سەرەکی » دۆسێ » چەند راستییەک لەبارەی دۆخی کازاخستانەوە

چەند راستییەک لەبارەی دۆخی کازاخستانەوە

ئیمی ماکینۆن*

پەیامنێری گۆڤاری فۆرن پۆلیسی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە سێ جاڵی گرنگ هەن کە پێویستە بیانزانین دەربارەی دۆخی ئێستای کازاخستان و دەستوەردانی ئەو هاوپەیمانێتییەی روسیا سەرۆکایەتی دەکات.

یەکەمجارە شتێکی لەو جۆرە رووبدات
بڵاوەپێکردنی هێزەکانی (رێکخراوی پەیماننامەی ئاسایشی بە کۆمەڵ CSTO) بە سەرۆکایەتی روسیا لە کازاخستانی دەوڵەمەند بە نەوتدا، بۆ یەکەمجارە لە دوای دامەزراندنی ئەو رێکخراوە نزیکەی 30 ساڵ لەمەوبەرەوە روودەدات.

بڕیاری بانگهێشتکردنی ئەو رێکخراوە لە لایەن قاسم جومارت تۆکایيفی سەرۆکی کازاخستانەوە دراوە کە بۆتە مایەی سەرسوڕمان و نیگەرانی خەڵکی کازاخستان و چاودێرانی سیاسی و زۆرێکیش لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان.

سەرچاوەی سەرەکی سەرسوڕمانەکان ئەوەیە کە ئەو رێکخراوە دەمێکە پەراوێز کەوتووە و هیچ چالاکی و رۆڵێکی نەماوە، تەنانەت دەوترێت ئەو رێکخراوە بۆتە بەشێک لە رابردوو و بەم بڕیارە دەیانەوێت زیندووی بکەنەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، بەشێک لە وڵاتانی ئەندام لەو رێکخراوە باری ناهەمواریان بەسەردا هاتووە بەڵام هیچ کات رێکخراوەکە و هێزەکانی بە دەنگیانەوە نەچوون.

بۆ نموونە؛ بیلاڕوسیا کە ئەندامی رێکخراوەکەیە، بەڵام داوای دەستوەردانی نەکردووە لە کاتی پشێوی و نائارامییە جەماوەرییەکانی ساڵی 2020دا لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن کە بەشێک لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و خەڵک گومانیان لێی هەبوو و بە ئەنجامێکی ساختەکراویان دەزانی.

هاوکات ئەرمەنستانیش نائومێد بوو لە وەڵامی رێکخراوەکە بۆ داواکردنی یارمەتی لەو کاتەی لە ساڵی رابردوودا تووشی هێرش و پەلاماری ئازەربایجان هات بە پشتیوانی تورکیا و بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی واتە هەرێمی ناکەرنۆکەرەباخ داگیرکرا.

دابڕان لە سیاسەتی دەرەوەی کازاخستاندا
ئەو دەستوەردانە نیگەرانیی دروست کردووە لەوەی رەنگە مۆسکۆ بارودۆخەکە بەکاربهێنێت بۆ بەهێزکردنی پێگە و کاریگەریی خۆی لە کازاخستاندا کە ماوەیەکی زۆرە ئەو وڵاتە لەسەر هێڵی باریک رێگە تەی دەکات و هاوسەنگی رادەگرێت لە نێوان روسیا و خۆرئاوا و چیندا.

لەو بارەیەشەوە، جینیفەر بریک مورتەزاشفیلی، پسپۆڕی کاروباری ناوەڕاستی ئاسیا لە زانکۆی بیترسبێرگ دەڵێت، ئەوەی روودەدات وەرچەرخانە، واتای ئەوەی دابڕان لە سیاسەتی دەرەوەی کازاخستاندا روویداوە.

دەشڵێت، پێشتر ئەو وڵاتە زۆر بە وریایی مامەڵەی دەکرد و هاوسەنگی سیاسی و ئابووری و تەنانەت ستراتیژیی رادەگرت لە نێوان چین و روسیا و ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپادا. لەوەشدا زۆر سەرکەوتوو بوو و بە تەواوەتی سوودی لێوەرگرتبوو.

لە راپۆرتەکەی فۆرین پۆلیسیدا هاتووە، داواکاریی بەپەلە و خێرای سەرۆکی کازاخستان بۆ یارمەتی و بە هاناوەچوونی روسیا و وەڵامی دەستبەجێ و خێرای مۆسکۆش مایەی تێڕامان و شیکردنەوەیە، بێگومان یەکێک لە ماناکانیشی ئەوەیە رووداوێکی گەورە و پێشهاتێکی گرنگ روویداوە.

هەروەک ئاماژەش بەوە دراوە کە ئەوەی روویداوە دابڕان و وەرچەرخانە لە سیاسەتی دەرەوەی کازاخستاندا کە لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا هاوشێوەی نەبووە.

بەپێی بەشێک لە لێکدانەوەکانی مورتەزاشفیلی، پێدەچێت سەرۆکی ئێستای کازاخستان زۆر لە بارودۆخەکە بترسێت بۆیە وا کەوتۆتە ژێر کاریگەریی بڕیارێکی گرنگی لەو جۆرەوە کە هاوسەنگیی هێز لەو ناوچەیەدا رووبەڕووی گۆڕانکاری و پێشهاتی نوێ دەکاتەوە.

مورتەزاشفیلی پێیوایە، ئەوەی روویدا بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە سەرۆکی ئێستای کازاخستان متمانەی بە کەس نەماوە، تەنانەت بە سوپا و هێزە چەکدارەکانیش تا لەو بارودۆخەدا بەرگریی لێبکەن.

دووبارەکردنەوەی ئەزموونی جۆرجیا و سوریا
رەنگە دەستوەردانەکەی روسیا لە ژێر ناوی (رێکخراوی پەیماننامەی ئاسایشی بە کۆمەڵ CSTO) بالۆنی تاقیکردنەوە بێت، بەوەی کە روسیا تا چەند دەتوانێت کاریگەری دروست بکات و ئارامی و سەقامگیری ژێرەوژوور بکات بە تایبەتی لەم کاتەدا کە بەرەی ئۆکرانیاش گرژە و پێناچێت وا زوو ئارامیی تەواوەتی بەخۆیەوە ببینێت.

لەوانەشە پەیامێکی روسیا بێت کە ئەو هێشتا هێزێکی کاریگەرە و توانای هەیە بۆ گۆڕینی رووداوەکانی ناوچەکە بە قازانجی خۆی بەبێ ئەوەی بکەوێتە زەلکاوەکەوە وەک ئەوەی لە وڵاتان و ناوچەکانی تر روویداوە وەک جۆرجیا و مۆڵدۆڤا و سوریا و شوێنەکانی تر.

پەیامنێرەکەی فۆرین پۆلیسی دەلێت، زۆربەری جار هێزەکانی روسیا، ئەگەرچی بە ناوی هێزی فریاگوزاری یان ئاشتیپارێزییەوە بێت، وا بە ئاسانی شوێنەکانیان چۆڵ ناکەن، مەگەر ناچار بکرێن.
لەو بارەیەشەوە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رۆژی هەینی رابردوو رایگەیاندووە، زۆربەی ئەو وانانەی لە مێژووی ئەم دواییەدا فێری بوون ئەوەیە کە روسەکان ئەگەر لە ماڵەکەی تۆشدا بن، هەندێک جار قورسە وایان لێبکەیت بەجێبهێڵن.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە جەنەراڵی روسی، ئەندری سێردیۆکۆڤ فەرماندەی هێزەکانی رێکخراوی (رێکخراوی پەیماننامەی ئاسایشی بە کۆمەڵ CSTO) لە کازاخستان هەمان ئەو کەسەیە کە فەرماندەی هێزەکانی روسیا بوو لە کاتی پرۆسە سەربازییەکانی لکاندنی کریمیا و دەستوەردانی سەربازیی روسیا لە سوریا.

هاوکات، ولیام کۆرتنی، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە کازاخستان وتی، ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ئەوەیە کە سەربازانی روسیا لە ناوچەکانی باکووری کازاخستاندا کۆبوونەتەوە کە زۆربەی دانیشتوانەکەی بە رەچەڵەک روسین، ئەوەش پرسیارە! ئایا ئەمە ئامادەکاری نییە بۆ دووبارەکردنەوەی پرۆسەی لکاندنی کریمیا بە روسیاوە نییە!؟

*پەیامنێری فۆرن پۆلیسی بۆ کاروباری هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی

 62 جار بینراوە