سەرەکی » وتار » سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌ » ئاوارەکان لە هەرێم بە ژمارە

ئاوارەکان لە هەرێم بە ژمارە

2-2

ئەم ژمارە زۆرەی ئاوارە و بیانیی لە هەرێم، پێویستیان بە خزمەتگوزارییە گشتییەكانی دیكەی وەك: نەخۆشخانە، خوێندنگە، زانكۆ، ئاسایش، رێگەوبان و هاتوچۆ..تد دەبێت.

ئەگەر سەردانێكی نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان بكەیت، بەڕێژە ئەوانەی وەربگریت کە سەردانی نەخۆشخانەكان دەكەن بۆ چارەسەریی، بێگومان رێژەیەكی ئێجگار زۆری ئەوانەی چارەسەر لە نەخۆشخانە گشتییەكان وەردەگرن، بیانی و ئاوارەی عەرەب و غەیری عەرەبن.

لەلایەك قەرەباڵغییەكی زۆریان دروستكردووە، لەلایەكی دیكە كاریگەریی زۆریان لەسەر چارەسەری هاووڵاتیان دروستكردووە، سەرئەنجام لۆدێكی زۆریان لەسەر نەخۆشخانەكان دروستكردووە و خەرجییەكی زۆر لەسەر حكومەت كەوتووە.

خۆ ئەگەر كەرتەكانی دیكە وەربگرین، ئەوا دیسان هەمان ئەنجاممان دەستدەكەوێت. بۆنموونە دابینكردنی خوێندن، هەروەك ئەوانەی دەمێننەوە لۆد لەسەر هەموو خزمەتگوزارییەكانی دیكە دروستدەكەن. هەروەها كاریگەری ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە هەیە لەسەر زۆربوونی تاوان، كەتن و پێشێلكردنی یاسا..تد.

كاریگەرییە مەترسیدار و ستراتیژییەكە، هێشتا لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە هەستی پێنەكراوە و دەرنەكەوتووە، چونكە هێشتا حكومەتی هەرێم پلانی ستراتیژیی بۆ پێشخستنی كۆمەڵگە و نەخشەكێشانی داهاتووی ژیانی ئابووریی، كۆمەڵایەتیی، ئاسایشی نەتەوەیی نییە.

بەشێك لەو ئاوارانە (عەرەب و غەیری عەرەب) زیاتر لە 15 ساڵە لەكوردستان دەژین، ژمارەیەكی زۆریان خانوویان كڕیوە و بەپێی دەستوور و یاسا لەسەریان تاپۆكراوە و خاوەنی موڵكن.

ئێستا چەند نەوەیەكی ئەو ئاوارانە لە كوردستان گەورەبوون و تێكەڵ بە كۆمەڵگەی كوردەواریی بوون و جگە لە زمانی خۆیان (عەرەبی) كوردیش فێربوون. فێری ژیانی كوردستان بوون و توانای گەڕانەوەیان بۆ ناوچەكانی خۆیان لە ناوەڕاست و باشوور نییە، بەپێی دەستووریش هیچ دەسەڵاتێك ناتوانێت دەریان بكات، لە داهاتووی نزیكدا وەك ئەمری واقع دەبنە بەشێك لە كۆمەڵگەی كوردستان و هاووڵاتی هەرێم.

ئەم ژمارە زۆرەی ئاوارە، جگە لە مەترسی گۆڕینی دیموگرافیای هەرێم، هاوكات كاریگەریی گەورە لەسەر باری كۆمەڵایەتیی، سیاسی، ئاسایشی كوردستان دروستدەكەن.

لەوە خراپتر ماوەیەكە چەند حاڵەتێكی دووبارە دروستبووە كاتێك ئاڵۆزییەك لە هەرێم لە نێوان دوو هاووڵاتیی واتە كوردێك و عەرەبێك، دێتە پێش كە پەیوەندیی بە هاووڵاتیانی عەرەبەوە هەیە، راستەوخۆ لە بەغداوە پەیوەندی دەكەن و گوشار دروستدەكەن.

ئەم دەستوەردان و گوشاركردنە ئەگەر بۆ چارەسەری كێشەیەكی كۆمەڵایەتی و رێگەگرتن بێت لە هەرای ئیعلامیی، لەوانەیە ئەرێنی و ئیجابی بێت، بەڵام هیچ گرەنتییەك نییە لە داهاتوودا بوونی عەرەب لە كوردستان وەك لۆبی بەغدای لێبێت و ببێتە ئەمری واقع و لێكەوتەی دیكە بەدوای خۆیدا بهێنێت.

لەدوای رووخانی رژێمی سەدام، ئاوەدانییەكی زۆر خێراو بەربڵاو لە كوردستان دەستی پێكرد. دەیان پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە هەموو شارەكانی كوردستان کرا، زۆریان تائێستا تەواو نەكراون، هەندێكیان وەبەرهێنەرەكەی رایكرد و پڕۆژەكەی جێهێشت و حكومەتیش خۆی نەکردە خاوەنی.

لەماوەیەكی كورتدا دەیان هەزار یەكەی نیشەجێبوون دروستكران، بەشی هەرە گەورەیان لەسەر باشترین زەوی كشتوكاڵیی دروستكران، بەبێ‌ ماستەرپلان و هەڵبژاردنی شوێنی شیاو بۆ نیشتەجێبوون، بە لەبەرچاوگرتنی بەرزی و نزمی و دابینكردن یان مسۆگەركردنی خزمەتگوزارییە گرنگەكان و تەنانەت تەواوكردنی كاروباری یاسایی تایبەت بە پڕۆژەكان! بۆیە دەبینین تائێستا كەمترین پڕۆژەی نیشتەجێبوون لەسەر دانیشتوانەكانیان تاپۆكراوە.

 72 جار بینراوە