیا و و سربیا و مۆنتیگرۆ و كۆسۆڤۆ و مەسەدۆنیای لە خۆی گرتبوو، پاش ماوەیەك یەكیان گرت و لە كۆتایی سەدەی بیستەمدا ئەم دەوڵەتە رووخاو و بووە چەند دەوڵەتێك و یۆگسلافیاش لەسەر نەخشە ناوی سڕدرایەوە.

تبت
ناوچەی تبت دەكەوێتە باكوری خۆرئاوای هیندەوە و بۆ ماوەی چەند سەدەیەك خاڵی ناكۆكی و ململانێی وڵاتانی دەوربەر بووە.

لە ساڵی 1912ەوە بۆ 1951 ئەم ناوچەیە سەربەخۆ بوو پاشان چین زەوییەكانی داگیری كرد و مافی ئۆتۆنۆمی پێدان، ئێستاش هەرچەندە شوێنێك هەیە بە ناوی تبت، بەڵام بە هیچ شێوەیەك وەك وڵاتێك لە نەخشەدا نەماوە، زیاتریش وەك رووگەیەكی گەشتیاری شاخەوانی دەناسرێت، بە هۆی ئەوەی چیای ئیڤیرستی گرتووەتەخۆی كە بە بەرزترین چیا دادەنرێت لە هەموو جیهاندا و ساڵانە ژمارەیەكی زۆری شاخەوانی بە ئەزمون و چالاك سەردانی دەكەن.

مۆرسێنتی بێلایەن
ئەم دەوڵەتە بچووكە كە رووبەرەكەی دوو كیلۆمەتر و نیو دەبوو، بەرهەمی رێكەوتنێكی هۆڵەندی و پروسییەكان بوو و لە ساڵی 1816دا، ئەو دوو وڵاتە بڕیاریاندا كە ئەم دەوڵەتە دروستبكەن بۆ ئەوەی هەردووكیان بێكێشە دەستیان بگات بەو كانگای زێڕەی لەو دەوڵەتە بچووكەدا هەبوو.

ئەو دەوڵەتە بچووكە دراو و ئاڵای خۆی و زمانێكی تایبەتی هەبوو و كە پێی دەوترا ئیسپرانتۆ، زۆریش هەوڵ درا ئەو نەتەوەیەی لەم دەوڵەتەدا بوون بكرێنە دانیشتوانی شارێكی تایبەت، بەڵام هەرزوو دەوڵەتەكە بووە قوربانی جەنگی یەكەمی جیهان و پاش ماوەیەكیش قەوارەكەی تێكشكێنرا و كرایە بەشێك لە بەلژیكا.

نیوفاوندلاند
ئەم دوورگەیە لەنزیك كەنارەكانی باكوری خۆرهەڵاتی ئەمریكای باكور بوو، پێشتر ژێردەستەی بەریتانیا بووە و لە ساڵی1907ەوە بۆ 1934 شێوە حوكمێكی ئۆتۆنۆمی هەبوو، دواتر بە هۆی داكشانێكی ئابووری گەورە لە ناوچەكەدا بە شێوەیەكی ئارەزوومەندانە گەڕایەوە ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا، پاشان و لە ساڵی 1949دا بووە هەرێمێك لە كەنەدا كە ئێستا بە نیوفاوند لاند و لابرادۆر دەناسرێت.

حەبەشە
تا 100 ساڵ پێش ئێستا ئەسیوپیای ئێستا ناوی حەبەشە بووە و لە گەرمەی كشانی كۆلۆنیالیزم بۆ ئەفریقیا لە سەدەی هەژدەدا، ئیتاڵیا ویستی داگیری بكات، بەڵام نەیتوانی سیستمی پاشایەتی ئەو وڵاتە بروخێنێت، بە تەنها دەوڵەت دادەنرێت لە مێژوودا كە داگیر نەكراوە و یەكێكە لەو چەند وڵاتە كەمەی ئەفریقیا كە كەمێك سەربەخۆیی لە دەستدا ماوە و دواجار لە سەدەی نۆزدەدا ئیتالیا بۆ ماوەیەك داگیریكرد و دواتریش ناوەكەی گۆردرا بۆ ئەسیوپیا كە ناوێكی لێكدراوی بە رەچەڵەك یۆنانییە و بە مانای روخساری رەش دێت.

چیكوسلۆڤاكیا
ئەم وڵاتە بەشێك بووە لە ئیمپراتۆریەتی نەمسا و مەجەڕ كە پێكهاتبوو لە چەند ناوچەیەكی مێژوویی وەك مۆراڤیا و سلۆڤاكیا و بوهیمیا، داگیركاریی نازییەكان بۆ ئەم ناوچانە بوونە پاڵنەری ئەوروپا بۆ بەشداری لە جەنگی دووەمی جیهاندا و دوای ئەوەی لە لایەن یەكێتی سۆۆڤییەتەوە ئازاد كرا، لە نیوەی یەكەمی سەدەی بیستەمدا خەڵكی ئەم ناوچانە چوونە پاڵ بلۆكی خۆرهەڵات و دواتریش لە ساڵی 1993دا چیكوسلۆڤاكیا بە شێوەیەكی ئاشتیانە لەبەریەك هەڵوەشایەوە و بووە دوو وڵاتی سەربەخۆ بە ناوی كۆماری (چیك) وكۆماری (سلۆڤاكیا).

سیلان
سیلان وڵاتێكە دەكەوێتە باشووری هیندستانەوە و كاتێك ئەوروپییەكان ئەو ناوچەیەیان داگیركرد ناویاننا سیلان تا ساڵی 1948 لە ژێر دەسەڵاتی بەریتانییەكاندا بووە و لە ساڵی 1972 دا سەربەخۆیی وەرگرتووە و ناوەكەشی گۆردراوە بۆ سیریلانكا.

ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی
تەمەنی ئیمپراتۆریەتەكە 600 ساڵ بووە و بەر لە هەردوو جەنگی یەكەم و دووەمی جیهانیی رووبەری ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بەشێك لە ئەوروپای خۆرهەڵات و باكوری ئەفریقیا و هەموو خۆرهەڵاتی ناوەراستی گرتبووەوە، بەڵام لە دوای جەنگی یەكەمی جیهانی و پاشانیش لەجەنگی دوووەمی جیهانییدا ئەم رووبەرە بە شێوەیەك بەرتەسك بووەوە كە تەنها دەوڵەتێكی مایەوە كە ئیستا بە توركیا دەناسرێت.

وڵاتی فارس
وڵاتی فارس لانكەی یەكێك لە شارستانیەتە هەرە كۆنەكانی مرۆڤایەتیە و ئەم دەوڵەتە رۆژگارێك بەهێزترین دەوڵەت بووە و هەژموونی سنوورەكانی خۆی تێپەراندووە، بەڵام لە دوای ساڵی 1935ەوە ئەم دەوڵەتە قەوارەكەی بچووك بووەوە و ناوەكەشی بووە ئێران.

سیام
پێشتر بە تایلاند وتراوە سیام، ئەوروپییەكان نەیانتوانیوە ئەو وڵاتە داگیر بكەن، سیستەمەكەی پاشایەتی رەها بووە و دوای گرژییەكانی سەدەی بیستەم ناوەكەشی گۆردرا و سیستمی فەرمانرەواییەكەشی بووە پاشایەتی دەستووریی.

پروسیا
قەوارەی ئەم دەوڵەتە كە زەوییەكانی ئەوروپای ناوەراست و خۆرهەڵاتی دەگرتەوە وەک ئەڵمانیا و پۆلەندا، لە سەدەی هەژدەدا زۆر گەشەی كرد، بەڵام بە هاتنی سەدەی نۆزدە ئەو شانشینە بەرەو نەمان دەچوو دوای جەنگی یەكەمی جیهانیش كاتێك ئیمپراتۆریەتی پروسیا شكستی هێنا سیستمی پاشایەتی هەڵوەشایەوە و پروسیا بووە هەریمێكی ئەڵمانیا و لە دوای جەنگی دووەمی جیهانیشەوە ناوەكە بە تەواوی رەتكرایەوە و بۆ هەتایە لەسەر نەخشە سڕدرایەوە.

زەنجبار
زەنجبار كۆمەڵە دورگەیەك بوو لە نزیك كەناری خۆرهەڵاتی ئەفەریقیا و لە كۆندا پێگەیەكی بازرگانیی گەورەی هەبووە و سیستمی فەرمانرەوایی سوڵتانشین بووە تا سەدەی نۆزدە، تا ساڵی 1964 لە ژێر ئینتیدابی بەریتانییدا بووە و لە ساڵی 1964دا سەربەخۆیی وەرگرتووە و لە گەڵ تەنجانیقادا یەكیان گرت و دەوڵەتێكی نوێیان دروست كردووە كە ناونراوە تانزانیا.

ساراواك
ئەم وڵاتە لە لایەن جەیمیس برۆكی دۆزەرەوەی بەریتانییەوە لە چلەكانی سەدەی نۆزدەدا دروستكرا و خۆی و نەوەیەكی فەرمانڕەواییان كردووە و تا جەنگی دووەمی جیهانی، دواتر ژاپۆن دەستی بەسەردا گرت و پاشانیش دەستبەرداری بوو بۆ بەریتانیا، لە ساڵی 1963دا ئەو وڵاتە بوو بە هەرێمیكی دەوڵەتی مالیزیای نوێ.

 132 جار بینراوە