سەرەکی » وتار » سه‌نته‌ری خزمه‌تگوزاریی ئۆتۆمبیل

یاداشته‌كانی شۆفێرێك

سه‌نته‌ری خزمه‌تگوزاریی ئۆتۆمبیل

دیاری حه‌مه‌ سه‌عید

ماوه‌یه‌كه‌ له‌ هه‌ندێك له‌ شاره‌كانی كوردستاندا، چه‌ند سه‌نته‌رێكی خزمه‌تگوزاریی ئۆتۆمبیل كراونه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ یه‌ك كاتدا كار له‌سه‌ر چه‌ند به‌ش و شوێن و پسپۆڕییه‌كی ئۆتۆمبیدا ده‌كه‌ن و زیاتر له‌ وه‌ستا و شاره‌زایه‌كی ئه‌و بواره‌ تیایاندا كارده‌كه‌ن.

كردنه‌وه‌ی ئه‌م سه‌نته‌رانه‌ له‌ كاتێكدایه‌، رۆژبه‌ڕۆژ ژماره‌ی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ رووی له‌ زیادبوونه‌ كه‌ بریكاری سه‌ره‌كی یان رێگه‌پێدراو یاخود نوێنه‌ری فرۆشتنی كۆمپانیا گه‌وره‌كانی دروستكردنی ئۆتۆمبیلن له‌سه‌ر ئاستی جیهان كه‌ به‌شێكیان به‌شی چاكردنه‌وه‌ و فرۆشتنی پارچه‌ی یه‌ده‌كیشیان كردۆته‌وه‌.

له‌ راستیدا سه‌نته‌ره‌كانی خزمه‌تگوزاریی ئۆتۆمبیل و به‌شی چاكردنه‌وه‌ و پارچه‌ی یه‌ده‌كی نوێنه‌رایه‌تی كۆمپانیاكان پێكه‌وه‌ ده‌توانن خزمه‌تێكی باش به‌شۆفێران بكه‌ن و بوارێكی گرنگی كاروباری ئۆتۆمبیل پڕ بكه‌نه‌وه‌، بێگومانیش یه‌كێك له‌ سووده‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م حاڵه‌ته‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌رفه‌ت و بژارده‌ی به‌رده‌م شۆفێران بۆ چاكردنه‌وه‌ و خزمه‌تكردنی ئۆتۆمبیله‌كانیان زیاتر ده‌بێت و كێبڕكێ له‌ نێوان سه‌نته‌ر و به‌شه‌كانی چاكردنه‌وه‌دا دروست ده‌بێت، بێگومان ده‌بێت له‌وه‌شدا لایه‌نی حكومی، چالاكی و چاودێرییه‌كانی خۆی زیاتر و قوڵتر بكاته‌وه‌.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌شێك له‌ سه‌نته‌ره‌كانی خزمه‌تگوزاری و ته‌نانه‌ت به‌شی نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی كۆمپانیاكانیش، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ زۆربه‌ی شاره‌كانی كوردستاندا به‌شێوه‌یه‌كی رووكه‌ش ته‌ماشای كاره‌كه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن و له‌ پسپۆڕ و ورده‌كاریی كاره‌كه‌ی خۆیاندا قوڵ نابنه‌وه‌ و ناتوانن پێداویستی شۆفێران پڕ بكه‌نه‌وه‌.

نازانین به‌دیاریكراوی ئه‌ركی كێیه‌ به‌ڵام گرنگه‌ چاودێری ئه‌و شوێنانه‌ بكرێت، به‌تایبه‌تی له‌ هه‌ندێك له‌ سه‌نته‌ره‌كاندا هه‌وڵ ده‌ده‌رێت فێڵ له‌ شۆفێران بكرێت یان سه‌ریان لێبشێوێنن، ته‌نانه‌ت به‌هه‌ڵه‌یاندا ببه‌ن.

له‌وانه‌یه‌ بریكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كان، یان ته‌نانه‌ت رێگه‌پێدراو و نوێنه‌ره‌كانی فرۆشتنی كۆمپانیا گه‌وره‌كانی دروستكردنی ئۆتۆمبیل كارێكی باش بكه‌ن ئه‌گه‌ر بتوانن هه‌ماهه‌نگی زیاتر له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌نته‌رانه‌دا بكه‌ن، هه‌م بۆ دابینكردنی پێداویستی و پارچه‌ی یه‌ده‌ك و بابه‌ته‌ به‌رده‌وام به‌كارهێنراوه‌كان، هه‌میش بۆ ئه‌وه‌ی خولی تایبه‌ت بۆ وه‌ستا و شاره‌زا و كارمه‌نده‌كانیان بكه‌نه‌وه‌ تا شاره‌زایی و لێوه‌شاوه‌ییان قوڵ بكه‌نه‌وه‌.

ره‌نگه‌ به‌شێك له‌وان، ئه‌و كاره‌ به‌ئه‌ركی سه‌رشانی خۆیان نه‌زانن و بیانه‌وێت شۆفێران هه‌ر سه‌ردانی خۆیان بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی وا ده‌كات كۆمپانیاكان ئه‌و كاره‌ بكه‌ن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت خۆیان به‌خاوه‌نی ته‌واوی ئه‌و ئۆتۆمبیلانه‌ بزانن كه‌ له‌ كوردستان هه‌ن نه‌ك ته‌نها ئه‌وانه‌ی خۆیان هێناویانه‌ یاخود ئه‌وانه‌ی له‌ لای خۆیان كاری سێرڤس و چاكردنه‌وه‌ ده‌كه‌ن، چونكه‌ دواجار له‌سه‌ر ناوبانگی ئۆتۆمبیله‌كانی كۆمپانیایه‌كی دیاریكراو ده‌كه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی گشتی.

 66 جار بینراوە