سەرەکی » کەلتوور » بیرەوەری و بانێژەباسێك لە نووسینەكانم

خوێندنەوەی كتێبی:

بیرەوەری و بانێژەباسێك لە نووسینەكانم

دێدەوانی یەعقوب

لە ماوەی رابردوودا كتێبی بیرەوەری و بانێژەباسێك لەنووسینەكانم چاپ و بڵاوكرایەوە و بەسەرخوێنەراندا دابەشكرا . كتێبەكەی د. نوری تاڵەبانی ژمارەی سپاردنی 1756ی لە 4/11/2020 پێدراوە و بە قەبارەی مام ناوەند بە 322 لاپەڕە لە مانگی ئایاری 2021 چاپكراوە و نووسەر كتێبەكەی پێشكەشی دایك و باوكی كردووە.

كتێبەكە بەهەر سێ زمانی كوردی، عەرەبی، ئینگلیزییە و ئێمە لەبارەی بەشە كوردییەكەی قسە دەكەین و بە تێكڕا لە 45 ناونیشانی ناوەكی پێكهاتووە و نووسەر بەناوی دوو وشەی پێویست لە چوارلاپەڕەدا باسێكی كتێبەكەی كردووە و مامۆستا فازیل شەوڕۆش بەناوی پێناسی ئەم كتێبە لەحەوت لاپەڕەدا پێناسێكی كتێبەكەی كردووە .

بە خوێندنەوەی ئەو كتێبە دەگەینە ئەنجامێك كە قسەی لەبارەوە بكەین، چونكە وەك دەزانین ئەگەرچی لە ساڵانی رابردوو بەتایبەتی لەدوای راپەڕینە جەماوەرییەكەی باشووری كوردستان بە سەدان كەس دەستیان كرد بە نووسینەوە و چاپ وبڵاوكردنەوەی كتێبی بیرەوەری و یاداشت و یادگاری و هەریەك لەو كتێبانەش بۆ كات و شوێن و رووداوەكان و وێستگەكانی تایبەت بە نووسەر و ژینگەی دەورووبەری و سەردەم و گۆڕانكارییەكان و گرنگی خۆیان هەیە و زۆر جاریش وەڵام و وەڵامدانەوە و راستكردنەوە و رەخنەش بەدوای كتێبەكاندا هاتووە، بەڵام پێموایە ئەوەی كتێبەكەی د. نووری تاڵەبانی بخوێنێتەوە كۆمەلێك جیاوازی دەبینێتەوە لەگەڵ كتێبەكانی تری بیرەوەری و خەباتنامە و ژیاننامە و یادگاری، ئەویش بەوەی هەم لە رووی زەمەندا كتێبەكە باس لە چەندان سەردەمی عیراق و كوردستان دەكا كە نووسەر خۆی لەناو رووداوەكاندا بووە و هەمیش هێندە بەڕوونی و بەڵگەوە روودا و كات و شوێنەكانی باسكردووە دەرفەتی ئەوەی نەهێشتۆتەوە كە بۆشاییی رەخنە و پرسیار و وەڵام هەبێ .

جیاوازیەكی تری جێی سەرنج ئەوەیە لەكتێبی بیرەوەری بانێژەباسیك لە نووسینەكانم وێستگە و رووداوەكان زۆر بە كورتی باسكراون وخوێنەر دەپڕژێتە سەر رووداوەكان و باسەكان و وەك فیلمێكی بەڵگەیی خراونەتەڕوو و مرۆ وا هەستەكە لەناو ڕووداوەكاندایە و یان بەچاوی خۆی رووداوەكانی بینیوە .

د. نووری لە كتێبەكەیدا بێجگە پێشەكەیەكەی خۆی مامۆستا فازیل شەوڕۆ، كتێبەكەی بەسەر دوو بەنددا دابەشكردووە، لەبەندی یەكەمدا كتێبەكەی بەسەرچەندان وێستگەدا خورد كردۆتەوە وەك: بیرە وەرییەكانی كەركوك، ژیاننامە لەكەركوك لەوسەردەمەدا، خوێندكاری كۆلێجی ماف، لەبارەی رووداوەكانی كەركوك لە 14ی تەموز1959، خوێندكار لە زانكۆی سۆربوون لە پاریس، مامۆستا لە زانكۆكانی بەسرا، بەغدا و سلێمانی، راپەڕین و كۆڕەوی 1991، هەڵبژاردنی یەكەم پارلەمانی كوردستان ساڵی 1992، دامەزراندنی دەستەی قانوونی باڵا بەهاوكاری پارلمانی كوردستان 1992 لەڕووی قانوونییەوە. چوونەدەرەوەی وڵات بە ناچاری لە كۆتایی ساڵی 1992، لە لەندەن لەسەرەتای 1993، بەشداری لە كۆنفرانسی زانكۆی پرنستنی ئەمەریكی 1994، هەوڵ بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەی دەستووری عیراقی پاشەرۆژ لە لەندەن ساڵی 1993، دانیشتن لەگەڵ كاك نەوشێروان مستەفا لەندەن 1993، سەرۆكی رێكخراوی كورد بۆمافەكانی مرۆڤ لەبەریتانیا، هەوڵەكانی دەرەوە بۆ راگرتنی شەڕی ناوخۆ لە ساڵی 1994تا 1998، بەشداری لەئامادەكردنی پەیڕەوی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان لەدەرەوە ساڵی 1997 ، بەشداری لەچەند كۆنفرانس و كۆبوونەوەی لەدەرەوەی وڵات، چاوپێكەوتنی ئۆجەلان لە رۆما 1998، كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە كەركووك لە لەندەن 16/4/2003، كۆبونەوە سەبارەت بەكێشەی كەركوك لە واشنتۆن 2003، گەڕانەوە بۆ هەرێمی كوردستان 2003، سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان 2004، هاوكاری لیستی برایەتی لە كەركووك 2005، لەپێناو یەك هەڵوێستی كورد لە هەرێم و ناوچەی كەركوك، كاركردن لەپەسندكردنی پڕۆژەی دەستوور بۆهەرێمی كوردستان زیاتر لە بیست ساڵ، سەرۆكی ئەكادیمیای كوردی ساڵانی 2011 تا 2015، پڕۆژەی ئینساكلۆپێدیای كوردستان. دروستكردنی كتێبخانەیەكی گەورە لە ئەكادیمیای كوردی 2015، پەردە لادان لەسەر پەیكەری پێنج شاعیری كورد لەناو بینای ئەكادیمیای كورد 2014، دەست لەكاركێشانەوەم لە ئەكادیمیای كوردی 2015.

لەبەندی دووەمی كتێبەكە كە لە لاپەڕە 197 تا لاپەڕە 321 دكتۆر نووری تاڵەبانی لاپەڕەكانی تەرخانكردووە بۆ ئەرشێڤ و وێنە بەڵگەییەكان و وێنەی بەرگی بەرهەمە چاپكراوەكانی كە خۆی لە 37 وێنەبەرگ بە زمانەكانی كوردی،عەرەبی، ئینگلیزی و فەرەنسی دەبینێتەوە و بەشی كۆتایی كتێبەكەش تەرخانكراوە بۆ وێنەی فۆتۆی نووسەر و هاورێیان و خێزانی لە قۆناغەكانی تەمەن .

لەهەر یەكێك لەو بەند و ناونیشان و وێستگە و قۆناغ و تۆمارانەدا نووسەر لەبارەی كۆمەڵایەتی و رامیاری و رووناكبیری و زمان و زانست و وێژە و هونەر و ئاین و بنەماڵە و كوردایەتی و سەرۆك و سەركردە كوردەكان و عەرەبی جیهانییەكان و چاپەمەنی و دەستوور و قانوون و مافی نەتەوەیی و خۆپشاندان و كۆنفرانس و كۆنگرە و راگەیاندن و مانگرتن و رێككەوتن و لێژنە و دەستە و دامەزراوەكان و زۆر بابەتی تر دواوە و خوێنەر دەگێڕیتەوە بۆ هەموو ئەو قۆناغ و وێستگە مێژووییانە.

 533 جار بینراوە