سەرەکی » راپۆرت » كاریگه‌ریی زەرده‌خه‌نه‌ له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ی منداڵ چییه‌؟

كاریگه‌ریی زەرده‌خه‌نه‌ له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ی منداڵ چییه‌؟

هاوژین عه‌بدولواحید

له‌ په‌روه‌رده‌كردنی منداڵه‌كانماندا، هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك بكه‌ین، ده‌بێته‌ هۆی دۆڕاندنی جه‌نگێك كه‌ له‌ پێناوی پاشه‌ڕۆژێكی باشتردا ده‌ستمان داوه‌تێ. به‌ڵی په‌روه‌رده‌ ئه‌ركێكه‌ به‌ روویخۆش و زه‌رده‌خه‌نه‌ نه‌بێت كارێكی ئه‌سته‌م ده‌بێت و منداڵه‌كانمان له‌كاتی ئامۆژگارییدا په‌ستان ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ده‌روونیان و وایان لێده‌كات به‌ ئه‌نقه‌ست له‌ قسه‌مان ده‌رچن.

ستیڤان جه‌زال ده‌ڵێت: «زه‌رده‌خه‌نه‌ پێویستییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه»‌

به‌ڵێ زه‌رده‌خه‌نه‌ سوودێكی زۆری هه‌یه‌ له‌ گشت بواره‌كانی ژیاندا، وه‌ك ته‌ندروستی، كۆمه‌ڵایەتی، ئابووری، ده‌روونی و په‌روه‌رده‌یی.

پەروەردە و زەردەخەنە
زەرده‌خه‌نه‌ كلیلی هه‌موو ده‌رگا داخراوه‌كانه‌، گوزارشته‌ له‌دڵخۆشی و ئاسووده‌یی و كامه‌رانی، له‌ هه‌مانكاتدا گرنگه‌ بۆ راكێشانی هه‌ستی ئه‌رێنی چوارده‌ورمان و متمانه‌ و راهیبوونه‌، بێگومان زه‌رده‌خه‌نه‌ش له‌بواری په‌روه‌ده‌دا سوودێكی ئێجگار زۆری هه‌یه‌، منداڵ له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونیدا له‌ قۆناغی كۆرپه‌یی تا دوا قۆناغ زه‌رده‌خه‌نه‌ و دڵخۆشی كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ری له‌ گشت فاكته‌ره‌كانی ژیانیدا كاتێك كۆرپه‌یه‌ و له‌ سكی دایكیدایه‌ ئه‌وكاته‌ گه‌شه‌یه‌كی ته‌ندروست ده‌كات كه‌ دایكی دڵخۆشبێت».

هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ كاریگه‌رییه‌كانی دڵخۆشی و زه‌رده‌خه‌نه‌ ده‌رده‌كه‌وێت تا قۆناغه‌كانی گه‌وره‌بوون و كامڵبوونی كاتێ دایك (شیر) به‌ كۆرپه‌‌كه‌ی ده‌دات، راسته‌وخۆ كۆرپه‌ سه‌یری ناو چاوی دایكی ده‌كات و هاوهه‌ست ده‌بێت له‌گه‌ڵ دایكی و تێكه‌ڵی هه‌ستی دایكی ده‌بێت جا ئایا دایكی دڵخۆشه‌ یا دڵته‌نگه‌ هه‌ستده‌كات و كاریگه‌ری ده‌كه‌وێته‌سه‌ر ئه‌ویش.

منداڵ به‌لاساییكردنه‌وه‌ی ژینگه‌ و ده‌ورووبه‌ر به‌شێك له‌ په‌روه‌رده‌ی خۆڕسكی وه‌رده‌گرێ، ئه‌ده‌ب و په‌روه‌رده‌، هه‌م تایبه‌تمه‌ندی خودی مرۆییه‌ هه‌م شاره‌زاییه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، كه‌ له‌ رێگای لاساییكردنه‌وه‌ی دایك و باوكی ته‌ربیه‌ت به‌ده‌ستدێنن، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌هه‌موو هه‌لومه‌رج و باره‌كاندا ده‌بێ منداڵ له‌ رێگه‌ی خۆشڕوویی و میهره‌بانییه‌وه‌ فێری ئه‌ده‌ب و ته‌ربیه‌ت بكرێت. زۆرن ئه‌و دایك و باوكانه‌ی له‌ كاتی مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ منداڵ روویان گرژه‌ و وشه‌كانیان زبره‌ و له‌ هه‌ندێ كاتدا جنێو و سووكایه‌تی و شكانه‌وه‌یه‌ و كه‌وا له‌ منداڵ ده‌كات تووشی بارێكی پاڵه‌په‌ستۆ بێت له‌ ده‌روونییدا و هه‌میشه‌ بیر له‌ وشه‌ ناخۆشه‌كان ده‌كاته‌وه‌ و زۆربه‌ی كاتیش ئه‌م وشه‌ ناخۆش و مامه‌ڵه‌ قورسانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵی كراوه‌ دووباره‌ی ده‌كاته‌وه‌، یانیش تووڕه‌ ده‌بێت و به‌ پێچه‌وانه‌ی قسه‌ی دایك و باوكی ده‌جووڵێته‌وه‌و رق له‌ دڵ هه‌ڵه‌گرێت، چونكه‌ قسه‌ی ناخۆشی پێ وتراوه‌ دووباره‌ و سێباره‌ی ده‌كاته‌وه‌، بۆیه‌ هێزی وشه‌كان ده‌بێت ته‌نها بۆ قایلكردن و دڵخۆشكردنی و رازیكردنی منداڵ بێت نه‌ك پێچه‌وانه‌ی، په‌روه‌رده‌كار، سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی به‌رپرسیارێتی و قورسایی ژیان و هه‌سته‌ نه‌رێنییه‌كانی هه‌رگیز نابێت زه‌رده‌خه‌نه‌كه‌ی ونكات له‌ به‌رامبه‌ر منداڵه‌كانی، ئه‌و كاته‌ی به‌و رووه‌وه‌ منداڵه‌كانت پێده‌گه‌یه‌نی زیاتر هه‌ست به‌دڵنیایی و پارێزاوی و پته‌ویی خۆشه‌ویستی ده‌كه‌ن و زیاتر پابه‌ندی یاساكان و قسه‌كانت و داواكارییه‌كانت ده‌بن.

په‌روه‌رده‌كاری ژیر توانای بۆ چاكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ مناڵه‌كانی نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دایكێكی باش و به‌هێزه‌، ئه‌گه‌ر هاوارێكت به‌سه‌ر مناڵه‌كه‌تدا كرد یان كاردانه‌وه‌یه‌كی نادروستت هه‌بوو پێویسته‌ په‌یوه‌ندییه‌كه‌ت له‌گه‌ڵ مناڵه‌كه‌ت چاك بكه‌یته‌وه‌ و سنوورێك دابنێیت بۆ ره‌فتاری مناڵه‌كه‌ت تاكو ئاگاداری سه‌لامه‌تی بیت.

زه‌رده‌خه‌نه‌ چه‌ندین سوود و كاریگه‌ری به‌هێزی هه‌یه‌ له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ وه‌ك :

*زه‌رده‌خه‌نه‌ سه‌ره‌تا سوود به‌خۆت ده‌گه‌یه‌نێ، له‌ هه‌موو ژیانت.

*ده‌بێته‌ هێزێكی كاریگه‌ر و سه‌رسوڕهێنه‌ر بۆ راكێشان و قایلكردنی هه‌ست و دڵی منداڵه‌كه‌ت.

*ده‌بێته‌ هۆی به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندی دایك و باوك و منداڵ.

*زه‌رده‌خه‌نه‌ ده‌بێته‌ فریادڕه‌سی هه‌موو هه‌ڵه‌ تێگه‌شتنه‌كان و چاره‌سه‌ریان ده‌كات.

*خۆشه‌ویستی پته‌وتر ده‌كات له‌ نێوان په‌روه‌رده‌كار و منداڵدا.

*هه‌میشه‌ هه‌سته‌ ئه‌رێنییه‌كان زیاد ده‌كات.

*به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌ هه‌میشه‌ وه‌ك كه‌سێكی میهره‌بان و نه‌رم و نیان ده‌رده‌كه‌ویت.

*زه‌رده‌خه‌نه‌ ده‌تكات به‌ هاوڕێی منداڵه‌كانت.

*زه‌رده‌خه‌نه‌ وا له‌ منداڵ ده‌كات هیچ شتێك له‌ دڵ هه‌ڵنه‌گرێت و هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ی له‌ دڵیدایه‌ به‌رامبه‌ر تۆ و ئه‌وانیتر به‌ ئازادی ده‌ریبڕێ.

*به‌ رووخۆشیت له‌گه‌ڵی چه‌ندین نه‌خۆشی ده‌روونی له‌ منداڵه‌كه‌ت دوور ده‌خه‌یته‌وه‌.

زەردەخەنە وزەیەکی بێسنوور
بۆیه‌ هه‌رگیز زه‌رده‌خه‌نه‌كانت فه‌رامۆش مه‌كه‌ به‌رامبه‌ر خێزان و منداڵه‌كانت، چونكه‌ به‌ یه‌ك بزه‌ له‌ سه‌ره‌تای رۆژدا ده‌توانی وزه‌ی بێسنوور بۆ ته‌واوی رۆژه‌كه‌ ببه‌خشی به‌ كه‌سێك.

ره‌نگه‌ ساده‌ترین شت له‌ ژیاندا بتوانێ دڵخۆشمان بكات، به‌ڵام بێمتمانه‌ین له‌ ئاستی دڵخۆشیدا به‌داخه‌وه‌ دووكه‌ڵی ئاگری بێتاقه‌تی و بێهێزیمان ره‌نگه‌ بێئاگایانه‌ ئازیزان و خۆشه‌ویستانمان بخنكێنێت، له‌پێش هه‌مووشیانه‌وه‌ منداڵه‌كانمان، كه‌ هه‌میشه‌ تینوی زه‌رده‌خه‌نه‌كانی ئێمه‌ن، بێتاقه‌تیمان له‌ ژیان به‌سه‌ر ئه‌واندا به‌تاڵده‌كه‌ینه‌وه‌ بێئاگاین له‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ بۆ ئه‌وان تاكه‌ ئومێدی ژیانین كه‌ ده‌توانین به‌ رووخۆشی و زه‌رده‌خه‌نه‌كانمان دونیایان بۆ بكه‌ین به‌ ره‌نگاڵه‌ یاخود تاریكی بكه‌ین.

 116 جار بینراوە